سویسرا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-30-02:17:00 - کۆدی بابەت: 6435
سویسرا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی سویسرا

وڵاتی سویسرا کە ناسراویشە کە کۆنفیدراسیۆنی سوێس (بە ئینگلیزی: Switzerland، بە عەرەبی: سويسرا) وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی ئەورووپایە لە بەشی ڕۆژئاواوە، وڵاتێکی کۆماری فیدراڵییە و لە ٢٦ کانتۆن پێکهاتووە، کە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانی وڵات لە شاری (بێرن) دان.

وڵاتی سویسرا لە باکوورەوە لەگەڵ ئەڵمانیا سنووری هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هەردوو وڵاتی نەمسا و لیخنشتاین، لە باشوورەوە لەگەڵ ئیتاڵیادا هاوسنوورە و وڵاتی فەڕەنساش دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە، بەیەکێک لە دەوڵەمەندترین و جوانترین وڵاتانی جیھان دادەنرێت، ئەم وڵاتە بۆ ماوەیەکی زۆر بە باشترین وڵات بۆ نیشتەجێ بوون لە جیھاندا دادەنرا.

لەڕووی جوگرافیاوە ئەم وڵاتە بەسەر سێ ناوچەی سەرەکیدا دابەشکراوە لەژێر ناوی ناوچەی جیورا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەوە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسادا، پلێتەکانی سوێس کە دەکەونە ناوەڕاستەوە و قەرەباڵغترین ناوچەیە لە وڵاتی سوویسرادا و زۆربەی یەکە گرنگ و ئیدارییەکانی تێدایە، ناوچەی ئەڵپ کە ئەمیش دەکەوێتە خوار پلێتەکانی سوێس و گرنگترین و بەرزترین زنجیرە چیای تێدایە کە کە زنجیرە چیاکانی ئەڵپە و زۆربەی لوتکە بەرزەکانی ئەورووپا لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتوون.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات سویسرا
پایتەخت بێرن
گەورەترین شار زیورخ
زمانە فەرمییەکان
  • ئەڵمانی
  • فەڕەنسی
  • ئیتاڵی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • سویسری  ٪٧٤
  • خەڵکی وڵاتانی تر ٪٢٦

ئایین

  • مەسیحی ٪٦٥
  •  مەسیحی کاسۆلیکی ڕۆمانی ٪٣٥
  • مەسیحی سویسری ٪٢٤
  • مەسیحی تر ٪٦ 
  • بێ ئایین ٪٢٦
  • مسوڵمان ٪٥.٣
  • ئایینەکانی تر ٪١.٦ 
  • نەزانراو ٪١.٣
ڕۆژی سەربەخۆیی ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ١٦٤٨
ڕووبەر ٤١ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠١٩) ٨.٥٧٠ میلیۆن کەس
چڕی دانیشتووان ٢٠٧ لە کیلۆمەتر دووجادا
داهاتی ساڵانە ٧٤٩ میلیار
داهاتی ساڵانەی تاک ٨٦,٦٧٣ دۆلار (دووەم زۆرترین داهاتی تاک لە جیهاندا).
دراو فرانکی سویسری
کات UTC +1 
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست 
کۆدی نێودەوڵەتی +٤١

جوگرافیا

وڵاتی سویسرا دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەوروپاوە، وڵاتانی دراوسێی هەریەکە لە ئەڵمانیا و نەمسا و لیخنشتاین و ئیتاڵیا و فەڕەنسایە، ڕووبەری وڵات ٤١ هەزار و ٢٨٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەپێی داتای خەمڵێندراوی ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٨ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بووە، تێکڕای ڕێژەی چڕی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٢١٥ کەس بووە بۆ یەک کیلۆمەتری چوارگۆشە، بەپێی گەورەترین کانتۆنی کە گراوبوندنە، دەکەوێتە ناوچەی ئەڵپی وڵاتەکەوە و کەمترین چڕی دانیشتووانی هەیە بەهۆی سەختی خاکەکەیەوە کە ٢٨ کەسە لە کیلۆمەتر دووجادا، لە کانتۆنی زیورخ کە شاری زیورخیشی تیا هەڵکەوتووە بەرزترین چڕی دانیشتووان بوونی هەیە کە ژمارەکەی دەگاتە ٩٢٦ کەس لە یەک کیلۆمەتردا.

ناوچەی چیاکانی جیورا دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوا و پلێتەکانی سوێس لە ناوەڕاست، هەرچی ناوچەی ئەڵپە دەکەوێتە باشووری وڵات و زنجیرە چیاکانی زۆربەی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا وەک ئیتاڵیا و فەڕەنسا، چیاکانی ئەڵپ گەورەترین زنجیرە چیایە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتدا کە بەمەش نزیکەی لە ٪٦٠ـی ڕووبەری خاکی وڵاتەکە پێکدێنێت، بەڵام بۆ ڕێژەی دانیشتووان زۆربەی دانیشتووانی لە ناوچەی پلێتەکانی سوێس نیشتەجێن کە ناوچەی کارگێڕی گرنگ و شاری شارستانییەتی تیا هەڵکەوتووە، لە دۆڵە گەورەکانی پلێتەکانی سوێسدا چەندین شەختە و ناوچەی سەهۆڵبەندانی لێیە کە ڕووبەری زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە.

وڵاتەکە بە تێکڕا ١٥٠٠ دەریای هەیە و نزیکەی ٪٦ ئاوی پاکی ئەوروپا لەم وڵاتەدایە، بانی سویسرا درێژ دەبێتەوە لەنێوان چیاکای ئەڵپ و چیاکانی جیۆرادا، ھەروەھا بەرزایی بانەکە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕدرێت، و سروشتی شاخێتی وای کردووە کە ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بێت بە کۆمەڵێک دارستانی بەنرخی گەشتیاری، چیاکان دەورەدراون بە گەلێک ناوچەی بەفری و سەهۆڵبەندان، ئەم ناوچانە بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشتوگوزاری.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی سویسرا لە جیاوازە و بەپێی کات دەگۆڕێت لە گەرمییەکی زۆرەوە بۆ بەفری چڕ و سەهۆڵبەندان و شەختە، ئەویش بەپێی ناوچەکان دەگۆڕدرێت کە بەشی چیاکانی سەهۆڵبەندان و ساردە و بەشی خوارەوەی وڵاتەکە پەیوەستە بە ئاووهەوای دەریای سپی ناوەڕاستەوە و کەشەکەی گەرمترە، بەڵام دۆڵ و نزماییەکانی ئەو ناوچەیە کە خۆر لێیاننادات زۆربەی کاتەکان بەفری تێدایە و ناوچەیەکی ساردترن.

بەگشتی کەشوهەوا لە زستاناندا ساردە کە سەھۆڵ زۆربەی زەوییەکەی دادەپۆشێت و دەبێت بە شەختە کە سویسرییەکان بەکاریدەھێنن وەکو کەسرەستەیەکی گەشتیاریی و خلیسکانی سەر سەهۆڵ دەکرێت لەو ناوچانەدا، بای وڵات بەناوبانگە بەهۆی چیاکانەوە و لە چیاکانی فێهنەوە ھەڵدەکات بۆ دۆڵەکان، بۆیە کاردەکاتە سەر کەش و ھەوای ناوچە نزمەکان، و باران بارینی بەخوڕ، هەروەها سویسرا ھاوینێکی زۆر گەرمی ھەیە.


سەرچاوەکان



3494 بینین