هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-04-15:42:00 - کۆدی بابەت: 6499
هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە چییە؟

بریتییە لە هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە کە بەشێکی ڕیخۆڵەئەستوورەیە لە کۆئەندامی هەرسدا کە دەکەوێتە بەشی خوارەوەی لای ڕاستی لەش، ئەم هەوکردنە حاڵەتێکی پزیشکیی لەناکاوە کە زۆرینەی زۆری حاڵەتەکان دەستبەجێ پێویستی بە نەشتەرگەری لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە هەیە و خۆشبەختانە مرۆڤ بەبێ بوونی ڕیخۆڵەکوێرەش دەتوانێ بژی.

هۆکارەکان

داخستنی ڕیخۆڵەکوێرە دەبێتە هۆی هەوکردنەکە و ڕەنگە داخستنەکە بەهۆکاری پاشماوە یاخود تەنی بێگانەوە بێت لەو شوێنەی لەشدا یان هەندێجاریش بەهۆی شێرپەنجەوە ڕوودەدات، قەپاتبوونی ئەو بەشەی لەش لەوانەیە لە میکرۆبەهەوکردنەوە سەرچاوەی گرتبێت وەک کاردانەوەیەک بۆ هەر میکرۆبێک کە هاتبێتە ناوچەی ڕیخۆڵەکوێرەوە.

نیشانەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە

- ئازار لە بەشی خوارەوەی لای ڕاستی سک یان نزیکی ناوک بەرەو خوارەوەی سک ئەمەش زۆرجار یەکەمین نیشانەیە.
- نەمانی ئارەزووی خواردن.
- دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
- ئاوسانی سک.
- تا.
- بێتوانایی لە دەرکردنی بای ناوسک.
- قەبزی.
- هەندێجار هەستکردن بە ئازار لە کاتی میزکردندا.

ئەگەر هەر یەکێک لەم نیشانانە لە کەسێکدا بوونی هەبوو ئەوا باشتر وایە خۆی لە خواردن و خواردنەوە بپارێزێت و بەزووترین کات بەمەبەستی چارەسەر بچێتە نەخۆشخانە و دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و کەرەستەی گەرم بۆ نەهێشتنی ئازارەکە، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە پێدەچێت لەگەڵ کێشەکانی توورەکەی زراو و میزڵدان و میکرۆبەهەوکردنی میزەڕۆ و هەوکردنی گەدەدا تێکەڵ ببێت و لە کاتی دیاریکردنی حاڵەتەکە گرفت دروست بکات.

چارەسەر

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا چارەسەری پێوانەیی حاڵەتەکە بریتییە لە دەستبەجێ ئەنجامدانی نەشتەرگەری لابردنی ڕیخۆڵەکوێرە بۆ زۆرینەی هەرە زۆری حاڵەتەکان، هەندێک لە لێکۆڵەرەوەکانیش ئاماژەیان بە بەکارهێنانی دژەبەکتریا کردووە وەک چارەسەرێک بۆی.

لێکەوتەکانی هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێرە

لە حاڵەتی چارەنەکردنی هەوکردنەکە لەوانەیە ڕیخۆڵەکوێرەکە بتەقێت و ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی میکرۆب بۆ ناو ئەندامەکانی ناوسک وەک جگەر و گەدە و ڕیخۆڵەکان و لە ئەنجامدا ببێتە هۆی هەوکردنی پەردەی دەوری ئەو ئەندامانە.


سەرچاوەکان



1132 بینین