نەمانی ئارەزووی خواردن

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-13-19:36:00 - کۆدی بابەت: 6570
نەمانی ئارەزووی خواردن

ناوه‌ڕۆك

نەمانی ئارەزووی خواردن چییە؟

تێکچوونی ئارەزووی خواردنە کە هەندێکجار مەترسییە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە و بەوە دەناسرێتەوە کە نەخۆشەکە خۆی برسی دەکات و لە ڕادەبەدەر لەدەستدانی کێشی لەشی هەیە، ئەم تێکچوونە کاتێک دیاری دەکرێت کە کەسەکە کێشی لەشی بەلایەنی کەمەوە ٪١٥ـی لە کێشی پێوانەیی خۆی کەمترە و ئەم کەمکردنەی کێشیش سەردەکێشێ بۆ کێشەی گەورەی تەندروستی و تەنانەت مردنیش.

کێن ئەوانەی تووشی نەمانی ئارەزووی خواردن دەبن؟

تێکچوونی خواردنی ژەمەکان لە ئافرەتاندا باوترە وەک لە پیاوان و لە پیاوانیشدا ڕوو لە زیادبوونە، مەترسی تێکچوونی ئارەزووی خواردن لە ئەکتەرەکان و مۆدێلەکان و سەماکەرەکان و وەرزشواناندا زیاترە وەک لە کەسانی دیکە چونکە دەرکەوتن و کێش لە لای ئەوان زۆر گرنگە و کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە نیگەران و خەمۆکن و زیاتر لە کاتی پێگەیشتندا تووشدەبن و لەوانەیە لە هەر کاتێکدا لە تەمەنیان تووشببن.

هۆکارەکان

هۆکاری تەواوی حاڵەتەکە تا ئێستا نەزانراوە بەڵام شارەزایان دەیبەستنەوە بە یەکگرتنی چەند هۆکارێک لەوانە هۆکاری کەسێتی و ئەندێشەیی و بیرکردنەوە و کێشەی بایۆلۆجی و ژینگەیی و هتد، کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە ئیشتیها و خواردنی خۆراک وەک هۆکارێک بەکاردێنن بۆ جڵەوگرتنی خۆیان لەکاتێکدا کە فشارێکی دەروونیان لەسەرە و لەوانەیە هەستکردن بە شڵەژاوی و توڕەیی و تەنیایی پەرە بە نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی کەم ئیشتیها لەوانەیە کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبێت و تووشی گاڵتەپێکردن هاتبن لە لایەن دەوروبەرەکەیانەوە لەسەر قەبارە و کێشی لەشیان و ئەو ژینگانەی خوازیاری لەش و لاری لاوازن (مۆدێلەکان و پێشەنگای جل و بەرگ) لەوانەیە یەکێک بێت لە هۆکارەکان و هۆکاری جەستەییش هەیە کە پزیشکان دەیگێڕنەوە بۆ هۆرمۆنەکان کە ئەوان کۆنتڕۆڵی ئارەزووی خواردن و میزاج و بیرکردنەوەکان دەکەن.

نیشانەکانی نەمانی ئارەزووی خواردن

- کەمبوونەوەی کێشی لەش بەشێوەیەکی کتوپر لەماوەی چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و کالۆری و ماددەی پێویستی خۆراکی.
- ترسێکی زۆر لەزیادبوونی کێش.
- دەرکەوتنی خوی نامۆ لە خواردندا بۆ نموونە خواردن بە نهێنی و دوور لە چاوی کەسانی دەورووبەری.
- هەستکردن بە قەڵەوی هەرچەندە لاواز و کەمکێشیش بێت.
- قبوڵنەکردنی کێشی ئاسایی خۆی بەهەرجۆرێک بێت.
- خەمۆکی و شڵەژاوی و ورووژان.
- تێکچوونی سوڕی مانگانە لە ئافرەتاندا.
- ناساغی بەردەوام.
- پۆشینی جل و بەرگی پان و فراوان بۆ شاردنەوەی لاوازی و کەمی کێشەکە.
- هەستکردن بە بێهێزی و بێهیوایی.
- نیشانەی جەستەیی کە بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت لەوانە: بەرگەگرتنی کەم لە کاتی کەش و هەوای سارددا و گۆڕانی ڕەنگی قژ و نینۆک و وشکبوونەوەی پێست یان زەرد هەڵگەڕانی یاخود کەمخوێنی و قەبزی و هەوکردنی جومگەکان و دەرکەوتنی موو لەسەر تەواوی لەش.

لێکەوتەکان

- تێکچوونی ئەندامەکانی لەش بەتایبەتی دڵ و مێشک و گورچیلەکان.
- دابەزینی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و هەناسەدان.
- هەڵوەرینی قژ.
- لاوازبوونی ئێسکەکان.
- ناهاوسەنگی شلە و ماددە پێویستەکانی لەش.
- مردن لەڕێگەی برسێتییەوە یاخود خۆکوشتن.

چارەسەر

- چارەسەری دەروونی.
- دەرمان بۆ ئەو کۆنیشانانەی کە ئاماژەی پێدرا.
- لە حاڵەتی مەترسیداردا خەواندنی نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە بۆ چاودێری چڕ و چارەسەری پێویست.


سەرچاوەکان



2342 بینین