پشیلە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-15-19:11:00 - کۆدی بابەت: 6589
پشیلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشیلە (بە عەرەبی: القط، بە ئینگلیزی: cat)، لە شیردەرەکانن کە جۆری زۆریان هەیە جیاوازن لە ڕووی شێوە و ڕەنگ و قەبارەوە، بە گشتی قەبارەیان بچووکە، هەتا ئێستە نزیکەی ٦٠ جۆری دەستنیشانکراوە، ئاژەڵێکی ماڵییە کە خەڵکێکی زۆر بەخێوی دەکەن، بەرزترین ژمارەی تەمەنیان دەگاتە نزیکەی ٣٥ ساڵ، بەڵام بە گشتی نزیکەی ١٥ ساڵ دەژین، ئەو پشیلانەی پەروەردە دەکرێن و لەماڵدا دەژین تەمەنیان درێژترە بەبەراورد بە ئەوانەی لە کۆڵانەکاندا هەن، پشیلەکان لە زیاتر لە ٧٠٠٠ ساڵ پێش ئێستەوە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ژیاون، لە زۆربەی شارستانییەتەکاندا ئاژەڵێکی پیرۆز بووە، کە دەیان بتیان بۆ دروست کردووە، بە تایبەتی لە شارستانییەتی میسڕییەکان لە سەردەمی فیرعەونەکاندا، هەر کەسێک ئازاری پشیلەکانی بدایە سزای قورسی وەردەگرت هەندیک جار دەگەشتە لە سێدارەدان، لە ئێستادا لە چین بەتامترین گۆشت هی پشیلەیە کە لە خوانەکاندا پێشکەش دەکرێت، دوورگەی ئۆشیماش بە گەورەترین شوێن دەناسرێت کە زۆرترین پشیلەی تێدا دەژی.

پێکهاتەی جەستەی

پشیلەکان خاوەن جەستەیەکی جیڕ و نوشتۆکن، یارمەتی دەدات بازبدات لە بەرزاییە زۆرەکانەوە کە چەند هێندەی خۆی دەبێت بە بێ ئەوەی زیانی پێبگات، ٣٢ ماسولکەی هەیە لە گوێیەکانیدا کە یارمەتی جڵەوکردنی دەدات بە تەواوەتی، واتە دەتوانێت ١٨٠ پلە گوێیەکانی بسوڕێنێت، بەڵام هەستی تامکردنی شیرینی نییە، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ جۆر دەنگی جیاوازی هەیە، و لە شەودا توانای بینینی شەش هێندەی مرۆڤە، ٣٠ ددانیشی هەیە کە وەک مرۆڤەکان ددانە شیرییەکانی دەگۆڕێت بە ددانی هەمیشەیی، و زمانیشیان زبرە.      

ڕەوشتەکانی

پشیلەکان خۆیان پاکدەکەنەوە، لە ڕێگەی لێسانەوەی فەرووەکانیانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، بە هۆیەوە ڤیتامین C وەردەگرن، بۆ نێچیر گرتن چڕنووکە تیژەکەی بەکار دەهێنێت، هەروەها ماوەیەکی زۆر دەخەون، کە لە ڕۆژێکدا دەگاتە نزیکەی ١٦ کاتژمێر، تایبەتمەندییەکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ مرۆڤەکان کە خەون بینینە، هاوشێوەی مرۆڤەکانە کاتێک دەچنە قۆناغی خەوێکی قووڵەوە خەون دەبینن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مێشکیان لە کاتی نووستندا شوێن هەمان ڕێچکەی شەپۆلەکان دەکەوێت وەک مێشكی مرۆڤ، لە نوێترین توێژینەوەکاندا دەکەوتووە کە مێشکی پشیلە بە ڕێژەی ٪٩٠ هاوشێوەی مێشکی مرۆڤەکانە، و پشیلەکان سڵاو دەکەن لە ڕێگەی لێکخشاندنی لووتیان لە یەکتری، بەڵام زۆر جیاواز لە مرۆڤەکان لە ناو لەپیانەوە ئارەق دەکەنەوە، هاوشێوەی ڕێوییەکان پشیلەکانیش بە فێڵباز ناودارن، هەروەها لە بۆنی مزرەمەنییەکانی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ دوور دەکەونەوە، قەبارەی پشیلە نێرینەکانیش گەورەترە لە مێینەکان.       

پەیوەندیکردن

بۆ پەیوەندیکردن پشیلەکان ژمارەیەکی زۆر دەنگی جیاواز دەردەکەن، بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ پشیلەی دیکە یان ئاژەڵ و مرۆڤەکان، بەڵام بە دیاریکراوی بۆ پەیوەندیکردن بە مرۆڤەکانەوە میاوکردن بەکاردەهێنن، دەکرێت مانای برسێتی بێت یاخود داوای گرنگی پێدان بکات، هەر پشیلەیەک دەنگی میاوکردنی تایبەت بە خۆی هەیە کە جیاوازە لە دەنگی ئەوانی دیکە.  

یەکگرتن و زۆربوون

پشیلەی مێینە سوڕی مانگانەی نییە، بەڵام سوڕی هێلکەدانانی هەیە، لەم کاتەدا ئامادەیە بۆ یەکگرتن، هێلکەکە لە ناو جەستەی پشیلەکە دەمێنێتەوە تا کاتی یەکگرتن و بەدوایدا سکپڕبوون، کاتێک مێینەکە دەیەوێت یەکگرتن ئەنجام بدات، ئەوە واتە لە قۆناغی هەوەسبازیدایە یاخود بە کەڵبوون، کە هێلکەکە و پشیلەکەش ئامادەن بۆ یەکگرتنەکە، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هێلکە بەرهەم دێت، و ژمارەیک گۆڕانکاری بەسەر ئاکار و جەستەی مێینەکەدا دێت، بە گشتی ئەم قۆناغە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا دەبێت، ماوەی سکپڕییەکەشی ٦١-٦٥ ڕۆژ دەخایەنێت، لە کۆتایی ماوەکەدا مێینەکە بە شوێن جێگەیەکی هێمندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بێچووەکانی ببێت، بە دوایدا بە نزیکەیی ٢-٥ بێچووی دەبێت، هەندێک جاریش بە دەگمەن ٦-٧ بێچووی دەبێت.  

ئەو خۆراکانەی کە باشترە پشیلەکان نەیخۆن

  • پیاز و سیر: دەبێتە هۆی کەمخوێنی.
  • هێلکە و گۆشتی کاڵ و ئێسک: دەکرێت توشی ژەهراویبوون ببێ بە هۆی بەکتریاوە.
  • شیر و شیرەمەنییەکان: لەگەڵ ئەوەی پشیلەکان حەزیان لە خواردنەوەی شیرە بەڵام لاکتۆزی تێدایە کە ناتوانن هەرسی بکەن، بە دوایدا تووشی گرفتی دەکات.
  • ئەو خواردن و خواردنەوانەی کافاینی تێدایە: توشی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی جیاوازی دەکات.

بەناوبانگترین جۆرەکانی پشیلە

  • پشیلەی بەریتانی قژ کورت: کۆنترین نەوەی پشیلە بەریتانییەکانە، تایبەتمەندە بە شێوە سەرنجڕاکێشەکەی کە ڕووخسارێکی هێمنی ناسکی خڕی هەیە، چەند ڕەنگێکی جیاوازی هەیە و ئەگەر گرنگی تایبەتی پێبدرێت تەمەنی دەگاتە ١٢-١٦ ساڵ.
  • پشیلەی حەبەشی: پشیلەیەکی چالاک و وزە زۆرە و حەزێکی زۆری بۆ ئاو هەیە، سەرەڕای ئەوەی ناوەکەی ئاماژەیە بۆ ناوچەی حەبەشەی ئەسیوبیا، بەڵام بە پێچەوانەوە لە وڵاتی میسڕ بڵاوبووەتەوە، پشیلەیەکی قەبارە ناوەندە و شێوەیەکی ڕێک و جوانی هەیە، جەستەیەکی بەهێزی هەیە کە لەسەر پەلە درێژەکانی ڕاگیربووە.
  • پشیلەی فیرعەونی: ئەم پشیلە گۆشتخۆرە شیردەرە لە تیرەی پشیلە گەورەکانە، ژمارەیەکی زۆر نەوەی جیاوازی هەیە و بە گوێرەی جۆرەکانی نشینگەکەی دەگۆڕێت، هەندێکی پشیلەی ماڵییە و هەندێکی دیکەی دڕندەیە و لە ڕێگاوبانەکاندا دەژی، هەستی بۆنکردنی پەرەسەندوو و ددان و چنگی تیژی هەیە کە بەهۆیانەوە نێچیرەکەی ڕاودەکات.
  • پشیلەی سیامی: لە بنەڕەتدا ئەم پشیلە لە تایلەند هەبووە، ئەم جۆرە زۆر هەستیارە و توندوتیژە و مرۆڤ ناتوانێت پێشبینی کاردانەوەکانی بکات، هەروەها مێینەکەی ژمارەیەکی زۆر بێچووی دەبێت جیاواز لە مێینەی جۆرەکانی دیکەی پشیلەکان.
  • پشیلەی بیرمان: هەروەها ناودەبرێت بە پشیلەی پیرۆز یاخود پشیلەی بورما، فەرووەکەی لە ڕەنگەکانی سپی و قاوەیی پێکهاتووە و چاوەکانیشی شینە، لەبەر ئەم جوانییەی بە گشتی ماڵی دەکرێت، هەروەها جۆرێکە لە پشیلە زیرەکەکان.
  • پشیلەی ڕاگدۆل: ئەم پشیلەیە قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە کێشی دەگاتە نزیکەی ٨ کگم و ناسکە بۆیە ئەوانەی ئاژەڵی ماڵی بەخێودەکەن خواستیان بۆ ئەم جۆرە پشیلەیە زۆرە.
  • پشیلەی سکۆتلەندی: پشیلەیەکی زیرەکە و بە خێرایی توانای گونجاندنی هەیە لەگەڵ کەشوهەوای ماڵەوە، هەروەها بە پێچەوانەی زۆرینەی جۆری پشیلەکانەوە ئەم جۆرە هاوڕێیەتی سەگەکان دەکات.
  • پشیلەی بنگالی: ئەم پشیلەیە لە ئەنجامی پەڕاندنی پڵنگی ئاسیایی دڕندە لەگەڵ پشیلەی ماڵی وەک فیرعەونی یاخود حەبەشی دروستبووە.
  • پشیلەی فارسی: یاخود پشیلەی شیرازی، کە یەکەمجار ئەم جۆرەی پشیلەکان لە ئێران دۆزراوەتەوە، ڕووخساری قەڵەوە و فەروویەکی درێژی هەیە لەگەڵ دوو چاوی گەورە.
  • پشیلەی شاژنی ماین: جۆرێکی ماڵییە و قەبارەی گەورەیە و فەرووەکەی درێژە، بەڵام خاڵی جیاکەرەوەی لەگەڵ پشیلەکانی دیکە ئەوەیە کە کلکی ئەم جۆرە هاوشێوەی ڕاکۆنەکانە.


سەرچاوەکان



7467 بینین