بەرخ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-27-15:13:00 - کۆدی بابەت: 6735
بەرخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەرخ (بە عەرەبی: خروف، بە ئینگلیزی: lamb)، لە زمانی کوردیدا بە بێچووی مەڕەکان دەوترێت بەرخ، کە دوای ٥ مانگ لە سکپڕی لەدایکدەبن، دایکەکە بێچووەکەی پاکدەکاتەوە بە زمان پیاهێنانی هەتا وشکی دەکاتەوە، پاش چەند خولەکێکی زۆر کەم لە وشکبوونەوەیان هەڵدەستنەوە سەر پەلەکانیان و بە دەوری دایکیاندا دەسوڕێنەوە، وە دواتر دایکەکە بێچووەکەی لەنزیک خۆی دەهێڵێتەوە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی، ئەگەر جێگەی دایک و بێچووەکە جیا بکرێتەوە لە کۆمەڵەکە ئەوا پەیوەندی بەستنەکەیان خێراتر دەبێت، لە ڕووی بازرگانییەوە گۆشتی بەرخەکان خواستی زۆرتری لەسەرە بە بەراورد بە گۆشتی بێچووی کاوێژکەرەکانی دیکە، چونکە گۆشتێکی تازە و بەتامی هەیە، و لە ئەنجامدا نرخێکی بەرزی هەیە.

خۆراک

بەرخەکان شیری دایکەکانیان دەخۆن، ئەم شیرەی ڕۆژەکانی سەرەتای لەدایکبوونی بێچووەکە دایکەکە بەرهەمی دەهێنێت پێی دەوترێت ژەک، ئەم زێچە پێویستییە خۆراکییە گرنگ و سەرەتاییەکانی تێدایە، لە ڤیتامین و کانزاکان، کە گرنگن بۆ گەشەکردنی خێرا و پاراستنی تەندروستی بەرخەکە و دوورخستنەوەی لە نەخۆشییەکان ، ماوەی شیر پێدانی بەرخ ٤-٦ مانگ دەخایەنێت، دواتر لێێ دەبڕێتەوە، چونکە بەرخەکە گەشتوەتە تەمەنێک کە خۆی خۆراک بخوات، خۆراکەکەشی بریتییە لە ڕووەک و سەوزە و گژ و گیا یان ئەگەر لەماڵەوە بێت جۆی پێدەدرێت لە ئەگەری نەبوونی رووەک.

ژماردنی تەمەنی بەرخەکان

بە گوێرەی جۆرەکان تەمەنی پێگەیشتنیان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی دوای ساڵ و نیوێک لە لەدایکبوونیان دەگەنە تەمەنی پێگەیشتن، لە کوردەواریدا بێچووی مەڕ بەم شێوەیە هەژماردن بۆ تەمەنیان دەکرێت، لە کاتی لەدایکبوونیەوە هەتا تەمەنی دەبێت بە ٦ مانگ پێی دەوترێت بەرخ، دوای ئەوە هەتا تەمەنی دەبێت بە ساڵێک پێی دەوترێت کاوڕ، دواتر لە یەک ساڵییەوە هەتا ساڵی دواتر، واتە هەتا تەمەنی دەبێت بە دوو ساڵ پێی دەوترێت شەک، پاشان دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن، ئەگەر شەکەکە مێینە بوو بێچووی دەبێت و دەبێت بە مەڕ، بەڵام ئەگەر نێرینە بوو پێی دەوترێت کاوڕ.


سەرچاوەکان



2881 بینین