چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ نەخۆش لە کاتی سەرەمەرگدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-28-00:58:00 - کۆدی بابەت: 6739
چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ نەخۆش لە کاتی سەرەمەرگدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئازارکێشانی نەخۆش لە کاتی سەرەمەرگدا زۆر قورسە بۆ کەسانی نزیک و دەوروبەری، لەوانەیە زۆر جار بەسەرت هاتبێت لای نەخۆشێک بیت کە لە سەرەمەرگدایە و نازانیت کە لەو کاتەدا دەبێت چی بۆ بکەیت، ئەگەر کۆتاییەکانی نەخۆشەکە بزانیت دەبیت چی بۆ بکەیت و لە لای بیت و قسەی بۆ بکەیت زۆر باشترە لەوەی کە بەردەوام بگریت بەسەریدا کە ئەویش زیاتر خەمبار دەکات، بۆیە گرنگە کە لە کۆتایی تەمەنیدا بە دڵی ئەو بکەیت.

ئەو کارانەی دەبێت بۆ نەخۆشێکی بکەیت کە لە سەرەمەرگدایە

گرنگیدان بە داواکارییەکانی نەخۆشەکە

کاتێک کەسێک لە سەرەمەرگدایە هەوڵبدە خواستەکانی بۆ بهێنەدی، بۆ نموونە پرسیاری لێ بکە کە ئایا حەز دەکات لەگەڵ چ کەسێکدا قسە بکات دواجار یاخود دەیەوێت دەربارەی چ بابەتێک قسە بکات، حەزی لە چ بابەتێکی تایبەتە، قورئان، فیلم، گۆرانی.
هەوڵبدە بزانیت حەزی لە چ شتێکە و تاکوو بتوانیت خواستەکانی بۆ دواجار بەدی بهێنت.

قسەکردن دەربارەی گەیشتن بە مەرگ

زۆر جار خێزان مردنی کەسەکە و کۆتایی هاتنی ژیانی لەو دەشارنەوە بۆ ئەوەی نەترسێت، دەکرێت ئەمە لە حاڵێکدا باش بێت بەڵام زۆر جار ڕاستییەکان بە نەخۆش بوترێت باشترە تاکوو کۆتایی تەمەنی پەیوەندییەکی باشتری هەبێت لەگەڵ کەسە نزیکەکانیدا.

وەڵامدانەوەیەکی باش بۆ قسەکانی نەخۆشەکە

زۆر جار نەخۆش کە دەزانێت لە مەرگەوە نزیکە وەسێت دەکات و یاخود قسەی دڵی دەکات، بەڵام لەبری ئەوەی کە بەردەوام بگریت و هاوار بکەیە واباشترە کە بە باشی گوێی بۆ بگریت و وەڵامدانەوەیەکی باشت هەبێت بۆ دوا قسەکانی.
گرنگە کە دڵی بدەیتەوە زۆر جار نەخۆش نائومێد دەبێت و پرسیار دەکات کە بۆچی ئەمە تەنها بۆ ئەو ڕوویداوە و بۆ دەبێت بە نەخۆشییەوە بمرێت، گرنگە لەو کاتەدا بە جوانی گوێی بۆ بگریت و وەڵامێکی باشت بۆی هەبێت کە بزانێت کە ئەو یەکەم کەس نییە ئەمەی بەسەردا هاتبێت.

لێخۆشبوونی نەخۆش لەسەر ڕووداوە کۆنەکان

نەخۆش کاتێک لە سەرەمەرگدایە هەڵەکانی ڕابردووی خۆی بیر دێتەوە و زۆر خەمی لێ دەخوات و بەردەوام پێی خۆشە کە ئەو کەسانی گەردنی ئازادبکەن و لێی خۆش ببن، گرنگە لەوکاتەدا ئەو کەسانەی بۆ بهێنیت و یاخود ئەگەر خۆت بوویت دڵنیایی بکەیتەوە کە لێی خۆشبوویت تاکوو بێخەم بێت و ببێتە هۆی ئارامی بۆی.

پێدانی هەستی بەنرخی بە نەخۆشەکە

نەخۆش لەو کاتەدا هەست بە بێ توانایی و کەمی خۆی دەکات کە لەوێدا کەوتووە و هیچ کارێکی لە دەست نایەت، بەڵام تۆ پێوستە ئەوەی بیر بخەیتەوە کە چ کەسایەتییەکی هەبووە و چ کار و خزمەتێکی کردووە و چەند جێگای ڕێز بووە.

بەردەوام دەبێت ڕستەی خۆشم دەوێیت دووبارە بکەیتەوە

هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ دەربڕینی هەست و خۆشەویستی، گرنگە نەخۆشەکە هەست بەوە بکات کە چەند خۆشت دەوێت و زوو زوو ئەو ڕستەیە دووبارە بکەرەوە تاکوو بە دڵێکی ئاسوودەوە لەم دونیادا بڕوات.

دەست لێدان و لاواندنەوەی نەخۆش

مەرج نییە تەنها قسە بۆ نەخۆشەک بکەیت زۆر جار دەست هێنان پێیدا و باوەش پێدا کردنی و لاواندنەوەی زۆر گرنگە و هەستێکی تایبەتی پێ دەدات و ئارامی دەکاتەوە.

بیرهێنانەوەی یادگاری کۆن و خۆش

کاتە خۆشەکان هەرگیز لەبیر ناکرێن، کاتێک لەگەڵ نەخۆشەکەدایت ڕۆژە خۆشەکان و یادگارییە تایبەتەکانی بیر بخەرەوە و لەگەڵیدا باسی بکە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێکەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەوکاتە و پێبکەنن و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.


سەرچاوەکان



1059 بینین