پاکتاوی نەژادی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-01-15:10:00 - کۆدی بابەت: 6764
پاکتاوی نەژادی

ناوه‌ڕۆك

پاکتاوکردن

پاکسازی یان پاکتاوی نەژادی یان التطهير العرقي (بە ئینگلیزی: Ethnic cleansing)، ئاوارەکردن و ڕاوەدوونانی نەژادێکە لەلایەن نەژادێکی بەهێزتری دیکەوە بە مەبەستی سڕینەوەی لە ناوچەی سەرەکی خۆی، ئەمەش زیاتر لەو ناوچانە ڕوودەدات کە فرەنەژادن و کەسانی جیاوازی تێدا دەژین، پاکتاوکردنەکەش دەکرێت بە گواستنەوەیان بێت لە نشینگەی ماکی خۆیان، یان تێکەڵ بە کۆکوژی و جینۆساید و دەستدرێژی بەکۆمەڵ.

ئەم کارە بە هەوڵێکی زۆر دەکرێت بۆ سڕینەوەی بوون و کولتوور و مێژوو و کەسایەتییە گەورەکانی نەژادێک و شێواندنی هزری ئەوانەی دیکە کە ماون، بۆ ئەمەش سوود لە هەموو جۆرە سوکایەتی و هێرشێک دەبینرێت وەک ڕووخاندنی ماڵ و بنکە و پێگە کۆمەڵایەتییەکان و کێڵگە و ژێرخانی ئابووری و وێرانکردنی شوێنەوار و گۆڕەکانیان بە مەبەستی سڕینەوەی مێژووییان.

لە مێژوودا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەم کارە دژ بە چەند نەژادێک کراون وەک هێرشەکانی حکوومەتی عێراق و تورکیا لە سەدەی بیست دژ بە کوردەکان و نەهێشتنی شوناسی کوردبوونیان و ڕێگری لە جەژنی نەورۆز و زمانی کوردی و بەکارهێنانی (تورکی چیایی) لە تورکیا تاوەکوو ساڵی ١٩٩١، هەروەها پاکتاوی ماوەی جەنگی یوگۆسلاڤیا و پڕۆژەی (کۆتا چارە)ـی ئەڵمانیای نازی بۆ پاکتاوکردنی جولەکەکان.

دەکرێت پاکتاوی نەژادی بە جۆرێک لە کۆکوژی دابنرێت بەڵام نابن بە یەک، چونکە گۆڕینی شوناسێکی نەژادێکە چ لە ڕووی ئایین یان زمان یان نەتەوەییەوە بێت.

لە سەدەی بیستەم و ماوەکانی پێشووتر زۆرترین پاکتاوکردنەکان بۆ مەبەستی گۆڕینی ئایین و نەتەوە بووە لە ناوچەیەک، بەڵام لە سەدەکانی ناوەڕاست بۆ مەبەستی ئایین بووە بە تەنیا، چونکە فیکری ناسیۆنالیزم بیرۆکەیەکی نوێیە بۆ جیهان.

نموونەکان

  • پاکتاوی ئاشوورییەکان لە سەدەکانی نۆیەم تا حەوتەمی پێش زایین
  • کوشتن و بنبڕکردنی دانیمارکییەکانی ئینگلتەرا لە سەدەی ١٠
  • دەرکردنی جولەکەکانی ئیسپانیا لە سەدەی ١٥
  • ڕاپێچکردنی کوردان لەلایەن دەوڵەتی سەفەوییەکان
  • لەناوبردنی سوورپێستەکانی ئەمریکا بەدەست پەنابەر و داگیرکەران
  • پاکتاوی ئاشووری و یۆنانی و ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەم
  • پاکتاوی جولەکەکان کە بە هۆڵۆکۆست ناسراوە لە ١٩٤١-١٩٤٥
  • دەرکردنی ملیۆنان ئەڵمانی لە پۆڵەندا و چیکۆسلۆڤاکیا دوای جەنگی دووەمی جیهانی
  • پاکتاوی کوردانی چوار پارچەی کوردستان بەدەست دەوڵەتانی داگیرکەر
  • پاکتاوی بارزانییەکان
  • هەڵمەتی بەعەرەبکردن
  • ئەنفالی گەلی کوردی باشوور
  • کیمیابارانی شاری هەڵەبجە - ئاوارەکردنی خەڵکەکەی
  • پاکتاوی خەڵکی موسوڵمانی بۆسنە بەدەست سڕبییەکان
  • هێرشی دژی موسوڵمانانی میانمار و ڕاگواستنیان

 وشەکە

لە مێژوودا وشەی پاکتاوی نەژادی لە وشەی یۆنانی (andrapodismos - ανδραποδισμός)ـەوە هاتووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٣٥ ساڵ پێش زایین و بۆ کارەکانی ئەسکەندەری گەورە بەکارهێنراوە، وشەکە بە واتای (دوورخستنەوە) دێت، بە کوردی وشەی پاکتاوکردن (پاک+تاو) بە واتای پاککردنەوەی شتێک لە ڕەگەوە یان تواندنەوە دێت، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمیش هەریەک لە چیکەکان بە (očista) و پۆڵەندییەکان بە (oczyszczanie) و فەڕەنسییەکان بە (épuration) و ئەڵمانییەکان بە (Säuberung) ناویان ناوە.

لە نەوەدەکانی سەدەی بیست و یەکەوە ئەم وشەیە دوای پاکتاوی نەژادی یوگۆسلاڤییەکان هاتە نێو دەستەواژەکانی دیکەی سیاسەتی جیهان و بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبوویەوە.

وەک تاوانی نێودەوڵەتی

هیچ پەیماننامەیەکی جیهانی نییە بۆ سزای پاکتاوی نەژادی، بەڵام بەپێی یاساکان بەهۆی ئەم کارە -دوورخستنەوەی کەسانێکە لە شوێنی خۆیان بە هەر جۆرێک بێت- وەک تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت بەپێی دادگا نێودەوڵەتییەکان، زیاتریش خۆی لە بازنەی کۆکوژی دەبینێتەوە.

جیاوازی لەگەڵ کۆکوژی

هەریەک لە دەستەواژەکانی کۆکوژی یان جینۆساید و پاکتاوکردنی نەژادی بەیەکەوە بەکاردێن زۆرجار، بەڵام پاکتاو زیاتر خۆی لە دوورخستنەوە و دووبارە دامەزراندنەوەی خەڵکی دێت لە ناوچەی کەسانێکی دیکە و ئاوارەکردنە، بەڵام یەکەم بە ئەنقەست کوشتنی کۆمەڵێکی زۆر مرۆڤە بۆ مەبەستی پاکتاوکردن و نەهێشتنیان بەهۆی جیاوازی فیکر، ئایین، نەژاد، هەرچەند هەردوو حاڵەتەکە نزیکن لەیەکەوە و دوو کاری قێزەونن.

پاکتاوکردن دوورخستنەوەی خەڵکییە لە نشینگەی خۆیان بەڵام کۆکوژی و جینۆساید کوشتنیانە. 


سەرچاوەکان



1418 بینین