شووشە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-08-22:51:00 - کۆدی بابەت: 6834
شووشە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شووشە (بە ئینگلیزی: Glass، بە عەرەبی: زجاج) پێکهاتەیەکی ناکریستاڵی هەیە، بەزۆری ماددەیەکی ڕەقی شێوە دیارینەکراوی ڕووتەنکە، مەودایەکی فراوانی بەکارهێنانی هەیە لە بواری کردەیی و تەکنەلۆجی و ڕازاندنەوەدا وەک شووشەی پەنجەرە و قاپ و هاوێنە، زۆربەی جۆرەکانی شووشە لەڕێگەی ساردکردنەوەی خێرای شووشەی شلبووەوە بەرهەم دەهێنرێن، هەندێک جۆری شووشە بەشێوەی سروشتی بەرهەم دەهێنرێن وەک شووشەی گڕکانی، کۆنترین و ناسراوترین جۆری شووشە بریتییە لە شووشەی سیلیکات، کە لە پێکهاتەی کیمیایی سیلیکا (دووانە ئۆکسیدی سلیکۆن یان کوارتز) سەرچاوەی گرتووە کە پێکهێنەری سەرەکی لمە، ٩٠٪ شووشە بەرهەم هێنراوەكان بریتین لە شووشەی گەچی سۆدە کە جۆرێکی شووشەیە و نزیکی ٧٠٪ لە سیلیکا پێکدێت، جگە لەمانە جۆرێکی تری شووشە هەیە وەک شووشەی خاڵی لە سیلیکا کە تایبەتمەندی خوازراوی هەیە لە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی تایبەت بە گەیاندن، بوتڵی شووشەی تایبەت بە خواردنەوە و شووشەی چاویلکە بە شێوەیەکی باو لە شووشەی سیلیکات پێکهاتوون.

مێژوو

بەردی ئۆبسیدیان (بە ئینگلیزی: obsidian) کە بەردێکی سروشتی شووشەیی گڕکانیی ڕەنگ ڕەشە، لە ئەنجامی ساردبوونەوەی لەناکاوی ئەو شلە گەرمەی لە گڕکان دەردەچێت لەگەڵ کەمترین گەشەی کریستاڵی دروست دەبێت، ئەم بەردە لەلایەن کۆمەڵگاکانەوە لە چاخی بەردین بەکارهاتووە لەبەر ئەوەی گۆشە تیژەکانی بێ‌وێنە بوون بۆ بڕینی کەرەستە و بەکارهێنانی وەک چەک، مێژووی دروستکردنی شووشە دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵ، زۆر پێش ئەو مێژووەی کە مرۆڤ فێری تواندنەوەی ئاسن بوو، بەڵگەکانی شوێنەروارناسی پێشبینی ئەوە دەکەن کە یەکەمین شووشەی دەستکرد بۆ یەکەمجار لە لوبنان و کەناری باکووری سوریا و میسڕی کۆن یان میزۆپۆتامیا دروستکراوە، کۆنترین کەرەستەی ناسراوی شووشەیی کە نزیکی ٢٠٠١ بۆ ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین دروستکراوە بریتی بووە لە تەزبیح، کە لەوانەیە بە شێوەیەکی سەرەتایی و بەڕێکەوت لە کاتی کارکردن لەسەر کانزاکان یاخود لە کاتی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ڕووپۆشکراو بە شووشە، کە بریتییە لە ماددەیەکی شێوە شووشەیی بە ڕێگایەک بەرهەم دێت هاوشێوەیە لەگەڵ کاری شووشەبڕی، ئەو شووشانەی لە کۆندا دروست دەکران بە شێوەیەکی دەگمەن ڕوون و بێخەوش بوون بەڵکوو زۆرجار پێکهاتەی نەخوازراو و ناتەواویی تێدابوو، هەروەها بەشێوەیەکی هونەری زیاتر ڕووپۆشی شووشە بوون نەک شووشەی ڕاستەقینە، شووشەی ڕاستەقینە تاکوو نزیکی سەدەی ١٥ـی پێش زایین نەدۆزرایەوە، زۆربەی ئەو شووشانەی لە کۆندا دروست دەکران وەک شووشەی ڕەنگدار و تەزبیح و دەفری شووشە، لەڕێگەی هاڕین یان هەڵکۆڵینی شووشە بە ساردییەوە دروست دەکران.
بەدرێژایی سەدەی ١٣ دوورگەی مورانۆ لە ئیتاڵیا ناوەندی بەرهەمهێنان و دروستکردنی شووشەی ڕەنگدار و ڕازاوە بووە، وەستاکانی شووشە لە مورانۆ پەرەیان بە شووشەی خاوێنی بێ ڕەنگی شێوە کریستاڵیدا، کە لە دروستکردنی شووشەی پەنجەرە و ئاوێنە و هاوێنە بەکاردەهات، لە سەدەکانی ١٣ و ١٤ و ١٥ وڵاتانی میسڕ و سوریا پێشکەوتووترین بوون ڕووکەشکردنی دەفرە شووشەییەکاندا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ ناوچەی بۆوهیمیا ناوچەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی شووشە بووە و هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە تاکوو سەرەتاکانی سەدەی ٢٠.
لە سەدەی ٢٠ـدا تەکنیکی نوێی بەرهەمهێنانی شووشە هۆکاربوو بۆ زۆرتربوونی بەرهەمی شووشە، هەروەها بەکارھێنانی لە کەرەستەکانی بیناسازیدا و بەکارهێنانی شێوازی نوێی شووشە کردەیی بوو، تاکوو سەدەی ٢١ چەندین تەکنیک و شێوازی نوێی بەرهەمهێنانی شووشە پەرەی پێدرا، بەهۆی ئەمەوە تێچووی بەرهەمهێنانی شووشە کەمی کرد و بەکارهێنانی لە چەندین بواری جیاوازدا زیادی کرد.

جۆرەکانی شووشە

سلیکات - Silicate

دووانە ئۆکسیدی سلیکۆن پێکهاتەیەکی بنچینەیی باوی شووشەیە، کوارتزی تێکەڵکراو (بە ئینگلیزی: Fused quartz) شووشەیەکە کە لە سیلیکای بە شێوەی کیماییانە خاوێن دروست دەکرێت، کشانی گەرمایی زۆر نزمە و بەرگرییەکی نایابی هەیە بۆ گەرمیی لەناکاو، ئەگەر لەناو ئاوێکی زۆر گەرمدا نقوم بکرێت توانای بەرگەگرتنی هەیە، بەرگەی پلەی گەرمی (١٠٠٠ بۆ ١٥٠٠٠) پلەی سیلیزی دەگرێت، هەروەها زۆر بەهێزە، بە بەراورد بە شووشەی ئاسایی ڕووتەنکە بۆ مەودایەکی فراوانتری شەبەنگی، کە لە شەبەنگی بینراوەوە تاکوو مەودای تیشکی UV و IR تێپەڕدەکات، ئەم جۆرەی شووشە کاتێک بەکاردێت کە پێویست بە تێپەڕکردنی ئەم درێژە شەپۆلانە بکات، کوارتزی تێکەڵکراو لەو کەرەستانەدا بەکاردێت کە بەکارهێنانیان لە پلەی گەرمی بەرزدایە وەک شووشەی فڕن و شووشەی ڕووناکی و دەفری تواندنەوەی کانزا ( بە ئینگلیزی: crucibles)، بەڵام هەرچۆنێک بێت پلەی گەرمی توانەوە بەرزەکەی و لینجییە زۆرەکەی هۆکارن بە ئەوەی کارکردن لەسەر ئەم جۆرەی شووشە سەخت بێت، بۆیە ماددەی دیکە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵیدا تاکوو پلەی توانەوەکەی کەم بکاتەوە و کارکردن لەسەری ئاسان بێت.

گەچی سۆدە - Soda-lime

شووشەی گەچی سۆدە ناوە کیمیاییەکەی بریتییە لە کاربۆناتی سۆدیۆم یان سلیکاتی سۆدیۆم، شێوگە کیمیاییەکەی بریتییە لە Na2CO3، یەکێکە لە زیادەکراوە باوەکان کە دەکرێتە پێکهاتەی شووشەوە بۆ کەمتر کردنەوەی توانای گەیاندنی گەرمی شووشە، سلیکاتی سۆدیۆم لە ئاودا تواوەیە، بۆیە ماددەی کیمیایی وەک ئۆکسیدی کالسیۆم (CaO) و ئۆکسیدی مەگنیسیۆم (MgO) و ئەلەمنیۆم ئۆکساید (Al2O3) و چەندین پێکهاتەی دیکەی باو لەگەڵیدا تێکەڵ دەکرێن تاکوو توانای بەرگەگرتنی لە ڕووی کیمیاییەوە زیاد بکەن، ئەم جۆرە تێکەڵکراوەی شووشە نزیکی ٧٥٪ ئەو شووشانە پێکدەهێنێت کە لە کارگەکاندا دروست دەکرێن و نزیکی ٧٠٪ بۆ ٧٤٪ کێشەکەیان بریتییە لە سلیکا، شووشەی سلیکاتی گەچی سۆدە ڕووتەنکە و بە ئاسانی دروست دەکرێت بۆیە گونجاوە بۆ شووشەی پەنجەرە و قاپوقاچاخ، لە کاتێکدا کە کشانی گەرمایی بەرزە و توانای بەرگەگرتنی گەرمی کەمە، بەڵام بەکاردێت بۆ دروستکردنی بوتڵ و گڵۆپ و گۆزە.

شووشەکانی بۆرۆسلیکات - Borosilicate glasses

جۆرێکی شووشەیە کە تێکەڵەی سلیکات و سیانە ئۆکسیدی بۆرۆن (B2O3) پێکهاتەی سەرەکی دروست کردنییەتی، شووشەی وەک گەرماخۆر (پایرێکس) نزیکی ٥٪ بۆ ١٣٪ بریتییە لە سیانە ئۆکسیدی بۆرۆن، شووشەکانی بۆرۆسلیکات تا ئەندازەیەک هاوکاریگەری کشانی گەرمی نزمە بە بەراورد بە شووشەی گەچی سۆدە، لەبەر ئەم هۆکارە بەکارهێنانیان کەمە بۆ ئەو کەرەستانەی کە دەکەونە ژێر پەستانی کشانی گەرمی و گەرمی لەناکاو، بە شێوەیەکی باو بەکاردێن بۆ دروستکردنی کەلوپەلی تاقیگە و کەلوپەلی چێشتخانەی ماڵەوە.

قوڕقوشم - Lead

تێکردنی ئۆکسیدی قوڕقوشم بۆ ناو شووشەی سلیکات پلەی شلبوونەوەی کەم دەکاتەوە و لینجی لە دۆخی شلیدا دادەبەزێنێت، بە تێکەڵکردنی (سلیکا و ئۆکسیدی قوڕقوشم (PbO) و ئۆکسیدی پۆتاسیۆم (K2O) و سۆدە (Na2O) و ئۆکسیدی زینک (ZnO) و ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم (Al2O3)) شووشەی قوڕقوشم دروست دەکرێت، کە چڕی ئەلیکترۆنی و هاوکۆلکەی شکانەوەی بەرزە، هەروەها هۆکارە بۆ ئەوەی کە ئەو دەفرەی لەم شووشەیە دروست دەکرێت درەوشاوەتر و دەرکەوتووتر بێت و توانای وێنەدانەوە و پەرشکردنەوەی ڕووناکی بەرزبێت، شووشەی قوڕقوشم جیڕی زۆرترە ئەمەش هۆکارە تاکوو زیاتر کرداری بێت و کاتێک پێیدا دەکێشرێت دەنگێکی سافی هەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم جۆرەی شووشە توانای بەباشی بەرگەگرتنی پلەی گەرمی بەرزی نییە، ئۆکسیدی قوڕقوشم توانای توانەوەی ئۆکسیدی کانزاکانی دیکە زیاد دەکات و لە دروستکر شووشەی ڕەنگداردا بەکاردێت، لینجییە کەمەکەی شووشەی قوڕقوشمی شل تایبەتمەندییەکی ناوازەیە کە بە نزیکەیی ١٠٠ جار باشترە لە شووشەی گەچی سۆدە، ئەم تایبەتمەندییە یارمەتیدەرە تاکوو بە ئاسانی بڵقەهەواکانی لاببرێت و لە پلەیەکی گەرمی کەمدا کاری لەسەر بکرێت، لەبەر ئەم تایبەتمەندییانە زۆرترین بەکارهێنانی هەیە بۆ ڕووکەشکردن و شووشەی بەهێز، هەروەها شووشەی قوڕقوشم بەرگری کارەبایی زۆر لە شووشەی گەچی سۆدە زیاترە.

سلیکاتی ئەلەمنیۆم - Aluminosilicate

شووشەی سلیکاتی ئەلەمنیۆم نزیکەی ٥٪ بۆ ١٠٪ لە ئەلەمنیۆم ئۆکساید (Al2O3) پێکدێت، بە بەراورد بە پێکهاتەی شووشەی بۆرۆسلیکات ئەم جۆرەی شووشە قورستر دەتوێتەوە و شێوەی لێ دروست دەکرێت، بەڵام توانایەکی باشی بەرگەگرتنی پلەی گەرمی هەیە و خۆگر و بەهێزە، شووشەی سلیکاتی ئەلەمنیۆم بە شێوەیەکی فراوان لە دروستکردنی ڕیشاڵەشووشەدا (بە ئینگلیزی: fiberglass) بەکاردێت و چەندین بەکارهێنانی دیکەی جیاوازی هەیە.

شووشەی سیرامیک - Glass-ceramics

ماددەیەکی فرەکرسیتاڵە لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنی گەشەی کریستاڵی شووشەی بنچینەییەوە دروست دەکرێت، تایبەتمەنی هاوبەشی دۆخی شووشە و سیرامیکیشی هەیە، گرنگترین تایبەتمەندی بازرگانی شووشەی سیرامیک بریتییە لە توانا بەهێزەکەی بۆ بەرگەگرتنی گەرمی لەناکاو، لەبەر ئەم هۆیە لە دروستکردنی کەلوپەلەکانی تایبەت بە چێشتخانە و پڕۆسە پیشەسازییەکاندا بەکاردێت.

ڕیشاڵەشووشە - Fibreglass

ڕیشاڵەشووشە کە پێشی دەوترێت شووشەی ڕیشاڵی پلاستیکی بەهێز، ماددەیەکی پێکهێنەرە و بە پشتگیرکردنی ڕایزنێکی پلاستیکی بە شووشە دروست دەکرێت، لە ڕێگای تواندنەوەی شووشە و بڵاوکردنەوەی شووشەکە بەناو ڕیشاڵەکەدا، پاشان ڕیشاڵەکان بە ڕیزکراوی تێکەڵ بەیەک دەکرێن لەناو کوتاڵێکدا و جێدەهێڵرێن تاکوو دەبن بە ڕایزنێکی پلاستیکی، ڕیشاڵەشووشە تایبەتمەندی کێشی کەم و بەرگەگرتنی دژی ژەنگهێنان هەیە، هەروەها جیاکارێکی باشە (نەگەیەنەرێکی باشە) بۆ بەکارهێنان لە کەرەستەکانی بیناسازی و کەرەستەی کارەبایی ناوماڵ.


سەرچاوەکان



1851 بینین