عائیشەی کچی ئەبوبەکر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-14-13:15:00 - کۆدی بابەت: 6874
عائیشەی کچی ئەبوبەکر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

عائیشەی کچی ئەبوبەکری سدیق (بە عەرەبی: عائشة بنت ٲبی بكر الصدیق) دایكی ئیمانداران و خێزانی پێغەمبەر ﷺ،، باوکی ئەبوبەکری سدیق یەکەمین جێنشینی ئیسلامی بووە، و دایکی ناوی دایکی ڕومانی کچی عامر بووە، خاوەنی سێ برا و دوو خوشک بووە، نازناوی دایکی ئیماندارانی وەرگرتووە چونکە خێزانی پێغەمبەر ﷺ بووە، و هەروەها بەهۆی باوکییەوە پێی گوتراوە ڕاستگۆی کچی ڕاستگۆ (الصدیقة بنت الصدیق)، عائیشە گێڕانەوەی بۆ بەشێکی زۆر لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ کردووە، بە تایبەتی ئەو فەرموودانەی کە پەیوەستن بە ژیانی خێزانی تایبەتی خۆی و پێغەمبەر ﷺ.

تایبەتمەندیی و پێگەی خاتوو عائیشە

ـ پێگەی تایبەتی خاتوو عائیشە لەلای پێغەمبەر ﷺ: پێغەمبەر ﷺ عائیشەی زۆر خۆشویستووە و هەمیشە پێگەیەکی باڵا و مەزنی هەبووە لەلای پێغەمەر ﷺ هەمیشە بە ئاشکرا لە نێو هاوەڵاندا خۆشەیستی و ئەوینی خۆی بۆ عائیشە دەربڕیوە، "عەبدوڵای کوڕی عەمڕی کوڕی عاس" دەگێڕێتەوە و دەڵێت: پرسیاریان لە پێغەمبەر ﷺ کردووە کە کێ لە خەڵکی خۆشەویستترین کەسە لەلات، فەرموویەتی: عائیشە، لە پیاوانیش باوکی عائیشە لە هەموو کەس خۆشەویستترن لە دڵمدا، پێغەمبەر ﷺ له حزوری عائیشە سرووشی بۆ دابەزیوە، هەروەها لە کاتی سەرەمەرگدا پێغەمبەر ﷺ لەماڵەکەی ئەو بووە، و هەر لە باوەشی عائیشە ڕووحی سپاردووە و هەر لە ماڵەکەی ئەویش بەخاك سپێردراوە.
ـ پێگەی خاتوو عائیشە لەلای هاوەڵانی پێغەمبەر : هاوەڵان ڕێزێکی زۆریان لە خاتوو عائیشە گرتووە و هەمیشە ئەگەر لە هەر بابەتێکی ئاینی و فیقهی کێشە و ڕاجیاییان بۆ درووست بووبێت، پرس و ڕایان بە خاتوو عائیشە کروووە وەڵام و ڕای ئەویان وەکوو سەرچاوەی باوەڕپێکراو وەرگرتووە.

ڕۆڵی خاتوو عائیشە لە ئیسلامدا

خاتوو عائیشە ڕۆڵێکی کاریگەر و مەزنی هەبوو لە گواستنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ و هەمیشە یارمەتیدەر بووە لە گواستنەوەی زانست و حوکمە شەرعییەکان، زیرەکترین خێزانی پێغەمبەر ﷺ بووە لە ڕووی شارەزایی لە ئاینی ئیسلام و دیاریکردنی حەلاڵ و حەرامەکاندا، چواریەکی زانستە شەرعییەکانی ئیسلام لە خاتوو عائیشەوە وەرگیراوە، 2210 فەرموودەی لە پێغەمبەر ﷺ گێڕاوەتەوە و 316 لە فەرموودە سەحیحەکانی بوخاری و موسلیمن، هەر بۆیە خاتوو عائیشە تاکوو لە ژیان مابوو سەرچاوەیەکی بە پیت و بەرەکەتی فەرموودە و ڕێبازی پێغەمبەر ﷺ بوو و یەکەمین ئافرەتی زانای سەردەمی خۆی بوو.

هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ

هاوسەرگیری خاتوو عائیشە و پێغەمبەر ﷺ هەمیشە مشتومڕی درووستکرووە لەسەر تەمەنی خاتوو عائیشە، چیرۆکی هاوسەرگیرییەکە لە فەرموودەیەک وەرگیراوە کە لەلایەن "هیشامی کوڕی عوروە" ڕوایەت کراوە و گێڕانەوەی بۆ کراوە، لەم چەند خاڵەدا بە ڕوونی باسی ناتەواوی گێڕانەوەکان لەسەر ئەو بابەتە دەکەین: 
ـ 71 ساڵ عوروە لە شاری مەدینە ژیاوە، تەنها خۆی گێڕانەوەی بۆ ئەو فەرموودەیە کردووە کە ئاماژە بەوە دەکات عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵی هاوسەرگیری کردووە، و هیچ کەسێک پشتڕاستی نەکردووەتەوە، هەرچەندە "مالیکی کوڕی ئەنەس" یەکێک بووە لە قوتابییەکانی عوروە، و خاوەن دووەمین ڕێبازی ئیسلامە لەلای مووسوڵمانانەوە، ڕەخنەی لەسەر کەسایەتی و شێوازی گێڕانەوەی ئەم فەرموودەیە هەبووە. 
ـ بەپێی ڕیزبەندی کات و شوێن و تەمەن، دیاریکردنی کاتی لەدایکبوون و تەمەنی خاتوو عائیشە و کاتی هاوسەرگیرییەکە ڕاجیایی زۆری لەسەرە و زانایان کۆک نیین لەسەر کاتی دیاریکراوی ڕووداوەکان، هەریەک لە ئیبن هاجەر و تەبەڕی و ئیبن هیشام و ئیبن حەمبەل ڕاجیایی و دژگیرییان هەیە لە وتە و قسەکانیان، هاوسەرگیری خاتوو عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵی تەنها ئەفسانەیەکی مێژووییە. 

ڕووداوی ناوزڕاندن و بوختان کردن بە خاتوو عائیشە

ڕووداوی بوختانکردن (حادثة الٳفك) بۆ خاتوو عائیشە ڕووداوێک بوو دووڕووەکانی شاری مەدینە هەڵیانبەست بە دیاریکراوی سەرۆکی دوو ڕووەکان "عەپدوڵای کوڕی سەلول"، کاتێك لە جەنگی "المریسیع" لە ساڵی پێنجی کۆچی لە کاتی گەڕانەوەی پێغەمبەر محەمەد ﷺ و سوپای موسوڵمانان لەو جەنگە، خاتوو عائیشە لە سوپاکە دوورکەوتەوە بە دوای خشڵێکدا دەگەڕا کە لێی وون ببوو، بۆیە لە سووپاکە بەجێما، پاشان لە چاوەڕوانی گەڕانەوی سوپاکە خەوی لێکەوت، هاوەڵێک بە ناوێ "سەفوانی کوڕی مەعتەڵ" بینی و گێڕایەوە بۆ لای سوپاکە، عەبدوڵای کوڕی سەلول کاتێك پێکەوە هەردووکیانی بینی بوختانی ناڕەوا و درۆی بۆیان هەڵبەست و هەواڵ و ناوزڕاندنی خاتوو عائیشەی لە هەموو شاری مەدینە بڵاوکردەوە، لە پاش مانگێک لەم ڕووداوە خودای گەوره 10 ئایەتی لە سوڕەتی "النور" بە سروش بۆ پێغەمبەری خودا نارد تێیدا پاکی و بێگەردی خاتوو عائیشەی سەلماند. 

کۆچی دوایی

خاتوو عائیشە لە شەوی سێشەممەی 17‌ـی ڕەمەزانی کۆچی بەرامبەر بە 678ـی زایینی لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کردووە لە گۆڕستانی "بەقیع"‌ـی شاری مەدینەی وڵاتی سعودیە بە خاک سپێردراوە. 


سەرچاوەکان



4506 بینین