هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-25-11:58:00 - کۆدی بابەت: 6983
هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک لە خانمان دوای منداڵبوون تووشی هەوکردنی منداڵدانیان دەبن، ئەگەری توشبوون بە هەوکردن لەو خانمانەی کە بە سروشتی منداڵیان بووە ٪١ بۆ ٪٣ـە و ئەو خانمانەی کە بە نەشتەرگەری منداڵیان بووە ئەگەری توشوونیان ٪١٠ بۆ ٪٣٠ـە، واتە ئەگەر خانمێک بە نەشتەرگەری منداڵی بووبێت ئەگەری توشبوونی بەهەوکردن ١٠ بەرامبەری توشبوونیەتی وەک لەوەی کە بە سروشتی منداڵی بووبێت.
هەروەها ئەو خانمانەی کە کەمخوێنن منداڵیان بووە زیاتر مەترسی توشبوونیان بە هەوکردن لەسەرە، چونکە بەرگری جەستەیان زۆر کەمە.

جۆرەکانی هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

هەوکردن بە زوو دەرکەوتنی نیشانەکان

نیشانەکانی ئەم جۆرە هەوکردنە لە نێوان ٢ بۆ ٣ ڕۆژ دوای منداڵبووندا دەردەکەوێت و باوترین جۆری هەوکردنە.

هەوکردن بە درەنگ دەرکەوتنی نیشانەکان

نیشانەکانی ئەم جۆرە هەوکردنە لە نێوان ٣ بۆ ٥ ڕۆژ تاکوو ٦ هەفتەدایە دوای منداڵبوون، هۆکارەکەشی لەوانەیە بە هۆی بەجێمانی پارچەیەکی بچووکی وێڵاش بێت لەناو منداڵداندا.

هۆکارەکانی هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

  • دووگیانی یەکێکە لە هۆکارەکان چونکە لە ماوەی دووگیانیدا خانەکانی منداڵدان دەکشێن و منداڵدان گەورە دەبێت.
  • بەکارهێنانی سانتی بۆ ماوەیەکی زۆر دوای منداڵبوون.
  • پەیڕەونەکردنی مەرجەکانی تەندروستی و پاکوخاوێنی لە خانماندا.
  • منداڵ لەبارچوون.
  • نەشتەرگەری منداڵدان.
  • منداڵبوونی درێژ خایەن.
  • جێمانی بەشێک لە وێڵاش دوای منداڵبوون لە منداڵدانی دایکەکەدا.

نیشانەکانی هەوکردنی منداڵدان

  • تای بەرزی سەرو ٣٨ پلە و لێدانی دڵی خێرا زیاتر لە ١٠٠ لێدان لە خولەکێکدا.
  • ئازاری خوارەوەی سک، لەگەڵ ئازاری منداڵدان لە کاتی دەست لێدانیدا.
  • خوێنبەربوون کە بۆنێکی ناخۆشی هەیە ئەویش بە هۆی هەوکردنەکەوەیە ئەو بۆنە ناخۆشە و یاخود ڕەنگەکەشی مەیلەو سەوز و زەردە.
  • هەروەها ئەگەری سەرئێشە، ئارەق کردنەوە، لەرزی زۆر.
  • لەدەستدانی حەزی خواردن و بێهێزی.
  • هەستکردن بە ئازاری زۆر لە کاتی جووتبووندا.
  • خوێنبەربوونی توند.
  • قەبزی.

دیاریکردنی نەخۆشییەکە

لەبەرئەوەی کە نموونە وەرگرتن لە منداڵدان قورسە، هەر بۆیە پزیشک لە ڕێگەی پشکنینی دامێنەوە بەشێک لەدەردراوەکانی زێ دەنێرێت بۆ پشکنین و لەو ڕێگەیەوە دیاری دەکرێت.

مەترسیەکانی هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

  • ئەگەر هاتو هەوکردنەکە لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرا ئەوا ئەگەری ئەم مەترسییانەی خوارەوە هەیە:
  • ئەو خانمانەی کە هەوکردنی منداڵدانیان هەیە زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە تووشی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان و نەزۆکی ببن.
  • ئازارێکی زۆریان دەبێت لە کاتی جووتبووندا.
  • ئەگەر هەوکردنەکە بگاتە جۆگەی فالوپ لە داهاتوودا کار دەکاتە سەر توانای دایکەکە بۆ دووگیان بوون.
  • دەکرێت هەوکردنەکە بچێتە ناوەوەی سک و بڵاوببێتەوە و دواتر بچێتە ناو خوێنەوە و ببێتە هۆی هەوکردنی خوێن، کە ٪١٠ بۆ ٪٢٠ـی ئەو خانمانەی کە تووشی هەوکردنی منداڵدان بوون دواتر لەو ڕێگەیەوە تووشی هەوکردنی خوێنیش بوون.
  • بەرزبوونەوە و دابەزینێکی نائاسایی پلەی گەرمی جەستە.
  • دابەزینێکی زۆری پەستانی خوێن.
  • بێڕەنگی ڕووخسار.
  • هەستکردن بە گێژی و بێهێزی.
  • هەناسە توندی.
  • لەرز.
  • بوورانەوە.

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە هەوکردنی منداڵدان

  • دوای پیسایی کردن و خۆ پاککردنەوە لە پێشەوە بۆ دواوە خۆت پاک بکەرەوە با پیساییەکە نەیەتەوە بەرەو پێشدا.
  • جلی ژێرەت بەردەوام بگۆڕە و پاکی بکەرەوە و تاکوو دەتوانیت لۆکە بەکاربهێنە.
  • ناوچەی زێ هەمیشە با وشک و پاکوخاوێن بێت.
  • لە کاتی جووتبووندا کۆندۆم بەکاربهێنن بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەوکردنەکان.

چارەسەری هەوکردنی منداڵدان دوای منداڵبوون

  • ئەگەر خانمەکە بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت دوای منداڵبوونی دەرمانی دژەبەکتریای پێ دەدرێت تاکوو دووربێت لە هەوکردن و هەر خانمێکیش هەوکردنی هەبوو  دەرمانی دژە بەکتریای بۆ بەکاردەهێنرێت.
  • خەوی باش و پشوودان و خۆراکی باشیش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.


سەرچاوەکان



1657 بینین