نوێژە بارانە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-25-15:13:00 - کۆدی بابەت: 6987
نوێژە بارانە

ناوه‌ڕۆك

نوێژە بارانە چییە؟

وشەی (إستسقاء) لە زمانی عەرەبیدا بە مانای داواکردنی ئاو دێت، خودای گەورە ڕێی داوە کە بەندەکانی لێی بپاڕێنەوە و داوای بارانی لێ بکەن کاتێک کە وشکانی یا بێ ئاوی ڕوویان تێدەکات یاخود باران بارین دوا دەکەوێت، کە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکراوەکان بەگشتی، هەر لە مرۆڤ و گیانلەبەر و ڕووەکان و کێڵگەکان، بەتایبەتتر ئەو کەسانەی کە دورن لە ئاوی ڕووبار و کانیەکانەوە و تاکە سەرچاوەی ژیان و کشتوکاڵیان تەنها بارانە، هەر بۆیان باوەڕداران لەو کاتەدا ڕوو دەکەنە خوای گەورە و لێی دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی خوای گەورە بە ڕەحم و میهرەبانی خۆی لێیان خۆش بێت و بارانی ڕەحمەت ببارێنێت بۆیان، لەبەر ئەوەی ئەو گیرانەوەی بارانە لێیان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گوناهـ و تاوانی مرۆڤەکانە، لەبەر ئەوەی خوای گەورە نیعمەتی زۆری بەسەر باوەڕداراندا بەخشیوە، یەکێک لەو نیعمەتانەش ئاوە، ئەمەش نیعمەتێکی زۆر گەورەیە و پێویستی بە سوپاسگوزاریکردنی خوای گەورە هەیە بە بەردەوامی، هەر بۆیە ئەگەر باران بارین دواکەوت ئەوە بە تاقیکردنەوە بۆیان ئەژمار دەکرێت بۆ ئەوەی دەست لە گوناهـ و تاوان هەڵبگرن و تەوبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و قەدری نیعمەتەکانی خوای گەورە بزانن، هەر بۆیە پێغەمبەر محەمەد ﷺ و پێغەمبەر نوح و موسا (سەلامی خوایان لێبێت) داوای بارانیان لە خوای گەورە بۆ گەلەکەیان کردووە، ئەوەتا لەسەر زمانی پێغەمبەر نوح (سەلامی خوای لێبێت) لە قورئاندا هاتووە: (فَقُلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا* يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا).(نوح: 10-11) حوکمی ئەم نوێژەش سونەتێکی موئەکەدەیە، تێکرای باوەڕداران پێکەوە ئەنجامی دەدەن لە پیاوان و ژنان و منداڵان و بە تەمەنەکان، وا باشترە کە بە کۆمەڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر بە تاکیش ئەنجام بدرێت ئەوە کێشەی نابێت، والله أعلم.

دەکرێت ئەم داواکردنی بارانە بە نوێژ ئەنجام بدرێت کە بە نوێژە بارانە ناودەبرێت، واتە نوێژی تێدا دەکرێت لەگەڵ وتار و دوعاکردندا، ئەمەش تەواوترین و کامڵترین جۆری داوای باران کردنە لە خوای گەورە، یا بە دوعا کردن لە وتاری هەینیدا، هەروەک چۆن پێغەمبەر ﷺ ئەنجامی داوە، یا بە دوعاکردنە لە دوای نوێژەکانەوە و  لە هەموو کاتێکدا بەبێ نوێژ و وتاردان تێیدا.

سوننەتە کە لە دەشتدا ئەنجام بدرێت، دەشکرێت کە لە مزگەوتدا بێت، بەڵام ئەگەر لە دەشتدا ئەنجام بدرێت ئەوە باشتر و تەواوترە و خشوع تییدا زیاترە، ئەم نوێژە هەرکاتێک بێت کێشەی نییە و دەتوانرێت بکرێت، جگە لەو کاتانەی کە ڕێگری و نەهی لێکراوە کە نوێژی تێدا ئەنجام بدرێت، باشترین کاتیش بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە دوای هەڵاتنی خۆرە بە ئەندازەی ڕمێک تا کاتی ئاوابوونی، سوننەتە کە بە زەلیلی و خۆ بەکەمزانینەوە باوەڕداران بۆ ئەم نوێژە بچنە دەرەوە و هەژاری و بێدەسەڵاتی خۆیان بۆ خوای گەورە نیشان بدەن، هەر بۆیە خۆ جوانکردن و ڕازاندنەوە بۆ ئەم نوێژە دروست نییە.

کاتی ئەنجامدانی نوێژە بارانە

زانایان ڕاجیان لەسەر ئەوەی کە ئایا کەی نوێژە بارانە ئەنجام بدرێت، سێ ڕا هەیە، ئەوانیش:-

١- ڕای یەکەم پێیان وایە کە نوێژە بارانە لە ڕووی کاتەوە وەک کاتی ئەنجامدانی نوێژی جەژنە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر ﷺ وای کردووە.

٢- ڕای دووەم پێیان وایە کە وەک نوێژی جەژن لە کاتی نوێژی جەژنەوە بۆ کۆتایی هاتنی نوێژی عەسر ـە.

٣- ڕای سێیەم پێیان وایە نوێژە بارانە لە هەر کاتێکدا ئەنجام بدرێت دروستە، جگە لەو کاتانەی کە نوێژکردن تێیاندا مەکروهە، شافیعی لەسەر ئەم ڕایەیە.

وا باشترە کە کاتی نوێژەکە دیاری بکرێت و لە کاتێکدا بێت باوەڕداران سەرقاڵی کار نەبن و هەموویان ئامادەی نوێژەکە بن، واش باشترە کە لە دوای یەکێک لە نوێژە بە کۆمەڵەکان ئەنجام بدرێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی نوێژە بارانە

ئەنجامدانی نوێژە بارانە زۆر ئاسانە، پێویستە پێشنوێژ و نوێژخوێنان خۆیان بە پاکوخاوێن ڕابگرن و دەستنوێژ بشۆن و نینۆکیان بکەن و بۆنی ناخۆش لە خۆیان پاک بکەنەوە و بەرەو نوێژەکە بەڕێ بکەون و تەوبە بکەن و بەدڵێکی پڕ لە خشوعەوە، پێشنوێژ خەڵکی بۆ ئەنجامدانی نوێژەکە بانگ دەکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە بانگ یا قامەت هەبێت، ڕایەک هەیە کە دەڵیت ئەنجامدانی نوێژە بارانە وەک ئەنجامدانی نوێژی جەژنە، بەڵام ڕایەکەی تر بەو شێوە ناڵێت، لە ڕکاتی یەکەمدا حەوت جار (الله أکبر) دەکرێت و پاشان پێشنوێژ سورەتی (الفاتحة) و پاشان سورەتی (الأعلى) دەخوینێت، لە ڕکاتی دووەمیشدا سورەتی (الفاتحة) پاشان سورەتی (الغاشیة) دەخوێنێت، پاشان وتار بۆ خەڵکی دەدات و بە (الله أکبر) دەست پێدەکات، لە وتارەکە پێویستە وتاربێژ زۆر داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە بکات و داوا لە خەڵکی بکات کە تەوبە بکەن و هۆکاری نەبارینی باران ڕوون بکاتەوە کە هۆکارەکەی ئەنجامدانی تاوان و خراپەکاریە لەلایەن خەڵکیەوە و ئەنجامدانی ستەمە و دورکەوتنەوەیە لە پەرستشەکان و ئەو کارانە باشانەی کە خودای گەورە فەرمانی پێکردووە، پاشان دەستی بەرەو ئاسمان بەرز دەکاتەوە و دەستدەکات بە دوعاکردن و ڕوودەکاتە قیبلە، هەروەها جلەکانی هەڵدەگەڕێنێتەوە، واتە قۆڵی ڕاست لە چەپ دەکات و قۆڵی چەپ لە ڕاست دەکات، ئەمەش بۆ ئەوەی زەلیلی و بێدەسەڵاتی خۆی نیشانی خوای گەورە بدات، لەو حاڵەتەشدا کە ئەگەر باران باری ئەوا پێویستە باوەڕداران سوپاسی خوای گەورە بکەن، ئەگەریش باران نەباری ئەوا جارێکی دیکە نوێژەکە ئەنجام دەدەنەوە تا ئەوکاتەی کە باران دەبارێت، سوننەت وایە لەکاتی چونە دەر بۆ نوێژەکە (الله أکبر) بکرێت، بەڵام لای مالیکیەکان و شافیعیەکان سونەت وایە کە داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە بکرێت.

مەرجەکانی ئەنجامدانی نوێژە بارانە

مەرجەکانی ئەنجامدانی نوێژە بارانە هەمان ئەو مەرجانەیە کە بۆ نوێژەکانی تر هەیە، ئەوانیش:-

- هەبوونی نیەت.

- پاکوخاوێنی جەستە و شوێنی نوێژەکە و دورکەوتنەوە لە پیسی.

- دەستنوێژی هەبێت، ئەگەر لەشگرانیش بوو خۆی بشوات، لەبەر ئەوەی نوێژ بەبێ پاکوخاوێنی وەرناگیرێت.

- داپۆشینی عەورەت، بۆ پیاو لە ئەژنۆوە بۆ ناوک و بۆ ئافرەتیش هەموو جەستەی داپۆشێت بێجگە مەچەک و ڕوخساری.

- هاتنی کاتی نوێژەکە، وا باشترە کە کاتێک دیاری بکرێت و خەڵکی هەموویان پێکەوە نوێژەکە ئەنجام بدەن.

- ڕووکردنە قیبلە، قیبلەی باوەڕدارانیش مەککەی پیرۆزە، کەواتە هەر نوێژێک فەرز بێت یا سونەت قبوڵ نابێت گەر ڕوونەکرێتە قیبلە.

حیکمەت لە کردنی نوێژە بارانە

ئەنجامدانی نوێژە بارانە زۆر حیکمەتی تێدایە، لەوانە:-

- داواکرنی باران کاتێک کە نابارێت و زەوی وشک دەبێتەوە.

- ڕووکردنە خوای گەورە بە خشوعەوە.

- خۆ بەکەمزانین و نیشاندانی زەلیلی بۆ خوای گەورە.

سونەتەکان و موستەحەباتەکانی نوێژە بارانە

زۆر شت هەیە کە ئەنجامدانی سونەت و موستەحەبە لە نوێژە بارانەدا، لەوانە:-

- هەڵگێرانەوەی جل هەم بۆ پێشنوێژ هەم بۆ نوێژخوێنان، کە ئەمەش ڕای زۆرینەی زانایانە.

- موستەحەبە کە پێشنوێژ داوا لە خەڵکی بکات پێش ئەوەی بێن بۆ نوێژە بارانە تەوبە بکەن و صەدەقە بکەن و مافی خەڵکی بگێڕنەوە و سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بن و ڕۆژی چوارەم بچنە دەرەوە بۆ نوێژە بارانە بە جلێک کە نیشانەی خۆ بەکەمزانی و هەژاری بێت.

- زۆر (إستغفار کردن) داوای لێخۆشبوون کردن لە خوای گەورە.

جیاوازی نێوان نوێژە بارانە و نوێژی جەژن

هەرچەندە لەسەر ڕای بەشێک لە زانایان نوێژە بارانە وەک نوێژی جەژن دەبێت، بەڵام پێویست دەکات کە جیاوازی هەردوکیان بزانین، پێشەوا ئیبن عوسەیمین لە کتێبی (الشرح الممتع على زاد المستنفع) دەفەرموێت "نوێژە بارانە یەک وتارە، بەڵام نوێژی جەژن دوو وتاری تێدا دەدرێت، نوێژە بارانە دەکرێت دوای وتارەکە بێت و دەشکرێت پێش وتارەکە بێت، بەڵام نوێژی جەژن وتارەکە دوای نوێژەکە دەبێت، نوێژە بارانە تێیدا داوای لێخۆشبوون لە خوای گەورە دەکرێت و داوای بارانی تێدا دەکرێت، بەڵام وتاری نوێژی جەژن تێیدا باسی حوکمەکانی جەژنی تێدا دەکرێت."


سەرچاوەکان



1819 بینین