بزنی کێوی شاخ درێژی چەماوە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-27-21:05:00 - کۆدی بابەت: 7010
بزنی کێوی شاخ درێژی چەماوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بزنی کێوی شاخ درێژی چەماوە (بە عەرەبی: وعل، بە ئینگلیزی: ibex)، جۆرێکی دیاریکراوە لە بزنە کێوییەکان کە لە خێزانی مانگاکاندا پۆلێنکراوە، نشینگەکانیان دەکەوێتە شاخەکانی ئەوروپا و ئاسیا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، ئاژەڵی ڕووەکخۆرن کە خۆراکی سەرەکییان بریتییە لە گژوگیا و درەخت و دەوەن و گوڵەکان.

پێگەی لە ڕابردوودا

ئەم جۆرە بزنە کێوییانە لە مێژوویەکی دێرینەوە مرۆڤەکان پێی ئاشنابوون، لە سەردەمی شاژنە بەڵقیسدا نیشانە و هێمای خواوەندی مانگ بووە، هەروەها وێنەی سەرەکەی وەک نیشانەیەک بەکارهاتوە لەسەر پارە کانزاییە دۆزراوەکانی کڵێسای خواوەندی مانگ لە وڵاتی یەمەن و وێنە هەڵکۆڵراوە دۆزراوەکانی یەمەن ئاماژە بوون بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە جۆری نوبی لە وڵاتەکەدا، هەروەها لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بە شێوەیەکی فراوان لە زۆرینەی جێگەکان ڕاودەکران، چونکە باوەڕیان وابووە کە چارەسەرێکی سروشتی هەموو نەخۆشییەکانە کە مرۆڤ توشی دەبێت و زۆرینەی ئەندام و بەشەکانی بۆ چارەسەری نەخۆشی دیاریکراو بەکارهاتووە.

شێوەی دەرەوەی

ئەم جۆرەی بزنە کێوییەکان تایبەتمەندە بە شاخێکی درێژی چەماوە کە هاوشێوەی نیوە بازنەیە، ڕیشێکی درێژی هەیە و سمەکانی دابەشبوون و کەرتبوون، بەرزییەکەی دەگۆڕێت بە گوێرەی نشینگە و تەمەن و جۆرەکانی، لە سمەکانییەوە هەتا شانەکانی لە نێوان ٣٠-١٧٠ سم دایە، هەروەها کێشی لە نێوان ٣٠-١٢٠ کگم دەبێت، ڕەنگی فەرووەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە هەروەها ڕێکخراوە بە گوێرەی وەرزەکان، بە جۆرێک لە هاویندا کورتە و لە زستاندا درێژ دەبێت بۆ بەرگەگرتنی سەرما و پاراستنی.

شێوازی ژیانکردنی

ئەم بزنانە لە کۆمەڵەدا پێکەوە دەژین، بەڵام کۆمەڵی نێرینەکان جیاوازە لە مێینە و بێچووەکانیان، کە تەنها لە وەرزی یەکگرتندا پێکەوە دەبن، کۆمەڵەی مێینەکان لە ١٠-٢٠ ئەندام پێکهاتووە، لەکاتێکدا نێرینەکان کاتێک تەمەنیان زۆردەبێت دوورکەوتنەوە و بە تەنها ژیانکردنیان بۆ پەسەندە.

یەکگرتن و زۆربوون

بزنە نێرینەکان بۆنێکی تایبەت دەردەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان و دروستکردنی خواستی یەکگرتن لەگەڵیان، نێرینەکان شەڕ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکگرتن، دواتر نێرینە براوەکە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەر لە یەکگرتن لە مێینەکە نزیکدەبێتەوە و گرنگی پێدەدات، قۆناغی پێگەیشتنی مێینەکان لە نێوان ٢-٦ ساڵیدایە، ماوەی سکپڕییەکەی ١٤٧-١٨٠ ڕۆژ دەخایەنێت، کە دەتوانێت ١-٣ کۆرپەلە هەڵبگرێت لە یەکجاردا، دوای لەدایکبوونیان ڕاستەوخۆ بێچووەکان توانای جووڵە و بازدانیان هەیە، هەتا تەمەنی دەگاتە ٤ یان ٦ مانگ شیری پێدەدرێت، دواتر لە شیر دەبڕدرێتەوە، بەڵام هەتا تەمەنی دەبێت بە ساڵیک لە نزیک دایکی دەمێنێتەوە، هەروەها تەمەنی ئەم ئاژەڵانە لە سروشتدا دەگاتە ١٧ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکانی

ئەم جۆرە بزنە کێوییە شاخ درێژە چەماوەییە چەند جۆرێکی هەیە، وەک:

  • جۆری ئەوروپی یان ئەلبی: لە بەرزاییەکی زۆری نزیک هێڵە بەفرینەکان دەژین و لە زستاندا دێتە خوارتر، ڕەنگی فەرووەکەی قاوەییەکی نزیک خۆڵەمێشییە، هەتا نزیکتر بێتەوە لە ناوچەی سکی ڕەنگەکەی تێرتر و تۆختر دەبێت، ئەم ئاژەڵە لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی چیای ئەلب بڵاوبووەتەوە، ژمارەکەی دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا لە ناوچەکانی چیای ئەلب لە ئیتاڵیا پارێزگاری لێدەکرێت و گرنگی تایبەتی پێدەدرێت.
  • جۆری سیبیری: ئەم جۆرە بە گشتی دەکەوێتە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئاسیا، لە ڕۆژئاوا و باکووری وڵاتی چین و هیندستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی دراوسێیان وەک مەنگۆلیا و پاکستان و تاجیکستان و ئۆزبەگستان و ...هتد، ڕەنگەکەی ئەسمەرێکی کاڵە، بەڵام لە زستاندا ڕەنگی نێرینە پێگەیشتووەکان تۆختر دەبێت و نیشانەی سپی لەسەر پشت و ملی دەردەکەوێت، قەبارە و بڕی چەمانەوەی شاخەکانی مێینەکان بە بەراورد بە نێرینەکان بچووکتر و کەمترە.
  • جۆری ئیسپانی: لە نیمچە دورگەی ئیبیریا دەژی، لە ئەو ناوچانەی کە بەرزاییەکەی زیاترە لە ٨٠٠ م، بۆ ژیانکردن نشینگەی دارستانە چڕەکانی بۆ پەسەندە، کە تەنها لە وەرز و کاتە زۆر گەرمەکاندا تیشکی خۆری پێدەگات، ڕەنگەکەی قاوەییەکی نزیک خۆڵەمێشییە.
  • جۆری نوبی: تاکە جۆری بزنی کێوی شاخ درێژی چەماوەیە کە لە نشینگەی بیابەنە گەرمەکاندا دەژی، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئوردون و فەڵەستین و سودان و ئەسیوبیا و چەندین ناوچەی دیکەی وڵاتە عەرەبییە جیاوازەکاندا هەیە، فەرووەکەی ڕەنگێکی بریسکەدارە بۆ شکاندنەوە و دانەوەی تیشکی خۆر و پاراستنی لە گەرمی.
  • جۆری والیا: لە هەموو جۆرەکانی دیکە مەترسی لەناوچونی زیاترە و لە ژێر هەڕەشەدایە، لە شاخەکانی ئەسیوبیا دەژی، لە ساڵەکانی نێوان ١٩٢٠-١٩٧٠ ژمارەیەکی زۆریان لەناوچوون بەهۆی ڕاوکردنیان بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و پێست و شاخەکانی کە بۆ دروستکردنی دەفری خواردنەوە بەکاردەهات، هەروەها جگە لە ڕاوکردن نشینگەکانیان بەکاردەهێنرا بە مەبەستی کشتوکاڵکردن، تەنها ژمارەیەکی کەمی ماوەتەوە و لە ئێستادا لە باخچەی نیشتیمانی سیمین گرنگییان پێدەدرێت.


سەرچاوەکان



680 بینین