مەرەکەب

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-01-23:45:00 - کۆدی بابەت: 7061
مەرەکەب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەرەکەب (بە عەرەبی: سبيدج، بە ئینگلیزی: squid)، لەگەڵ هەشت پێکاندا لەهەمان پۆلێندایە واتە جەستەی تەنها لە سەر و پەلەکانی پێکهاتووە، نشینگەکەی هەموو ناوچەکانی زەریاکان دەگرێتەوە، دەکرێت لە قوڵایی ئاودا بژی یاخود لە نزیک ڕووی ئاو و تەنکاییەکان، وە لەبەر ئەوەی زۆرینەی کاتەکانی لە قوڵایی ئاودا بەسەردەبات بۆیە لێکۆڵینەوە دەربارەی بۆ زاناکان قورسە، لە ڕابردوودا و بۆ ماوەیەکی زۆر مەرەکەبەکان بە گیانەوەرێکی دڕندە و تینوی خوێن دەناسران، لە وێنە و نیگارە دێرینەکاندا مەرەکەبەکانیان دەکێشا بە جۆرێک کە بە پەلەکانی کەشتییەکان دەگرێت و ڕاستەوخۆ دەیبات بۆ دەمی، بە دەمە گەورە و ڕەقەکەی کەشتییەکەی دەخوارد و بە سەیرکردنێکی ترسناکەوە دەڕوانێت، بەڵام مەرەکەب لە ئێستادا سوودی هەیە و ئەندامە ماسولکەییەکانی لە سەر و پەلەکانی وەک ژەمی خۆراکی لە لایەن ژمارەیەکی زۆری خەڵکییەوە دەخورێت، دەکرێت بە تازەیی و بە سوێری بخورێت یاخود بە شێوەیەکی وشكکراوە سەرەتا ئامادەبکرێت و دواتر بکرێت بە ژەمی خۆراکی، کە گۆشتەکەی بڕێکی زۆر ڤیتامین و ماددەی خۆراکی وەک سیلینیۆمی تێدایە و لە وڵاتەکانی ژاپۆن و کۆریا و ئیتاڵیا خواستێکی زۆر لەسەرە.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەیەکی زۆر جیاواز و گۆڕاوی هەیە، دەکرێت لە کەمتر لە ٣٠ سم دەستپێبکات بۆ نزیکەی ٢٠ م، ژمارەی پەلەکانی ١٠ دانەیە و مەلەوانێکی نایابە کە توانای بڕینی مەودای درێژ و زۆری هەیە، جووڵەکەشی لە ڕێگەی بزوێنەرێکەوە دەبێت کە هاوشێوەی فوارەیە، لە جەستەی مەرەکەبدا کونێکی تایبەت هەیە لە ڕێگەیەوە پاڵ بە ئاوەوە دەنێت و دەجووڵێت، سەرێکی گەورەی هەیە و قەبارەی مێشکیشی بە شێوەیەکی ڕێژەیی گەورەیە، هەروەها ئەندامێكی ماسولکەیی جەستەی ڕووپۆشکردووە و هاوکارییەتی، جگە لە ئەمانە مەرەکەب ئەندامی هەستکردن و دەماری پەرەسەندووی هەیە لەوانەش دوو چاو و مێشکێکی هەستیارە، بە یەکێک لە زیرەکترین بێ بڕبڕەکان هەژماردەکرێت، هەروەها هاوشێوەی هەموو جۆرەکانی دیکەی پۆلێنەکەی دیارییەکی سروشتی هەیە کە بریتییە لە کیسێک مەرەکەب، ئەمەیان ئەندامێکی ناوەکییە و ڕەنگی قاوەییە کە دەکەوێتە بەرگەکەیەوە، کاتێک ڕاوچییەک مرۆڤ بێت یاخود گیانەوەری ئاوی دڕندە هێرشی بۆدەکات، مەرەکەبەکەی دەردەدات و بە سوود وەرگرتن لە بۆیەکانی بەرگەکەی خۆی حەشاردەدات، مەرەکەبەکەی ڕەنگێکی ڕەشی هەیە و بە گوێرەی توێژینەوەکانیش ماددەیەکی ژەهراوی نییە.

خۆراک

هەموو جۆرەکانی مەرەکەبەکان گیانەوەری گۆشتخۆرن و ژەمە خۆراکییەکانیان بە گشتی بریتین لە ماسی و مەرەکەبی دیکە و قرژاڵی دەریایی و ڕۆبیان، بەڵام بە گوێرەی جۆرە جیاوازەکان جۆری نێچیرەکانی دەگۆڕێت، بۆ نموونە مەرەکەبی همبولت جۆرێکی دیاریکراوی لە ماسییەکان بۆ پەسەندە، ئەم گیانەوەرە یەکێکە لە ئەو بێ بڕبڕەدارە بەناوبانگە کەمانەی کە ڕاوکردنێکی هەرەوەزی ئەنجام دەدات، بە بەکارهێنانی ڕێگەکانی پەیوەندیکردن لە نێوان خۆیاندا.

یەکگرتن و زۆربوون

یەکگرتنی مەرەکەبەکان شێوازێکی ئاسایی و ساکاری نییە، بەڵکو نێرینەکان بە دڕندەییەوە بە ئاڕاستەی مێینەکان دەڕۆن و لە هەمان کاتدا ژمارەیەک نێرینە بە ئاڕاستەی یەک مێینە دەجوڵێن و بۆ فریودان و چەواشەکردنی، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک ڕێگای جیاوازی نێرینەیی و پیاوانە وەک درەوشانەوەی جەستەیان بە چەندین ڕەنگی جیاواز لەهەمان کاتدا و دەرکەوتنیان وەک پەلکەزێڕینە، ئەم شێوازە دڕندە جیاواز و سەیرە و راستەوخۆ یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان بریتییە لە دڵداری مەرەکەبەکان.

جۆرە سەرەکییەکانی

نزیکەی ٣٠٠ پۆل لە مەرەکەبەکان هەیە و بە شێوەیەکی سەرەکی هەموویان دابەشدەبن بۆ دوو کۆمەڵە، مەرەکەبی ئاوە تەنکەکان (لیتاو) لەگەڵ مەرەکەبی ئاوە قوڵەکان، نموونەی جۆرەکانی کۆمەڵەی یەکەم وەک مەرەکەبی بازاڕ و مەرەکەبی ئەورووپی ناسراو و مەرەکەبی گەلی کاریبیا، نموونەی جۆری کۆمەڵەی دووەمیش وەک مەرەکەبی بچووکی ڕیشوودار و مەرەکەبی همبولت و مەرەکەبی ڕووناکی بەخش، ئەمانەش ناودارترین جۆرەکانیەتی:

  • مەرەکەبی زەبەلاح: زەبەلاحترین جۆری مەرەکەبەکانە و خێزانێکی جێگیری تایبەت بە خۆی هەیە و هەتا ئێستە گەورەترین مەرەکەبە کە مرۆڤ بینیویەتی، درێژی گشتی ٢٠ م بووە و پەلەکانی بەجیا گەشتووەتە ١٦ م، بەهێزترین گیانەوەری بێ بڕبڕەیە و توانایەکی زۆر گەورەی هەیە کە هاوشێوەی نەهەنگەکانە، هەروەها خاوەن گەورەترین چاوە لە نێو هەموو گیانەوەرەکانی سەر ڕووی زەوی، هەتا ئێستە نشینگەکەی بە دیاریکراوی نەزانراوە، بەڵام باوەڕ وایە کە لە قوڵایی ٢٠٠-١٠٠٠ م لە قوڵایی دەریاکاندا دەژی.
  • مەرەکەبی گەورە: دووەم گەورەترین مەرەکەبە لە دوای مەرەکەبە زەبەلاحەکان، درێژییەکەی لە نێوان ١٣-١٥ م دەبێت و لە قوڵایی نشینگەی ئاوە بەستووەکانی باشووری بەستەڵەکی باشوور دەژی.
  • مەرەکەبی همبولت: نشینگەکەی لە ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمنە، ناوەکەشی بەهۆی ئەو ئاڕاستە ئاوییەوە بەدەستهێناوە کە تێیدا دەژی، درێژییەکەی دەگاتە ٢ م و کێشی ٥٠ گم دەبێت، ئەم جۆرە پێکەوە و لە کۆمەڵەی گەورەدا ڕاودەکەن کە دەشێت ژمارەیان بگاتە ١٢٠٠ دانە.


سەرچاوەکان



707 بینین