گا کێوی تبت

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-02-17:50:00 - کۆدی بابەت: 7070
گا کێوی تبت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گا کێوی تبت یاخود یاک (بە عەرەبیقطاس أليف، بە ئینگلیزی: yak)، بە یەکێک لە گیانەوەرەکانی کۆمەڵەی مانگاکان پۆلێندەکرێت، نشینگەکەی بە گشتی لە کیشوەری ئاسیایە لە ناوچە بەرزەکاندا دەژی کە دەگەنە ٤-٦ هەزار مەتر، وەک بەرزاییەکانی چین و نیپاڵ و مەنگۆلیا و ئاسیای ناوەڕاست، گا کێوی تبت لە سروشتدا دەژی بەڵام دەکرێت ماڵیش بکرێت، ئەم گیانەوەرە کۆمەڵایەتییە و پێکەوە دەژین، لە ڕابردوودا ڕووبەڕوی ڕاوکردنی بێ مۆڵەت بووەتەوە و بە یەکێک لە ئەو گیانەوەرانە هەژمارکرابوو کە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، بەڵام لە ئێستادا ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ١٢ ملیۆن و بەرزبوونەوەی ژمارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی پێدانیان لەلایەن خەڵکە ناوخۆییەکانەوە و دەرکردنی یاسای قەدەغەکردنی ڕاوکردنیان و دانانی سزا بۆ ڕاوچییەکان.

سوودەکانی

مرۆڤ هەزاران ساڵ پێش ئێستە ئەم ئاژەڵەی ماڵی کردووە، کە سوودی زۆری هەیە بەهۆی بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری شیر و دواتر دروستکردنی بەرهەمی شیرەمەنی جیاواز لێیەوە و بەکارهێنانی بۆ کێڵاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، جگە لە ئەوانەش گۆشتەکەی بۆ خواردن دەشێت و سوودیش لە فەروو و پێستەکەی دەبینرێت بۆ دروستکردنی جلوبەرگ و بۆ گواستنەوەی شمەکەکان بۆ بەرزاییەکان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ بەکارهێنانی پاشەڕۆکەی وەک سەرچاوەیەکی وزە کە لە زۆرینەی ناوچەکانی بەرزاییەکانی تبت تاکە سەرچاوەی سووتەمەنییە و گەشت کردن بەسەرییەوە بە سوود وەرگرتن لە تواناکەی بۆ ڕۆشتن بە نێو ڕاڕەوە باریکەکاندا، هەروەها وەک هۆکاری خۆشڕابواردن بەکاردێت لە پێشبڕکێیەکاندا وەک ڕاکردن و خلیسکانی سەر سەهۆڵ.

شێوەی دەرەوەی

بە گشتی شێوەی زۆر لە گامێشی تبت دەچێت، فەروویەکی درێژی هەیە و ڕەنگەکەی ڕەش یان قاوەییە و دەکرێت لەگەڵ سپی تێکەڵ بن، ئەم جۆرەی گا بەسوود وەرگرتن لە فەرووە درێژەکەی توانای ژیانکردنی لە ناوچە ساردەکاندا هەیە کە دەکرێت پلەی گەرمییەکەی بگاتە خوار ٤٠ پلەی سەدییەوە، گا کێوی تبت دوو شاخی هەیە لەسەر سەری لەگەڵ کلکێکی درێژ و قەبارەی جۆرە کێوییەکان گەورەترە لە ماڵییەکان، بە گشتی بەرزییەکەی هەتا شانەکانی دەگاتە نزیکەی ٢ م و کێشی دەگاتە زیاتر لە ٨٠٠ کگم، درێژی شاخە چەماوەکانی بەگوێرەی ڕەگەزەکان دەگۆڕێت، لە نێرینەکاندا دەگاتە ٨٠ سم و لە مێینەکاندا ٥٠ سم دەبێت.

خۆراک

هاوشێوەی ئەندامەکانی دیکەی کۆمەڵەی مانگاکان، گا کێوی تبتی گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە، لە وەرزی بەهاردا لە بەرزاییەکان دێتە خوارەوە بۆ خواردنی گژوگیای لەوەڕگاکان و پاشان لە وەرزی هاویندا دەڕواتەوە سەر بەرزاییەکان بۆ خواردنی قەوزە و جۆرە جیاوازەکانی، هەروەها پێویستی هەیە بە خواردنەوەی بڕی دیاریکراو لە ئاو، کە لە وەرزی زستاندا لە ڕێگەی خواردنی بەفرەوە بەدەستی دەهێنێت.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن لە پاییزدا دەستپێدەکات کە نێرینەکان دەچنە نێو کۆمەڵەکان و دەجەنگن لەگەڵ یەکدی بە مەبەستی یەکگرتن لەگەڵ مێینەکان، هەروەها دەنگی نامۆ دەردەکەن کە تەنها تایبەتە بە ئەو کاتە وەک پرخاندن، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکان نزیکەی ٩ مانگ دەخایەنێت، دواتر تەنها یەک بێچوو لەدایکدەبێت، بۆ ماوەی ساڵێک دایکەکە گرنگی بە بێچووەکەی دەدات و شیری پێدادەت، دواتر قۆناغی پشتبەخۆبەستن دەستپێدەکات و بێچووەکە دوور لە دایکەکەی ژیانێکی جێگیر دروستدەکات و لە تەمەنی ٦-٨ ساڵیدا بە تەواوەتی پەرەدەسێنێت و دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونی دەبێت، دایکەکان لەگەڵ بێچووەکانیان پێکەوە بە شێوەی کۆمەڵە دەژین، کە لە ٦-٢٠ ئەندام پێکهاتووە یان دەکرێت بگاتە زیاتر لە ١٠٠ ئەندام، بەڵام نێرینەکان زۆرینەی ساڵەکە بە تەنها دەژین یاخود لە کۆمەڵەی کەمتر لە ١٣ ئەندامی، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە لە گا دەگاتە نزیکەی ٢٥ ساڵ.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

قەبارەی سییەکانی گا کێوی تبت سێ هێندەی سییەکانی هەموو جۆرەکانی دیکەی ئاژەڵە ماڵییەکان دەبێت و لە بەرامبەریشدا دڵێکی زۆر بەهێزی هەیە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر خڕۆکەی سووری خوێن کە ئۆکسجین بەشێوەیەکی کاریگەر لە سییەکانەوە دەگوازنەوە بۆ دڵ و جۆرە سەرەکییەکانی گا کێوی تبت تەنها دوو دانەن، جۆری کێوی و جۆری ماڵی، جیاوازییەکانیشان بە گشتی بریتین لە نشینگە و قەبارە بە تایبەتی کێشیان، کە جۆرە ماڵییەکان بچووکترن بە بەراورد بە جۆرە کێوییەکان، نێرینەی ماڵییەکان کێشیان لە نێوان ٣٠٠-٥٠٠ کگم دەبیت و مێینەکانیش ١٨٠-٢٧٠ کگم دەبن ، لە کاتێکدا نێرینەی جۆرە کێوییەکان دەگەنە زیاتر لە ٩٠٠ کگم.


سەرچاوەکان



538 بینین