گای کۆپارەدار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-02-22:10:00 - کۆدی بابەت: 7071
گای کۆپارەدار

ناوه‌ڕۆك

گا کۆپارەدارەکان

گای کۆپارەدار (بە ئینگلیزی: zebu)، جۆرێکە لە گا و لە کۆمەڵەی شیردەرە سمدارەکاندا پۆلێندەکرێت، نشینگەکەی کیشوەرەکانی ئەفریقا و ئاسیایە، دەتوانێت لە دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی و لەوەڕگاکاندا بژی و یەکێکە لە ئەو گیانەوەرە ماڵییانەی کە لە وڵاتی هیندستاندا زۆر بڵاوە و نزیکەی ٧٥ جۆری جیاوازی هەیە، باوەڕوایە کە نەوەی گیانەوەرێکی لەناوچووە و بۆیەکەمجار ٨٠٠٠ ساڵ پێش ئێستە لە ناوچەیەکی باشووری ئاسیا دەرکەوتووە، پاشان بە شێوەیەکی هێواش بڵاوبوویەوە و ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستە گەیشتووەتە میسڕ، دواتر بۆ یەکەمجار لە سەدەی ١٩ دا گوازراوەتەوە بۆ دوو کیشوەرەکەی ئەمریکا، دواتریش لەگەڵ چەندین جۆر لە مانگاکان پەڕێنراوە و بێچووی نوێی بەرهەم هێناوە بە تایبەتمەندی جیاواز، بەناوبانگترینیشیان گای کۆپارەداری هیندی بەڕازیلییە، هەروەها ئەم گیانەوەرە سەرچاوەیەکی سروشی هونەری بووە بۆ مرۆڤەکان و لەسەر هێمای کانزایی و باڵەخانە و پەیکەرەکاندا هەبووە و لەبەر ئەوەی توانایەکی بەهێزی هەیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆس و هۆکارەکانی نەخۆشی، بۆیە خواستێکی زۆری لەسەرە بۆ ماڵیکردن و بەخێوکردنی.

شێوەی دەرەوەی

جیاواز لە گیانەوەرە ماڵییەکانی دیکە ئەم جۆرەی گا تایبەتمەندی دیاریکراو و جیاوازی هەیە، کە ئاماژە و بەڵگەیە بۆ ئەوەی بنەڕەتێکی دابڕاو و ڕەسەنی تایبەت بە خۆی هەیە، شانەکانی هەڵئاوساو و دیارن و گوێچکەکانی شۆڕبووەوەن، هەروەها شاخەکانی بە ئاڕاستەی سەرە و دواوەی چەماونەتەوە، کە لە هەردوو نێرینە و مێینەدا بە درێژایی تەمەنیان لە گەشەکردن ناوەستێت، پێستێک هەموو جەستەی داپۆشیوە کە دەکرێت ڕەنگەکەی سپی و قاوەیی و ڕەساسی و سوور و ڕەشبێت، لەوانەیە پێستی تێکەڵەی دوو ڕەنگ بێت یان پێستێکی خاڵداری هەبێت و لە ناوچەی ملیدا پێستێکی خاوی هەیە کە پێی دەوترێت غەبغەبە، بە گشتی قەبارەی نێرینەکان گەورەترن لە مێینەکان و کێشی گای کۆپارەدار لە نێوان ١٥٠-٢٠٠ کگم دەبێت.

خۆراک

گیانەوەرێکی ڕووەکخۆری کاوێژکەرە و خواردنی پەسەندی گژوگیایە بەڵام دەتوانێت گوڵ و ڕەگەکانیش بخوات، لەبەر بەهێزی ددانەکانی و شێوازی هاڕاندن و وردکردنی خۆراک، ئەوا ئەم جۆرە لە گا توانای خواردنی ڕووەکە سەخت و ڕەقەکانیشی هەیە، ڕۆژانە توانای خواردنی ٦٨ کگم خۆراکی هەیە کە نزیکەی ٨ کاتژمێر دەلەوەڕێت، پاشان کاتەکانی دیکەی بە پشوودان و کاوێژکردنەوە بەسەردەبات، وە لەهەمان کاتدا گای کۆپارەداریش دەبێت بە نێچیر و ژەمە خۆراکی ئاژەڵی دیکە وەک پشیلەی کێوی و گورگ و ورچەکان یاخود لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕاودەکرێت، لەکاتی ئەم هێرشانەدا دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٤٠ کم ببڕێت، یاخود بەربەرچی هێرشەکان بداتەوە بە بەکارهێنانی شاخەکانی. 

یەکگرتن و زۆربوون

بە گشتی ئەم جۆرە لە گا ئاستی بەرزی دووشێوەبوون لە ڕەگەزیدا هەیە، واتە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ڕەگەزەکاندا هەیە، نێرینە پێگەیشتووەکان بە گامێش ناودەبرێن، لە کاتێکدا مێینە پێگەیشتووەکان دوای ئەوەی بێچوویەکیان دەبێت پێیان دەوترێت مانگا، سەرۆکی کۆمەڵەکەیان جیاواز لە نێرینەکانی دیکە بە درێژایی ساڵەکە توانای یەکگرتنی هەیە لەگەڵ مێینەکان نەک تەنها یەک وەرزی دیاریکراو، و دوای یەکگرتنیش ماوەی سکپڕی نزیکەی ٩ مانگ دەخایەنێت، یەک بێچووی دەبێت بە دەگمەنیش دەکرێت دووانە بێت، دوای لەدایکبوونی بێچووەکە سەرەڕای ئەوەی توانای وەستان و جووڵەکردنی هەیە، بەڵام پشت بەدایکی دەبەستێت و بۆ ماوەی ٦ مانگ شیری دایکی دەخوات، لەهەمان ماوەدا لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەکەیەوە ڕاهێنانی پێدەکرێت بۆ جێگیربوون و فێردەکرت کە چۆن پشتبەخۆی ببەستێت، دواتر لە ماوەی نێوان ١-٢ ساڵ دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونی دەبێت، هەروەها بێچووەکان دەتوانن پەیوەندی بەهێز ببەستن لەگەڵ دایکیاندا و ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم گیانەوەرە لە نێوان ١٢-١٦ ساڵ دەبێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

گا کۆپارەدارەکان گیانەوەری کۆمەڵایەتین و بە درێژایی ساڵ لە نێو کۆمەڵەی گەورەدا دەژین، کە تەنها یەک گامێشی نێرینەی گەورە سەرۆکایەتییان دەکات و کۆمەڵەکە مێینە و بێچووەکانیش لەخۆدەگرێت، کۆمەڵە تایبەتەکەیان هاوشێوەی هەڕەمێکە هەر پلەیەک دەبێت گوێڕایەڵی پلەی سەروو خۆی بێت، ئەگەر نا ڕووبەڕوی هێرش و کردەی تۆڵەلێسەندنەوە دەبێت، پلەکانیش بە گوێرەی رەگەز و تەمەن و زاڵبوون دیاریدەکرێت، بە گشتی پلەبەندی هەڕەمەکە جێگیرە و هێرشی کەم ڕوودەدات، تەنها کاتێک نەبێت کە نێرینەیەکی زاڵ لە پێگەکەی لادەبرێت بەهۆی نێرینەیەکی دیکەوە، هەروەها ئەندامەکان پەیوەندی دەکەن بە یەکترییەوە لە ڕێگەی دەنگ و بەرکەوتن و ئاماژە بینرا و کیمیاییەکانەوە، وە چونکە گیانەوەرێکی ژیرە بەئاسانی توانای ناسینەوەی ئەندامەکانی دیکەی هەیە و توانای ژیانکردنی هەیە لە ناوچە زۆر گەرم و وشکەکاندا بەهۆی پێکهاتە تایبەتمەندەکەی جەستەیەوە، وەک هەبوونی زۆرترین ژمارەی ڕژێنەکانی ئارەقکردنەوە بە بەراورد بە هەموو جۆرەکانی دیکەی گیانەوەرە ماڵییەکان، هەروەها کۆپارەکەشی هاوشێوەی وشترەکان سوودی دەبێت بۆ هەڵگرتن و کۆکرنەوەی خۆراک و پاشان بەکارهێنانی لە کاتی پێویستدا.


سەرچاوەکان



559 بینین