گورگە ماسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-03-19:40:00 - کۆدی بابەت: 7079
گورگە ماسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گورگە ماسی یاخود ماسی گورگاوی (بە عەرەبی: عريك أطلسي، بە ئینگلیزی: wolf fish)، ئەم جۆرە ماسییە لە خێزانی بلینیدا پۆلێندەکرێت، کە ئەندامەکانی ئەم خێزانە هەموویان تایبەتمەندن بە شێوەی پێستیان کە ڕووت یان نیمچە ڕووتە و جەستەیان بە چینێک ماددەی لینج دەورەدراوە، لە هەندێک ناوچە و جێگەی جیاواز بە ناوی دیکە بەناوبانگە وەک گورگی دەریا و ماسی شەیتان و گورگی ماری دەریایی، نشینگەکەی دەکەوێتە کەنارەکانی باکووری زەریای ئەتڵەسی و لە قوڵایی ٢٠ م لە نێو درزی بەردەکاندا دەژی، هەتا ئێستا هیچ ئامێرێکی تایبەت نییە بۆ ڕاوکردنی ئەم جۆرە ماسییە بشێت، کاتێک بە قولاپ هەوڵی ڕاوکردنی دەدرێت ئەوا ماسییەکە گاز لە هەموو شتێکی نزیکی دەگرێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەوەی ببرێتە دەرەوەی نشینگە ئاوییەکەی، هەمان گاز گرتنیش لە سەر وشکانی ئەنجام دەدات بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە بەردەوامی و بێ وەستان، بۆیە کاتێک ڕاوچییەکان ڕاویدەکەن ڕاستەوخۆ دەیکوژن بۆ ئەوەی ڕێگریبکەن لە گازگرتنەکەی و بە گشتی لە نێو تۆڕەکاندا دەگیرێت لەگەڵ کۆمەڵەی دیکەی ماسییە جیاوازەکان، دوای ڕاوکردنی دەتوانرێت ئەم جۆرە ماسییە بە کاڵی و لێنراوی بخورێت، جگە لەوەش پێستەکەی بۆ دروستکردنی شمەکی جیاواز بەکاردێت.

شێوەی دەرەوەی

قەبارەیەکی گەورەی هەیە، درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٢ م و کێشی دەگاتە ١٨ کگم و ماسییەکی دڕندە و بەهێزە و شایەنی ئەوەیە کە ناوی گورگی لێنراوە، سەرێکی گەورەی هەیە لەگەڵ دوو چاوی زەرد و دەمیشی تەختە و بە ددان پڕکراوەتەوە کە هاوشێوەی کەڵبەی گورگەکانە و جەستەشی لووسە، هەموو ئەم تایبەتمەندییانە شێوەیەکی ترسناکیان بە ماسییەکە بەخشیوە، ڕەنگی جەستەی دەکرێت شین و سەوز و قاوەیی و ڕەساسی و ڕەنگی دیکە بێت، کە زۆرجار خاڵدار یان هێلدارە لە تەنیشتەکانیدا، زۆرینەی جۆرەکانی پەڕەکەیەکی درێژیان هەیە کە تەواوی بەشی پشتیان دەگرێتەوە، لەگەڵ پەڕەکەی دیکە لە ناوچەکانی گەدە و حەوزیدا.

خۆراک

ماسییەکی گۆشتخۆرە و بە سوود وەرگرتن لە ددانەکانی دەتوانێت تەنانەت پێکهاتە ڕەقەکانیش ورد بکات، کە ئەم جۆرە ماسییە هەریەک لە توێکڵدارەکان و ژیژکی دەریایی و بێ بڕبڕە ڕووپۆشکراوەکان دەکات بە ژەمی خۆراکی، کە ئەمانە پەسەندترین جۆری خۆراکەکانییەتی بەڵام کاتێک برسیی بێت دەتوانێت ماسییەکانی دیکە ڕاوبکات و ئەستێرەی دەریا و قرژاڵەکانیش دەخوات، سەرەڕای ئەوەی کە بە جۆریکی هێواش و تەمەڵ ستایش دەکرێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا دەتوانێت بگاتە خێراییەکی زۆر بەرز وەک لە کاتی ڕاوکردندا، ئەم ماسییە زۆر بە کەمی دەبێت بە نێچیری گیانەوەرەکانی دیکە، چونکە زۆرینەی کاتەکانی لە نێو درزی بەردەکاندا بەسەردەبات و نایەتە دەرەوە، تەنها کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ژەمە خۆراکییەکانی دەکرێت ببێت بە نێچیری بونەوەرە ئاوییە بەهێزەکانی دیکە بە تایبەتی قرشەکان، یاخود مرۆڤەکان ڕاویان دەکەن.

زۆربوون

لە وەرزی زۆربوونی ماسییەکاندا کە بە گشتی لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا دەبێت، ئەوا ئەم جۆرە ماسییە نێرینە و مێینەیەک دەبن بە هاوبەشی یەکدی بۆ زۆربوونەکە، هەندێک جار دەکرێت بە درێژایی تەمەنیان پێکەوە بن، نشینگەکەیان دەگوازنەوە بۆ ناوچە قوڵەکانی ئاو و مێینەکە هێلکە نەپیتێنراوەکانی دادەنێت و نێرینەکەش تۆوەکەی بەسەردا دەڕژێنێت و دەیانپیتێنێت، دواتر مێینەکە هەزاران هێلکە لە شێوەی تۆپێکی گەورە دەخاتە نێو درزی بەرد و ڕووەکەکانەوە، پاشان هەریەک لە نێرینە و مێینەکە بە یەکسانی و بە گرنگی پێدانێکی زۆرەوە چاودێری هێلکەکان دەکەن، کە هاوشێوەی هەمان سۆز و گرنگی پێدانی گورگە نێرینە و مێینەکانە بۆ بێچووەکانیان و دەکرێت ماوەی ٣-٩ مانگ بخایەنێت هەتا بێچووەکان هەڵدێن لە هێلکەکانیان، بێچووەکان دوای ماوەیەکی زۆر کە دەگاتە نزیکەی ٥ ساڵ بە تەواوەتی پەرەدەسێنن و توانای زۆربوونیان دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە ماسییە بەلایەنی کەمەوە دەگاتە ١٢ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرە سەرەکییەکانی ئەم ماسییە بۆ دوو نەوەی جیاواز دابەشکراون و لێرەدا باسی ٤ جۆری جیاوازیان دەکەین، کە بە گوێرەی شێوەی دەرەوە و نشینگەکانیان پۆلێنکراون:

  • گورگە ماسی ئەتڵەسی: جەستەیەکی شینی هەیە لەگەڵ پەڕەکەی گەورە لەسەر پشتی و بەشی ژێرەوەی جەستەشی سووکە، نشینگەکەی دەکرێت ئەم ناوچانە بێت، باشوری ئیسپانیا و فەڕەنسا و کەنارەکانی نەرویج و ڕووسیا و ناوچەی دەریای باکوور و ئایسلەندا و زۆر ناوچەی دیکەی جیاواز.
  • گورگە ماسی خاڵدار: یاخود ناودەبرێت بە پڵنگە ماسی، تایبەتمەندە بە هەبوونی خاڵی تاریک لەسەر جەستەی کە ڕەنگەکانیان لە نێوان زەیتونی و سەوز و قاوەییدا دەگۆڕێت، هەروەها لە ناوچەکانی باکووری زەریای ئەتڵەسی لە نێوان ڕووسیا و کەنەدا دەژی.
  • گورگە ماسی باکووری: ئەم جۆرەیان لە ناوچەکانی زەریای هێمن لە ڕووسیا و ئالاسکا دۆزراوەتەوە.
  • گورگە ماری دەریایی: ئەم جۆرەیان جەستەیەکی درێژی هاوشێوەی ماری ئاوی هەیە و لە ناوچەکانی باکووری زەریای هێمندا دەژی.


سەرچاوەکان



532 بینین