سوبێر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-18-19:00:00 - کۆدی بابەت: 7302
سوبێر

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی ڕووەکی سوبێر

سوبێر یان کاکتۆس یان پەپک یاخود زمانەخەسوو (بە ئینگلیزی: cactus)، یەکێکە لە ڕووەکە بیابانییەکان و لە خێزانی زەمبەقەکانە، تایبەتمەندە بە بەتوانایی بۆ بەرگەگرتنی کەمئاوی و وشکەساڵی، بە گشتی لە ناوچەی گەرم و سەر شاخە لمییەکان و تەنیشت گوندەکاندا دەچێنرێت و گەشەدەکات، یەکێکە لە ڕووەکە هەمیشەییە چڕ و پڕەکان، پەڕەکانی تایبەتمەندن بە بوونی لێواری تیژ و بە ماددەیەکی مۆمی سپی ڕووپۆش کراون، لەسەر دەرپەڕیوەکانی گوڵی رەنگ ئاڵ دەگرێت، ماوەی گوڵ گرتنەکەشی لە مانگی ٥ ەوە دەستپێدەکات بۆ مانگی ٦، بەڵام ڕەگەکەی لەسەر ڕووی زەوی و تەنیشەکانی ڕووەکەکە گەشەدەکات، هەروەها لەسەر قەدە بچووکەکەشی گەڵای ئەستووری شێوە ڕم گەشەدەکات، درێژی قەدەکەی دەگاتە ٣٠ سم و پانییەکەشی (تیرە) دەکرێت بگاتە ٥ سم، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی هەر ڕووەکێکی سوبێر ١٥-٢٠ گەڵا لەخۆدەگریت.

جۆرەکانی

سوبێر جۆری زۆر و جیاوازی هەیە، ئەمانەی خوارەوە گرنگترین و باوترین جۆرەکانیەتی:

  • سوبێری لوولەیی: شێوەی هاوشێوەی بەرمیلە، دڕکی درێژی پێوەیە و دەکرێت بەرزییەکەی بگاتە ٣م.
  • سوبێری ئەندامی: قەدی درێژی هەیە، بە شێوەی کۆمەڵەیەکی چڕ گەشە دەکات، کە لە نەی و شمشاڵ دەچێت.
  • سوبێری پیاوی پیر: دڕکی تیژی هەیە کە هاوشێوەی مووی سپییە و دەبێتە هۆی پاراستنی ڕووەکەکە لە تیشکی خۆر.
  • سوبێری کوالای گرانبەهایی: قەدەکەی ناسکە و بە ئاسانی دەشکێتەوە، بە هۆی شێوەکەیەوە دەکرێت لە گوێزەرەوە بچێت بە جۆرێکە وەک ئەوەی ئامادەبێت بۆ بازدان.
  • سوبێری ورچی کوالای بچووک: شێوەی لە ورچ دەچێت، بەرزییەکەی دەگاتە ١.٥ م و دڕکی ئەردوازی ڕەنگ قاوەیی هەیە.
  • سوبێری ئەژدیهای دڕکاوی: قەدەکەی هاوشێوەی گەڵایە کە دڕکی لەسەرە، لە ناوچە وشک و شاخاوییەکاندا زۆرە وەک ئەمریکای باکوور.
  • سوبێری ساگوار: ١٢ لقی جیاوازی هەیە، لقەکانی هاوشێوەی باڵەکانن، درێژی قەدەکەی دەگاتە ١٨ م و ئەستوورییەکەشی ٥.٦ م دەبێت.

شێوازی زۆربوونی

بە گوێرەی جۆر و سروشتی ڕووەکەکە شێوازی زۆربوونیشی دەگۆڕیت، گرنگترین ڕێگاکانیش بریتین لە زیادکردن بەهۆی تۆوەوە، باوترین ڕووەکیش کە بە ئەم شێوازە زیاد دەبێت ناوی پورە دادوەرە، یاخود بەهۆی زیادکردنی سەوزەییەوە یان بەهۆی گەڵاکانییەوە وەک ڕووەکی پێستی پڵنگ، یاخود بەهۆی لق و بەشەکانییەوە وەک ڕووەکی خەڵات، هەروەها دەکرێت لە ڕێگەی مووتوربەکردنەوە وەک لە ڕووەکەکانی پیاوی سوبێر و ئەژدیهای دڕکاویدا ئەنجام دەدرێت.

چۆنیەتی چاندنی و گرنگیپێدانی

بۆ چاندنی ڕووەکی سوبێر بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پێویستە ئەم هەنگاوانە ڕەچاوبکرێت:

  • دابینکردنی سوبێری بێچوو و بچووک بۆ چاندن، کە دەکرێت لە ڕێگەی کڕینەوە لە شەتڵگەکان بەدەستبهێنرێت.
  • چاندنی لە گۆزەیەکی گەورە و فراوان چونکە سوبێر بێچوو و لقی بچووکی دیکەی لێ دروست دەبێت.
  • چاندنی لە گڵێکدا کە گونجاوبێت بۆی، دەبێت خاکەکە بەپیتییەکەی مامناوەند بێت و ئاوی زیادە لێیەوە دەربچێت، چونکە سوبێر خۆی بە سروشتی هەڵگری ئاوی زۆرە، کە ئەگەر ئاوی زیادە لە ڕێگەی گڵەکەیەوە دەرنەچێت ئەوا دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕووەکەکە، لە وەرزی هاویندا ئاساییە سوبێرەکان لە دەرەوەی ماڵدا بن، بەڵام لە زستاندا دەبێت بهێنرێتە ژوورەوە چونکە ئاو و باران و شێی زۆر دەبێتە هۆی لەناوچوونی.
  • دڵنیابوونەوە لە ئەوەی کە لە جێگەیەکدا بێت هەتاوی زۆری هەبێت، چونکە سوبێر پێویستی بە تیشکی خۆرە، بۆیە ئەگەر ئەم ڕووەکە لە ماڵەوە دابنرێت ئەوا دەبێت لە بەردەم پەنجەرە یاخود لە باڵکۆندا بێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی تیشکی خۆری پێبگات، ڕۆژانە پێویستی بە ٦-٨ کاتژمێر هەیە هەتا تیشکی خۆری بەربکەوێت.
  • پێش ئاودانی ڕووەکەکە پێویستە دڵنیا ببیتەوە لە ئەوەی کە خاکەکە پێویستی بە ئاوە یاخود نا، ئەمەش لە ڕێگەی نوقم کردنی پەنجەیەک لە نێو خاکەکەیدا، واتە ٥ سم وشک بێت، هەروەها ڕووی سەرەوەی خاکەکە بەتەواوی وشک بووبێت، لە وەرزی زستانیشدا پێویستی بۆ ئاودان کەمترە، چونکە خاکەکەی بە شێوەیەکی هێواشتر ئاو بەکاردەهێنێت، بۆیە زیادەڕەویکردن لە ئاودانی دەبێتە هۆی سیسبوون و گەنینی، لە هاویندا ١٠-١٤ ڕۆژ جارێک پێویستی بە ئاودان هەیە.
  • لە کاتی گواستنەوەی سوبێر لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی دیکە باشترە کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئاو نەدرێت، بۆ ئەوەی ڕەگەکەی لەگەڵ گڵە نوێیەکە ڕابێت.
  • پێویستە لە هاویندا کاتێک لە لووتکەی گەشەکردندایە پەینی بۆ زیادبکرێت بەڵام دواتر لە زستاندا پێویستی پێی نییە چونکە لە ئەو ماوەدا گەشەکردنی هێواش دەبێت و سوودی لێ وەرناگرێت.
  • زیادکردنی هەندێک بەرد دەکرێت ببێتە هۆی گونجاندنی ژینگەیەک کە هاوشێوەی جێگە بنەڕەتییەکەیەتی و لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شێ.


سەرچاوەکان



1504 بینین