فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-21-22:45:00 - کۆدی بابەت: 7342
فریاگوزاری سەرەتایی بۆ سووتانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵ بە هۆی نەزانی و بێئاگایی دایک و باوکەوە زۆرجار هەندێک لە بەشی جەستەی دەسووتێت، زۆرترین جار منداڵەکان بە ئاوی گەرم دەسووتێن و مەرج نییە هەمیشە ئەمەش بێت و دەکرێت بە ئاگر و هۆکارەکانی دیکەش بسووتێن، گرنگە دایک و باوک زۆر ئاگاداری ماڵەوەیان بن لە ڕووی سەلامەتییەوە و ئەگەریش حاڵەتێکی سووتان ڕوویدا دەبێت بزانرێت چۆن ڕووبەڕوو دەبیتەوە لەگەڵیدا و چ فریاگوزارییەکی سەرەتایی بۆ دەکەیت، هەندێک لە خێزانەکان چارەسەری زۆر هەڵە بەکاردەهێنن بۆ سووتاویی منداڵ وەک بەکارهێنانی سەهۆڵ و هێلکە و دۆشاوی تەماتە و کۆمەڵێکی دیکە، کە ئەمانە هەموویان زیاتر زیان دەگەیەنن بە سووتاوییەکە، ئەگەر سووتاویەکە ٪١٥ زیاتر بوو منداڵەکە دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بمێنێتەوە و ئەگەریش کەمتر بوو دەکرێت لە ماڵەوە چاودێری بکرێت و چارەسەر بکرێت.

فریاگوزاری سەرەتایی

  • گرنگترین هەنگاو دوای سووتانی منداڵەکەت دوورخستنەوەیەتی لە سەرچاوەی گەرماکە.
  • ئەگەر بەشێکی جەستەی منداڵەکە گڕی گرتووە پەتوو بەکاربهێنە و منداڵەکە لەسەر زەوییەکە بتلێنە تاکوو بکوژێتەوە.
  • ئەگەر منداڵەکەت بە ماددەیەکی کیمیایی سووتاوە پێش ئەوەی جلەکانی دەربهێنیت ٥ بۆ ٢٠ خولەک شوێنی سووتاوییەکە بە ئاوی سارد بشۆ، ئەمە وادەکات کە بەشەکانی دیکەی جەستەی منداڵەکە ئالوودە نەبن بە ماددە کیمیاییەکەوە، و ئەگەر ماددە کیمیایەکە وەک تۆزێکە ئەوا پێش ئەوەی ئاوی پێدا بکەیت بیتەکێنە.
  • ئەگەر سووتانەکە بەهۆی کارەباوەیە، سەرەتا سەرچاوەی کارەباکە بکوژێنەوە، ئەگەر ناتوانیت ئەمە ئەنجام بدەیت بە بەکارهێنانی ئامێرێکی کارەبا نەگەیەنەر دەتوانیت منداڵەکە لە سەرچاوەی کارەباکە جیابکەیتەوە و هەرگیز دەستت یان ماددەیەکی ئاسن و مس بەکارمەهێنە.

ڕێنمایی بۆ چارەسەری سووتانی منداڵ

  • هۆشداری دایک و باوک زۆر گرنگە تاکوو منداڵەکە نەسووتێت، دوورخستنەوەی ئەو سەرچاوانەی کە دەبنە هۆی سووتان وەک دانانی ئاو و شلەمەنی گەرم لە نزیک منداڵەکانەوە.
  • دوای سووتان گرنگترین کار چارەسەری سووتانەکەو و تەداوییەکی گونجاوییەتی تاکوو تووشی هەوکردن نەبێت و پاک بێت و زوو ساڕێژ ببێت.

باوترین جۆرەکانی سووتان لە منداڵاندا

سووتانی پلە یەک و پلە دووی کەم

سووتانی پلە یەک واتە ئەو سووتانەی بەشی سەرەوەی پێست دەگرێتەوە و پلە دووی کەمیش واتە جێگایەک بسووتێت بە پلە دوو بەڵام ڕووبەری سووتاوییەکە کەم بێت، لەم کاتەدا شوێنی سووتانی منداڵەکە دەخەیتە بەر ئاو و ماوەیەک لەبەر ئاودا دەبێت و دەبێت چ جلوبەرگێکی لەبەردایە لەو ناوچەیەیدا لایببەیت و نابێت هیچ جۆرە کەرەستەیەک وەک دەرمان و سەهۆڵ بەکاربهێنیت، و دەبێت ڕۆژانە تەداوی بکەیت و پاک ڕایگریت تاکوو دوربێت لە هەوکردن.

سووتانی پلە دووی زۆر و پلە سێ

ئەم جۆرە سووتانە بەشێکی زۆری جەستە دەگرێتەوه و دوو چین یاخود هەر سێ چینی پێست زیانی پێ دەگات و پێستەکە بڵق دەکات و هەڵدەئاوسێت، کاتێک جلەکانی منداڵەکەت لادەبەیت نابێت ئەو جلانە لاببەیت کە لکاوە بە سووتاویەکەدا و نابێت ڕایبکێشیت و ٣ بۆ ٥ خولەک شوێنی سووتاویەکە بخەرە بەر ئاوی سارد و هیچ جۆرە دەرمانێک مەدە لە شوێنی سووتاویەکە تاکوو بە زووترین کات دەگەیتە لای پزیشک.

ڕێگریکردن لە سووتانی منداڵ

  • داپۆشینی سەری پلاک و ئامێرە کارەباییەکان کە لە بەردەستدان.
  • دانەنانی ئوتوو بە گەرمی،
  • دوورکەوتنەوە لە هەموو جۆرە دووکەڵەکان لە ماڵەوە وەک جگەرە و نێرگەلە.
  • دانەنانی مەنجەڵ و کتری لەسەر ئاگر و جێهێشتنی منداڵەکە بە تەنها لەو شوێنەدا.
  • لە باوەش نەگرتنی منداڵ لە کاتی چێشت لێناندا.
  • بەکارهێنانی دژەخۆری منداڵانە بۆ ڕێگریکردن لە سووتان بە خۆر لە منداڵەکەتدا.
  • ڕاستەوخۆ منداڵەکەت مەخەرە ناو ئۆتۆمبێلەکەتەوە کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆردا بوو.

چ کاتێک بۆ سووتاوی منداڵ دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ چارەسەری سووتانی مەترسیدار

  • کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی دڵ، دەمارەکان، سییەکان.
  • ئاگاداربوون و کۆنتڕۆڵکردنی ئۆکسجین.
  • دانانی سۆندەی گەدە و سۆندەی میز بۆ منداڵەکە کاتێک نەتوانێت میز بکات و خۆراک بخوات.
  • دانانی موغەزی بەردەوام.
  • بەواداچوون بۆ ئەگەری شکانی شوێنێکی جەستە کاتێک لە سووتاویەکەدا شتێک بەربووبێتەوە و یاخود بە کارەبا بووبێت و منداڵەکەی هەڵدابێت.
  • بەکارهێنانی دەرمانی گونجاوی دژەهەوکردن.


سەرچاوەکان



1261 بینین