هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ لە خانماندا دوای هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-21-23:44:00 - کۆدی بابەت: 7344
هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ لە خانماندا دوای هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ

هەوکردنێکە کە ئەندامەکانی ئەم کۆئەندامە دەگرێتەوە وەک، گورچیلەکان و ڕێڕەوی میز و میزەڵدان و ئەم نەخۆشییە لە هەموو کەس و تەمەنێکدا ڕوودەدات و بەڵام لە کۆمەڵێک کەسی وەک منداڵ و پیر و کەسانی توشبوو بە نەخۆشی شەکرە و لە خانماندا زیاترە و بەتایبەت لە خانمانێک کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر دەبێت.

هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ و پەیوەندی بە هاوسەرگیرییەوە

خانمان دوای هاوسەرگیری ئەگەری توشبوونیان بە ئەم هەوکردنە زیاترە، چونکە خانمان بۆری میزیان کورتترە لە پیاوان و ئەمەش وایکردووە زیاتر توش ببن و کاتێکیش کە هاوسەرگیری دەکەن توشبوونیان بە ئەم هەوکردنە پەیوەندی هەیە بە بابەتی جووتبوونەوە، دەستەواژەیەکی پزیشکی هەیە بە ناوی (honeymoon period sentence) واتە هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ لە مانگی هەنگوینیدا، کە ٪٣٠ـی خانمان دوای هاوسەرگیری تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی جووتبوونە، خانمان خۆیان زیاتر تووشی هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ دەبن وەک لە پیاوان و لە دوای هاوسەرگیریش مەترسی توشبوونیان زیاترە لە جاران ئەویش بەهۆی پاڵنان و پەستان لەسەر میزەڵدانەوەیە لە کاتی جووتبوونەکەدا، هەوکردنی میزەڵدان یەک دوو ڕۆژ دوای گەیشنی بەکتریا و میکرۆب بە میزەڵدان دەست پێ دەکات، بە گشتی بەکتریای E.Coli هۆکاری ٪٨٠ـی هەوکردنی میزەڵدانە لەو خانمانەی کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە، هەروەها خودی کورتی ڕێڕەوی میز لە خانماندا و نزیکی ڕێڕەوەکە لە زێی خانمانەوە هەموو ئەمانە هۆکارن تاکوو خانمەکە تووشی هەوکردن ببێت، دوای ئەوەی میکرۆب و بەکتریاکان لە میزەڵداندا نیشتەجێ دەبن هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ ڕوودەدات، وە هۆکارێکی دیکەش بریتییە لە بەکارهێنانی هەندێک ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی دوای هاوسەرگیری و کەمبوونەوەی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کە ئەمانەش دوو هۆکاری دیکەن.

نیشانەکان

  • هەستکردن بە کزانەوە لە کاتی میزکردندا.
  • ئازار لە کاتی میزکردندا.
  • ئازار لە بەشی خوارەوەی سک.
  • تۆخ بوونی ڕەنگی میز.
  • بوونی خوێن لە میزدا.
  • زوو میزکردن.
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا.

ڕێنوێنی بۆ ڕێگریکردن لەم هەوکردنە

  • پاکوخاوێنی هەردوولا پیاو و ژنەکە پێش جووتبوون.
  • خانمان پێش جووتبوون میز بکەن و میزەڵدانیان خاڵی بکەنەوە.
  • دوای تەواوبوونی جووتبوون بە هەمان شێوە دووبارە خانمان میز بکەن و میزەڵدانیان خاڵی بکەنەوە و دواتر خۆیان پاک و وشک بکەنەوە. 
  • لە کاتی خۆپاککردنەوەدا سەرەتا زێیان پاک بکەنەوە ئینجا بەرەو دواوە و ناوچەی کۆم بڕۆن واتە لە پێشەوە بۆ دواوە.
  • خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو و شلەمەنی.
  • لەبەرنەکردنی جلی تەسکی ژێرەوە و واباشترە جلی ژێرەوە قوماشەکەی لۆکە بێت.
  • بەکارنەهێنانی ئەم ڕێگایانەی ڕێگریکردن لە دووگیانی وەک ڕێگای سپێرم کوژ و ڕێگای ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەربەست (بە ئینگلیزی: diaphragm contraceptive) و کۆندۆم، کە دەتوانیت چەورکەر بەکاربهێنیت لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەر بە کۆندۆم ڕێگریت کرد لە دووگیانی تاکوو ئەگەری هەوکردنت کەمتر بێت.

چارەسەر

ئەگەر بە ڕێنوێنی و دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی وادەکات کە ئەم هەوکردنە زیاتر ببێت چارەسەر نەبوو، ئەوا پزیشک بە پێی بارودۆخی نەخۆشکە دەرمانی دژەبەکتریا دەنوسێت بۆ نەخۆشەکە تاکوو چارەسەر وەرگرێت.


سەرچاوەکان



6104 بینین