حاجی لەقلەق

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-22-16:55:00 - کۆدی بابەت: 7348
حاجی لەقلەق

ناوه‌ڕۆك

حاجی لەقلەقەکان

حاجی لەقلەق (بە ئینگلیزی: white stork)، باڵندەیەکی قەبارە گەورەی کۆمەڵەی لەقلەقەکانە کە چالاکییەکانیان بە ڕۆژدا ئەنجام دەدەن و پێکەوە و بە کۆمەڵە دەژین، نشینگەکەی ناوچەی زۆر و جیاواز دەگرێتەوە، وەک ئەورووپا و باکووری ڕۆژئاوای ئەفریقا و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و باشووری ئەفریقا، هەروەها باڵندەیەکی ناهەرێمییە واتە جێگیر نییە و کۆچدەکات، لە زستاندا ئەو جۆرانەی کە لە ناوچە ساردەکاندا دەژین پێکەوە لە کۆمەڵەی گەورەدا کۆدەبنەوە کە دەگاتە سەدان و هەزاران دانە و کۆچدەکەن بۆ ناوچە گەرمەکانی هێڵی کەمەرەیی بە تایبەتی ئەفریقا، بەڵام لە کاتی کۆچکردنیاندا مەترسییان لەسەرە، دەکرێت بە ڕێگەی نایاسایی ڕاوبکرێن لە ڕێگەی چەکەوە، هەندێک جاریش بەهۆی هێڵە بەرزەکانی کارەباوە دەمرن، لە سەدەی ڕابردوودا لە وڵاتەکانی ئەورووپا ژمارەی حاجی لەقلەقەکان کەمبوونەوە و مەترسیان لەسەر دروستبوو، بەهۆی لەدەستدانی نشینگەکانیان و چڕبوونەوەی کشتوکاڵکردن، بەڵام دواتر و لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ژمارەیان بوژایەوە و بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.  

شێوەی دەرەوەی

حاجی لەقلەقەکان تەواوی جەستەیان بە پەڕی سپی داپۆشراوە جگە لە ناوچەی قەراغی باڵەکانیان کە سپییە، دەنووکیان تیژ و درێژە و قاچەکانیان باریک و پرتەقاڵییە، هەروەها جگە لە پرتەقاڵی دەکرێت ڕەنگەکەی ڕەش و ڕەساسی بێت، زۆرینەیان ڕەنگی پەڕەکانیان سپییە بەڵام هەندێکیان دەکرێت ڕەساسی تۆخ و سوور و ڕەش بن، ناوەندە ڕێژەی بەرزییان لە نێوان ١٠٠-١١٥ سم دەبێت و کێشی لە نێوان ٢.٥-٤.٤ کگم دەبێت.

خۆراک

ئەم جۆرە باڵندەیە گۆشتخۆرە، ژمارەیەک جۆری جیاوازی گیانەوەرەکان دەکات بە ژەمی خۆراکی کە لە لیتا و سەر زەویدا دەژین، وەک ماسی و مار و بۆق و قرتێنەر و مارمێلکە و جاڵجاڵۆکە و توێكڵدارەکان و قرژاڵ لەگەڵ مەمکدارە بچووکەکانیش، هەروەها مریشک و هێلکەی ئەو باڵندانەش دەخۆن کە هێلانەکانیان لەسەر زەوییە، لە هەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە خۆراکی باڵندە ڕاوکەرەکانی دیکە وەک باز و هەڵۆکان، بە تایبەتی بێچووەکانیان.

یەکگرتن و زۆربوون

بە گشتی لە کاتی وەرزی زۆربووندا پێکەوە لە کۆمەڵەی گەورەدا دەژین، بەڵام کاتەکانی دیکە کۆمەڵەکانیان بچووکە و لە ناوچەی دوور لە یەکدی هێلانەکانیان بنیاد دەنێن لە جێگەیەک کە بیانپارێزێت لە گیانەوەرە دڕندەکان و تێڕوانینێکی گونجاویان پێبدات بۆ دەوروبەریان و بە ئاسانی خۆراک بدۆزنەوە، پێکهاتەی هێلانەکەشی تەنها لق و چڵی درەختە کە دەکرێت لەسەر دارەکان و باڵەخانە بەرزەکاندا بێت، بەڵام ئەوانەی کە یەکگرتن ئەنجام نادەن و تەنهان، پێکەوە کۆمەڵەی ٤٠-٥٠ تاک پێکدەهێنن، لە کۆمەڵەی حاجی لەقلەقەکاندا فرەژنی نییە و هەموو تەمەنیان تەنها یەک هاوبەشیان دەبێت، وەرزی زۆربوونیشیان لە بەهاردایە، بە دیاریکراویش لە نێوان مانگی ٣-٤، پێش چەند ڕۆژێک لە دەستپێکی وەرزەکەیان دەگەڕێنەوە بۆ هێلانەکانی وەرزی پێشویان بۆ فراونکردن و نوێکردنەوە هێلانە بەجێماوەکە، دوای یەکگرتن مێینەکە ٢-٥ هێلکە دادەنێت و هەردوو نێرینە و مێینەکە لەسەر هێلکەکان دەنیشن، کە ٣٣-٣٤ ڕۆژ دەخایەنێت و کاتێکیش بێچووەکان هەڵدێن هەردوو نێرینە و مێینەکە بە نۆرە خۆراکیان پێدەدەن، سەرەتای لەدایکبوونیان بێچووەکان پەڕیان نییە، بەڵام بە خێرایی پەڕی نەرم دەردەکەن کە ڕەنگێکی تۆخی هەیە و دەبێتە هۆی پاراستنی گەرمی جەستەی و دوای ٧-٢٠ ڕۆژ لە هەڵهاتنیان دەبنە لەقلەقی جێگیربوو و دوای چەند مانگێکیش پەڕەکانیان بەتەواوی گەشە دەکات و لە تەمەنی ٥٨-٦٤ ڕۆژیدا بە تەواوەتی هێلانەکانیان جێدەهێڵن، هەروەها لە تەمەنی ٣-٥ ساڵی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

ئەم باڵندەیە تا ڕادەیەکی زۆر بێدەنگە و بە نزیکەیی هیچ دەنگێک دەرناکات، لە کاتێکدا هەندێک جۆری دیکەیان دەنگی زۆر بەرز دەردەکەن بۆ پەیوەندیکردن، هەورەها حاجی لەقلەقی سپی ئەورووپی لە کاتی کۆچکردندا دەتوانێت زیاتر لە ١٩٣١٢ کم ببڕێت و حاجی لەقلەقەکان دەرکەوتنێکی جوان و کەشخەیان هەیە، ئەمەش بەهۆی درێژی و باریکی و ڕەنگی قاچەکانیانەوەیە.

جۆرە سەرەکییەکانی

دوو تیرەی سەرەکی لە حاجی لەقلەق هەیە، بەم شێوەیە:

  • تیرەی لەقلەقی سپی: ئەوانەی کە لە ئەورووپا و باکووری ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیا هەن، وەرزی زستانیان لە باشووری ئەفریقادا بەسەردەبەن.
  • تیرەی لەقلەقی سپی ئاسیایی: ئەو جۆرانەی کە لە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای ئاسیا دەژین و وەرزی زستانیان لە هیندستان بەسەردەبەن.


سەرچاوەکان



1458 بینین