ویلایەتی کوینزلاند

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2021-12-24-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7376
ویلایەتی کوینزلاند

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کوینزلاند (بە عەرەبی: كوينزلاند، بە ئینگلیزی: Queensland)، ویلایەتێکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئوسترالیا و دووەم گەورەترین و سێیەم ئاوەدانترین ویلایەتی ئوسترالیایە، لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوا و باشوورەوە بە هەرێمی باکووری و ئوسترالیای باشوور و نیو ساوز وێلز سنووردراوە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتیشەوه کوینزلاند هاوسنوورە لەگەڵ دەریای کۆراڵ "یان دەریای شیلان" و زەریای هێمن، لە باکوورەوە بەنداوی تۆرێسە کە خاکی سەرەکی ئوسترالیا لە پاپوا گینیا نوێ (Papua New Guinea) جیا دەکاتەوە، بە ڕووبەری 1,852,642 کیلۆمەتری چوارگۆشە (715309 میل دووجا), کوینزلاند شەشەم گەورەترین قەوارەی لاوەکی نەتەوەییە لە جیهاندا و لە هەموو قەوارەکان گەورەترە جگە لە 15 وڵات، بەهۆی قەبارەکەیەوە تایبەتمەندی جوگرافییەکان و کەشوهەوای ناوچەکانی کوینزلاند جیاوازن، کە ئەمانە لەخۆدەگرێت، دارستانە باراناوییە گەرمەسێرەکان و ڕووبارەکان و گردی دەریایی شیلان و زنجیرە چیاکان و کەنارە لمینەکان لە ناوچە کەنارییە گەرمەسێر و نیمچە خولگەییەکان، هەروەها بیابانەکان و دەشتی بێدار لە هەرێمە نیمچە وشکەکان و کەشی بیابانە ناوخۆییەکەی, هەروەها‌ ویلایەتی کوینزلاند خاوەنی دانیشتوانێکی زیاتر لە 5.2 ملیۆن کەسییە کە بەدرێژایی کەنارەکە کۆبوونەتەوە بە تایبەتی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوینزلاند.

پایتەخت و گەورەترین شاری ئەم ویلایەتە شاری بریزبێن (Brisbane)ە کە سێیەم گەورەترین شاری ئوسترالیایە، 10 لە 30 گەورەترین شارەکانی وڵاتی ئوسترالیا کەوتۆتە ویلایەتی کوینزلاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ویلایەتەکە فرە کەلتورییە، کە 28.9%ی دانیشتوانەکەی کۆچبەرن, کوینزلاند یەکەمجار ئوسترالییە ڕەسەنەکان و دورگە نشینەکانی بەنداوی تۆرێسی لێ نیشتەجێ بوو، لە ساڵی 1606دا ولیەم جانزونی دەریاگەری هۆڵەندی یەکەم ئەوروپی بوو کە گەشتە ئوسترالیا و بە کەناری ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی کێیپ یۆرک (Cape York Peninsula)دا گەڕا و ناوچەکەی پشکنی، کوینزلاند لە 6ی حوزەیرانی ساڵی 1859 لە نیو ساوت وێڵز جیاکرایەوە (ئێستا وەک ڕۆژی کوینزلاند یادی دەکەنەوە)، بەم شێوەیە کوینزلاند وەک ویلایەتێکی تەواو ژێر دەستەی تاجی خۆبەڕێوەبەر لەگەڵ حکومەتێکی بەرپرس دادەمەزرێنێت و بە شەرەفی شاژن ڤیکتۆریا ناونرا کوینزلاند، ئەم ویلایەتە لە نێو ئەو شەش ویلایەتە تەواو ژێر دەستەی تاجی بوو کە لە 1ی کانوونی دووەمی 1901 بوو بە ویلایەتە دامەزرێنەرەکانی ئوسترالیا لەگەڵ یەکێتی، لە سەردەمی جۆ بێلکی پیتەرسن (Joh bjelke-petersen)ەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، کوینزلاند ئاستی بەرزی کۆچی ناوخۆیی لە ویلایەتەکان و ناوچەکانی تری ئوسترالیا وەرگرتووە و وەک شوێنێکی بەناوبانگ دەمێنێتەوە بۆ کۆچکردنی نێوان ویلایەتەکان, کوینزلاند خاوەنی سێیەم گەورەترین ئابوورییە لە نێو ویلایەتە ئوسترالییەکان، لەگەڵ هێزی کانسازی و کشتوکاڵ و گواستنەوە و پەروەردەی نێودەوڵەتی و بیمە و بانکی، هەروەها بە ویلایەتی تیشکی خۆر ناسراوە بەهۆی ئاووهەوا خولگەیی و نیمچە خولگەییەکەیەوە، پارکی دەریایی (Great Barrier Reef) کە ڕێگری لە لەناوچوونی گردە دەریاییەکان دەکات و زۆری ژمارەی کەناری دەریا و گەشتیاریش گرنگن بۆ ئابووری ویلایەتەکە.

پەروەردە و فێرکردن

ویلایەتی کوینزلاند نیشتیمانی زۆرێک لە زانکۆکانە، کۆنترین زانکۆی ویلایەتەکە زانکۆی کوینزلاندە کە لە ساڵی 1909 دامەزراوە و زۆربەی کات لە نێو 50 زانکۆ یەکەمەکانی جیهاندایە، هەروەها زانکۆ گەورەکانی تر بریتین لە زانکۆی تەکنەلۆجیای کوینزلاند و زانکۆی گریفیت و زانکۆی باشووری کوینزلاند و زانکۆی سەنشاین کۆست و زانکۆی جەیمس کووک (کە یەکەم زانکۆی ویلایەتەکە بوو لە دەرەوەی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوینزلاند)، هەروەها زانکۆی سێنتڕاڵ کوینزلاند و زانکۆی بۆند (کە یەکەم زانکۆی ئەهلی بوو لە ئوسترالیا), هەروەها پەروەردەی نێودەوڵەتی پیشەسازییەکی گرنگە و 134,312 خوێندکاری نێودەوڵەتی لە ساڵی 2018دا ناویان لە ویلایەتەکەدا تۆمار کراوە، بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر شاری بریزبێن کراوەتەوە و زۆربەی قوتابییە نێودەوڵەتییەکانی ویلایەتەکە خەڵکی ئاسیان, لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیشدا ویلایەتی کوینزلاند نیشتیمانی زۆرێک لە قوتابخانە حوکمی و ئەهلییەکانە.


سەرچاوەکان



588 بینین