ئێریک ساتی

له‌لایه‌ن: - دەرو کەمال - به‌روار: 2021-12-27-00:07:00 - کۆدی بابەت: 7400
ئێریک ساتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ئێریک ئەلفرێد لێزلی ساتی (بە ئینگلیزی: Erik Alfred Leslie Satie) ئاوازدانەر و پیانۆژەنێکی ناوداری فەڕەنسی بووە کە بە ستایلە مۆسیقیە نامۆ و گاڵتەئامێزەکانی دەناسرێتەوە، لە ساڵی (١٨٦٦) لە شاری ئۆنفلەر لە فەڕەنسا لە باوکێکی فەڕەنسی و دایکێکی سکۆتلەندی هاتووەتە دونیاوە، هەرزوو خراوەتە پەیمانگای مۆسیقا بەهۆی ئەو بەهرەیەی لە مۆسیقادا هەیبووە، بەڵام دوای دوو ساڵ و نیو لەبەر لاوازی ئاستی لە خوێندندا دەرکراوە. دوای ماوەیەك جارێکی دیکە پەیوەندی کردەوە بە پەیمانگاکەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە لەوەی ڕای مامۆستاکانی بگۆڕێت و دوای ساڵێك وازی هێناوە، دواتر چووەتەپاڵ سوپای فەڕەنسا، بەڵام پاش چەن مانگێك بەهۆی هەوکردنی سییەکانی دوورخراوەتەوە، دوای چاکبوونەوە لە قاوەخانەی (لێ چات نۆیر کابارێت) لە (مۆنتارت) دەستی بە پیشەکەی کردووە وەك پیانۆژەن، هەموو هەوڵێكی داوە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری دارایی و ناوبانگ، لە تەمەنی (٤٥) ساڵیدا ناوبانگی پەیداکردووە لەوکاتەی دوو مۆسیقاژەنی بەناوبانگ بەناوەکانی (کڵۆد دێبیوسی) و (ماوریس ڕوڤێڵ) مۆسیقاکانی ئەو دەژەنن لە یەکێک لە کۆنسێرتەکاندا، هەرزوو دوای ئەوە، مۆسیقاژەنە گەنجەکان دەستیان کردووە بە بەرزنرخاندنی کارەکانی، بەڵام کارەکانی لەدوای مردنی زیاتر ناسێنران، لەدوای تێپەڕبوونی دە ساڵ لە مردنی بە بلیمەت ناوبانگی دەرکردووە.

شێوازی مۆسیقا و بەرهەمەکانی

شێوازی ساتی لە مۆسیقادا زیاتر وەکو خەونێكی قووڵ وایە، هەندێك کات تووڕەیی و بێزارییە، هەندێك کات یاخیبوون و توندووتیژیە، هەندێك کاتیش هەموو ئەوانەیە پێكەوە، ساتی شوێنکەوتووی ڕێبازی شەقڵگەرییە لە مۆسیقادا کە ڕێبازێکە لە سەدەی ١٩ تاکوو سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ سەریهەڵداوە، ئەم ڕێبازە گرنگی دەدات بە دەروون و دەورووبەر.

گرنگترین بەرهەمەکانی

  • سەمای ڕووت.
  • نۆسیەن.
  • نمایش.
  • خۆشمدەوێیت.
  • سوقڕات.

باری خێزانی

ساتی هەرگیز ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە، لە ساڵی (١٨٩٣) پەیوەندی هەبوو لەگەڵ خانمە مۆدێل و وێنەکێش (سۆزان ڤاڵادۆن)، ئەو دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ بکات و چەندەها نامەی سۆزداری بۆ ناردووە، بەڵام لەدوای شەش مانگ بەجێی دەهێڵێت و ئەمەش بەخراپی تێکی دەشکێنێت، لەدوای ئەوە هەرگیز لەگەڵ هیچ ئافرەتێك پەیوەندی نەبووە.

کۆچی دوایی

ساتی بەهۆی تێکشکانی پەیوەندیەکەی لەگەڵ سۆزان، ساڵانێکی زۆر ئالوودەی خواردنەوە بووە، هەر بەهۆی ئەمەشەوە توشی نەخۆشی ڕەقبوونی جگەر بووە. لە ١ی مانگی ٧ی ساڵی (١٩٢٥) لە تەمەنی (٥٩) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی (ئارکوێل) بەخاکسپێردراوە.


سەرچاوەکان



322 بینین