ترسی منداڵ لە گەرماوکردن و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-30-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7447
ترسی منداڵ لە گەرماوکردن و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

بۆچی منداڵ لە گەرماوکردن دەترسێت؟

دەکرێت گەرماوکردن ڕۆژانە یەکێک بێت لە کارە دڵخوازەکانی منداڵان بەڵام ھەندێک لە منداڵان لە کاتی گەرماودا کاردانەوەی نائاسایی لە خۆیان نیشان دەدەن، ھەندێکیان دەقیژێنن و ھەندێکی تریان دەگرین، لەم جۆرە کاتانەدا لەوانەیە بۆ ئارام کردنەوەی بارودۆخەکە ھەر کارێک ئەنجام بدەن، لەگەڵ منداڵەکەتان بچنە گەرماو و لەوێ یاری لەگەڵدا بکەن یان تەنانەت بۆ ئەوەی ھانی بدەن بۆ گەرماوکردن خەڵاتی پێ بدەن، بەڵام لەوانەیە ھەموو ئەم کارانە بێسوود بێت، بەدڵخۆشییەوە چەندین تەکنیک و ڕێکارێک بوونیان ھەیە کە ترسی منداڵان لە گەرماوکردن کەم دەکەنەوە، ئەم ڕێکارانە ھاوکارن بۆ خۆشەویستکردنی گەرماو لای منداڵان، لێرەدا باس لە ھەندێک ڕێکار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ھەستی ترس لە گەرماوکردن لەلای منداڵان:

  1. منداڵەکەتان لەناو بانیۆ یان تەشتێکی بەتاڵدا دابنێن: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک کە منداڵ بانیۆ یان تەشتێکی پڕ لە ئاو دەبینێت نیگەران دەبێت و دەترسێت، لەبەر ئەمە پێویستە پێش ئەوەی کە ئاو بکەنە ناو تەشتەکەوە منداڵەکەتان لەناوی دابنێن، کاتێک کە منداڵەکە بانیۆ یان تەشتێکی پڕ لە ئاو دەبینێت، بیرکردنەوە لەوەی کە دەخرێتە ناو ئەو حەوزە پڕ لە ئاوە دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر ترسناک بێت بۆی بۆیە خۆشۆردنەکە ڕەت دەکاتەوە، کاتێک کە منداڵەکە لە ناو تەشتەکە دانیشتووە بە ھێمنی ئاوی تێبکەن، پێویست ناکات بە تەواوی پڕی بکەن لە ئاو چونکە پێویستیان بە بڕێکی زۆر ئاو نابێت.
  2. تا دەتوانن هەموو جلەکانی منداڵەکە دامەکەنن: زۆرێک لە منداڵان تەنانەت پێش داکەندنی جلەکانیشیان بەرگری دەکەن لەوەی بچنە گەرماو، تەنانەت داکەندنی جلی منداڵ لەوانەیە ببێتە هۆی تووڕەیی هەردووکتان، لەبەرانبەردا هەوڵمەدەن هەموو جلەکانی دابکەنن تا دەیبەنە ناو تەشتەکە یان بانیۆکە، لە قۆناغی دواتردا کاتێک منداڵ ئاسوودەتر بوو و کەمێک شڵەژانی کەمبووەوە و تووڕەیی نەما، جلەکانی دابنێن.
  3. پلەی گەرمی شوێنەکە گونجاو بێت: گۆڕان لە حاڵەتی وشک و پلەی گەرمی گونجاو بە جلەوە بۆ حاڵەتێکی تەڕ و دانانی جلەکان و سەرما دەکرێت گۆڕانێکی گەورەبێت بۆ منداڵە بچووکەکەتان، دڵنیاببنەوە لەوەی کە پلەی گەرمی گەرماوەکە گەرمە و منداڵەکە هەست بە سەرما ناکات، چونکە ئەم کارە دەبێتە هۆی ئارامی منداڵ و شڵەژانی کەم دەکاتەوە، هەروا لە ڕۆژە زۆر گەرمەکانی هاوینیشدا هەوڵبدەن دەرگای گەرماوەکە دانەخەن و شوێنەکە زۆر گەرم مەکەن تا منداڵەکە بە گەرما بێزار نەبێت.
  4. با ژینگەی گەرماوەکە بۆ منداڵەکە سەرقاڵکەر بێت: حەزەکانی منداڵەکانتان بزانن و ئەو کاتانەی کە بێزاری دەردەبڕن سوودیان لێ وەربگرن، کاتی گەرماو ئەو بووکەڵەیە ببەن کە دڵخوازی منداڵەکەتانە تا یاری پێبکات یان بۆ نموونە دەتوانن کاغەز بەلەمێک دروست بکەن و لەناو ئاوەکەدا دایبنێن، هەرچەند زیاتر حەزەکانی منداڵەکەتان بزانن ئەوەندە زیاتر حەزیان لە گەرماو دەبێت و تەنانەت ڕەنگە دوای ماوەیەک ڕۆشتنە گەرماو ببێتە یەکێک لە چالاکییە دڵخوازەکانی.
  5. کاتی گەرماوکردن یاری لەگەڵ منداڵەکانتان بکەن: هیچ شتێک وەکوو هەبوونی ئامڕازێکی یاری تایبەت به گەرماو ناتوانێت گەرماوکردن لای منداڵ خۆشەویست بکات، لەکاتی گەرماوکردن بە ئامڕازی یارییەکانی یاری لەگەڵ منداڵ بکەن.
  6. لەبری لفکە دەست بەکاربهێنن: زۆرێک لە منداڵان لە لفکەی گەرماو دەترسن و لێی ڕادەکەن، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت لفکە ئازاریان پێ بگەیەنێت یان ئەوەی بەرکەوتنی پێست بە پێستی دەستی دایک لەوانەیە هەستێکی باشتریان بداتێ و وەکوو شێلانێکی ئارامکەرەوە وابێت بۆی.
  7. ترسی منداڵە بچووکەکەتان پەسەند بکەن: هەستی ترسی منداڵ لە گەرماو هەرچەندە نائاسایی بێت و نائومێدکەر بێت لەکۆتاییدا دەبێتە هۆی بێتاقەتکردنی ئەو و لە ڕۆشتن بۆ گەرماو دەترسێت، هەروەها منداڵی بچووک خەریکی ناسینی دونیای دەورووبەرییەتی و دونیای ئەوان سنووردار و بچووکە، هەر لەبەر ئەوە ڕەنگە لە شتانێکی ئاسایی بترسن، بە خستنەڕووی خاڵە ئەرێنییەکان ترسەکەی بڕەوێننەوە، وەکوو ئەوەی چۆن ئاو جەستەی ئێمە پاک دەکاتەوە و سوودی زۆرە.
  8. گەرماوکردن بکەن بە ئەزموونێکی ئەرێنی بۆ منداڵ: ئەگەر له کاتی گەرماوکردن هەستی ترس و تووڕەییتان هەبێت ئەم هەستە بۆ منداڵەکانیشتان دەگوازرێتەوە، منداڵەکان بە ئاسانی لە هەستی دایک و باوکیان تێدەگەن بۆیە هەوڵبدەن لە کاتی گەرماو وزەی ئەرێنیتان هەبێت، گۆرانی بڵێن بۆ منداڵەکەتان و یاری لەگەڵ بکەن و کاتێکی خۆش بەسەرببەن.


سەرچاوەکان



613 بینین