پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-06-16:15:00 - کۆدی بابەت: 7515
پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن

پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن (بە ئینگلیزی: Yellowstone National Park)، پارکێکی نەتەوەیی ئەمریکییە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاڕادەیەکی زۆر لە گۆشەی باکووری ڕۆژئاوای وایۆمینگەوە درێژ دەبێتەوە بۆ مۆنتانا و ئایداهۆ، لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە دامەزراوە و لە 1ی ئازاری 1872دا لەلایەن سەرۆک (ئۆلیس سیمون گرانت)ەوە واژۆ کراوە، یەلۆستۆن یەکەم پارکی نەتەوەیی بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەلای ژمارەیەکی زۆر کەسەوە یەکەم پارکی نەتەوەییە لە جیهاندا، هەروەها پارکەکە بە گیانەوەرە کێوییەکان لە ناویدا ناسراوە لەگەڵ ئەو ژینگانەی کە بەکتریا یان وردەزیندەوەرانی گەرمادۆستی لێ دەژین بەتایبەتی کانی ئاوگەرمی (Old Faithful) کە یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری ژینگەکان، هەرچەندە ئەم پارکە چەندین جۆری زیندەمەڵبەندەکان نیشان دەدەن، بەڵام دارستانی دامێنی شاخەکان بێشومارترینن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارکه بەشێکە لە ناوچەیەکی دارستانی باشووری چیای ڕۆکی ناوەڕاست (Central Rockies).

ئەمریکییە ڕەسەنەکان بەلایەنی کەمەوە بۆ 11,000 ساڵ لە ناوچەی یەلۆستۆندا ژیاون، جگە لەو ئەمریکییانەی کە لە سەرەتا تا ناوەڕاستی سەدەی 19دا سەردانیان کرد و لە سنووری وڵاتەکەدا ژیان، گەڕان و لێکۆڵینەوەی ڕێکوپێک لە ناوچەکە دەستی پێ نەکرد تا کۆتایی 1860کان، پارکەکە لە بنەڕەتدا لەژێر دەسەڵاتی دادوەری وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەبردرا و چاودێری دەکرا، یەکەم سکرتێری ناوخۆییش کە چاودێری پارکەکەی کرد "کۆلومبوس دیلانۆ" بوو، پاشان بۆ ماوەی 30 ساڵ لە نێوان ساڵانی 1886 بۆ 1916 چاودێریکردنی ئیدارەی پارکی یەلۆستۆن دەسەڵات بە سوپای ئەمریکا درا، لە ساڵی 1917 بەڕێوبەرایەتی گشتی پارکەکە گوازرایەوە بۆ خزمەتگوزاری پارکی نەتەوەیی (National Park Service) کە ساڵی پێشووتر واتە ساڵی 1916 دروستکرابوو، هەروەها سەدان بینا بنیاتنران و بە مەبەستی گرنگی بیناسازی و مێژووییان پارێزراون و توێژەران پشکن و لێکۆڵینەوەیان لە زیاتر 1000 شوێنی دێرین کردووە.

پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن ڕووبەری 3,468.4 میل دووجا (8,983 کیلۆمەتر دووجا) دەگرێتەوە و دەریاچەکان و دەربەندەکان و ڕووبارەکان و زنجیرە چیاکان لەخۆدەگرێت، دەریاچەی یەلۆستۆن یەکێکە لەو دەریاچانەی ئەمریکای باکوور کە بەرزترینن لە ئاستی دەریاوه و لە سەرووی یەلۆستۆن کالدێرا کە گەورەترین گڕکانی بەهێزە و لە کیشوەرەکەدا چڕبۆتەوە، کالدێرا بە گڕکانی خامۆش دانراوه کە لەماوەی دوو ملیۆن ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک بە هێزێکی زۆر گەورەوە تەقاوەتەوە، هەروەها زیاتر لە نیوەی فوارە گەرمەکانی جیهان و ئەو ژینگانەی کە بەکتریا یان وردەزیندەوەرانی گەرمادۆستی لێ دەژین لە یەلۆستۆنن و بەم چالاکییە بەردەوامە گڕکانانە زیاتر و بەهێزتر دەبن، لەەڵ ئەوەشدا ئەو گڕکان و بەردانەی کە لە هەڵچوون و تەقینەوەی ئەم بورکانانەوە دەردەپەڕین زۆربەی ڕووبەرەکانی یەلۆستۆن دادەپۆشن، پارکەکە ناوەندی سەرەکی سیستەمی ژینگەیی یەلۆستۆنی مەزنترە (Greater Yellowstone Ecosystem) کە گەورەترین سیستەمی ژینگەی جێماوی پارێزراوە لە ناوچەی مامناوەندی باکووری زەوی، لە ساڵی 1978دا پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن بە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ ناوزەند کرا.

سەدان جۆر لە گیانەوەرە شیردەرەکان، باڵندەکان، ماسییەکان، خشۆکەکان و وشکاوەکییەکان بە بەڵگەوە تۆمارکراون، لەنێویشیاندا چەندین جۆر بوونی هەیە کە مەترسیدان یان هەڕەشەیان لەسەرە، هەروەها دارستانە گەورەکان و لەوەڕەکانی ئەم ناوچەیە چەندین جۆر ڕووەکی بێهاوتا لەخۆدەگرن، پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆن گەورەترین و بەناوبانگترین شوێنی گیانەوەرە گەورەکانی ناوچەکەیە لە وڵاتە هاوسنوورەکانی ئەمریکا وک، ورچی گەورە، بەڵەکەکان، گورگ، کەڵەکێوی و ڕەوە بایسوون (گايەكی ئەمريكی ڕەشتاڵەيە)ـێک کە بەبێ بەستنەوە لە ناوچەکەدا دێن و دەچن و لەم پارکەدا دەژین، ئەو ڕەوە بایسوونەی کە لە پارکی نەتەوەیی یەلۆستۆندا هەن بەتەمەنترین و گەورەترین ڕەوە بایسوونن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها هەموو ساڵێک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارکەکە ڕوودەدات، لە ئاگرکەوتنەوە گەورەکەی ساڵی 1988، نزیکەی یەک لەسەر سێی پارکەکە سووتا، لەگەڵ ئەوەشدا یەلۆستۆن ژمارەیەکی زۆر یاری و کاتی خۆش دەڕەخسێنێت بۆ سەردانکەرانی پارکەکە لەوانەش پیادەڕەویی، مانەوە لە چادردا، بەلەم‌سواری، ماسیگرتن و سەردانکردنی شوێنە گەشتیاریەکان، ڕێگا قیرتاوکراوەکان ڕێگەخۆشکەرن بۆ زوو گەشتن بەو ناوچە سەرەکییانەی کە بەکتریا یان وردەزیندەوەرانی گەرمادۆستی لێ دەژین لەگەڵ هەندێک لە دەریاچەکان و تاڤگەکان، بەدرێژایی وەرزی زستان سەردانکەرانی یەلۆستۆن زۆرجار لە ڕێگەی گەشت لەگەڵ گەشتەواندا گەشت دەکەن کە یان گالیسکەکانی سەر بەفر یان ماشێنەکانی بەفرڕەوی بەکاردەهێنن بۆ گەشتن بە پارکەکە.


سەرچاوەکان



567 بینین