پاپوا گینێی نوێ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-07-13:30:00 - کۆدی بابەت: 7522
پاپوا گینێی نوێ

ناوه‌ڕۆك

دەوڵەتی سەربەخۆی پاپوا گینێی نوێ

پاپوا گینێی نوێ (بە ئینگلیزی: Papua New Guinea) یان دەوڵەتی سەربەخۆی پاپوا گینێی نوێ (Independent State of Papua New Guinea) وڵاتێکە لە ئۆقیانووسیا کە نیوەی ڕۆژهەڵاتی دوورگەی گینێی نوێ و دوورگەکانی دەوروبەری کەناری لە میلانێزیا (کە ناوچەیەکە لە باشووری ڕۆژئاوای ئۆقیانووسی هێمن لە باکوری ئوسترالیا) لەخۆدەگرێت، پایتەختی پاپوا گینێی نوێ دەکەوێتە کەناری باشووری ڕۆژهەڵات و شارێکە بە ناوی پۆرت مۆرسبی، پاپوا گینێی نوێ سێیەم گەورەترین وڵاتی دوورگەیی جیهانە کە ڕووبەری 462,840 کیلۆمەتر دووجا (178,700 میل دووجا) داگیر دەکات.

لە ئاستی نەتەوەییشدا، دوای ئەوەی لە ساڵی 1884ەوە لەلایەن سێ هێزی دەرەکییەوە بەڕێوەدەبرێت پاپوا گینێی نوێ لە ساڵی 1975دا سەروەری خۆی ڕاگەیاند، ئەمە دوای نزیکەی 60 ساڵ لە ئیدارەی ئوسترالی هات کە لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا دەستی پێکرد، هەروەها لە ساڵی 1975 بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆی وڵکەی کۆمۆنوێلت (Commonwealth realm) کە ئێلیزابێزی دووەم شاژن و سەرۆکیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بووەتە ئەندامی کۆمۆنوێلتی گەلەکان.

کولتوور و ژمارە و زمانی دانیشتوان

پاپوا گینێی نوێ لەڕووی کولتووری و شارستانییەوە یەکێکە لە وڵاتە هەمەجۆرەکانی جیهان، لە ساڵی 2019وە زۆربەی دانیشتوانەکەی لە ناوچە لادێییەکاندا دەژین و تەنها ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوانەکەی کە 13.25% لە ناوەندەکانی شاردا دەژین، هەروەها 851 زمانی ناسراو لەم وڵاتەدا هەیە کە 11 زمانیان ئێستا قسەکەری ناسراویان نییە، زۆربەی دانیشتوانی پاپوا گینێی نوێ کە زیاتر لە 8,000,000 کەسە لە کۆمەڵگە ئاساییەکاندا دەژین، کە ئەمانیش وەکو  ئەو زمانانەی کە لە ناوچەکەدا قسەیان پێ دەکرێت جیاواز و هەمەجۆرن، ئەم وڵاتە یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە لە بواری کولتووری و جوگرافییەوە کەمترین کەس گەشتی بۆ دەکەن و لە ناوچەکە دەکۆڵنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پاپوا گینێی نوێ وا ناسراوە کە کۆمەڵێکی زۆر لەو کەسانەی تێدایە کە بەتەواوی دوورەپەرێز و گۆشەگیرن و تێکەڵ نابن، توێژەرانیش پێیانوایە چەندین جۆری ڕووەک و گیانەوەری نەناسراو لەناو وڵاتەکەدا هەن.

ئابووری ناوچەکە

دەوڵەتە سەروەرەکە وەکوو ئابوورییەکی گەشەسەندوو لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پۆلێن کراوە، نزیکەی 40%ی دانیشتوانەکەی خۆبژێوین و لە ژیانێکی سروشتیدا دەژین، بەبێ ئەوەی دەستیان بە سەرمایەی جیهانی بگات، زۆربەی خەڵک بە پشتبەستن بە کشتوکاڵ لە گرووپە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییە بەهێزەکاندا دەژین، هەروەها ژیانی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی ئەم وڵاتە ئایینی نەریتی پەیوەست دەکەن بە پەیڕەوی مۆدێرنەوە، لە نێوانیاندا پەروەردەی سەرەتایی، ئەم کۆمەڵگا و خێڵانە لە دەستووری پاپوا گینیای نوێدا بە ئاشکرا دەناسرێنەوە کە گوزارشت لە خواستی "مانەوەی گوند و کۆمەڵگە تەقلیدییەکان دەکات وەکو بەشە زیندووەکانی کۆمەڵگای پاپوا گینێی نوێ"، گرنگی بەردەوامی خۆیان لە ژیانی نیشتیمانی و کۆمەڵگەی نەتەوەییدا دەپارێزێت، نەتەوەکە لە ساڵی 1976ەوە لە کۆمەڵەی گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) دەوڵەتێکی چاودێری بووە و داوای ئەندامێتی تەواوی پێشکەش کردووە، پاپوا گینی نوێ ئەندامێکی ئاسایی کۆمۆنوێلتی گەلەکان و کۆمەڵگای زەریای هێمن (Pacific Community) و کۆڕی دوورگەکانی زەریای هێمن (Pacific Islands Forum).


سەرچاوەکان



313 بینین