خورانی مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-07-21:55:00 - کۆدی بابەت: 7527
خورانی مەمک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خوران حاڵەتێکی بێزارکەرە و هەستێکی ناخۆشت پێ دەبەخشێت، ئەندامەکانی جەستە بەگشتی دەخورێن و مەمکیش یەکێکه لەو ئەندامانە و هۆکاری زۆر هەیە بۆ خورانی.

ئەو نیشانانەی دەکرێت لەگەڵ خورانەکەدا هەبێت چین؟

نیشانەکانی بەپێی هۆکاری خورانەکە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەش دەگۆڕێت کە ئەمانەن:

  • هەستکردن بە گرێی مەمک.
  • هاتنە دەرەوەی کێم و شلە لە مەمکدا.
  • شینبوونەوەی مەمک.
  • هەڵدانی پێستی مەمک.
  • سووربوونەوه و ئاوسان.
  • شێداری و ئازار.

کۆمەڵێک نیشانەی جەستە کە دەکرێت لەگەڵ خورانی مەکمدا دروست ببن:

  • کۆکە.
  • تا و لەرز.
  • سەرئێشه.
  • ڕەقبوون و ئازاری ماسولکەکان.
  • ئاوی لووت.
  • قوڕگ ئێشە.

هۆکارەکان

پیسبوونی ستیان

کاتێک ماوەیەکی زۆر ستیانێکت لەبەردایە و نەشۆراوە تووشی خورانی مەمکت دەبیت، مەمک ناوچەیەکی لەبارە بۆ گەشەکردنی بەکتریاکان و زیانگەیاندن بە مەمک، بۆیە گرنکە کە پاکوخاوێنی ڕابگریت و کە ستیانەکەت پیس بوو بیشۆیت، هەروەها ئەوانەی کە ڕۆژانە وەرزش دەکەن و ستیانی وەرزشی لەبەردەکەن دەبێت دوای هەر وەرزشێک ستیانەکە بشۆن.

گەرما

گەرما هۆکارێکە بۆ خورانی مەمک، چونکە کاتێک مەمک گەرمای زۆر لێی دەدات دەست دەکات بە ئارەقکردنەوە و هەر بۆیە پێستی مەمک سوور دەبێتەوە و تووشی خوران دەبێت، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ئارەق زۆر بە پێستەوە بمێنێتەوە و ببێتە هۆی گیرانی کونیلەکانی پێست.

سووتان بە خۆر

لە گەرمای زۆردا هەموو بەشەکانی جەستە دەبێت پارێزراوبن و لە کاتی چوونە دەرەوەدا دژەخۆر بەکاربهێنرێت چونکە سووتان بە تیشکی خۆر هۆکارێکە بۆ خورانی مەمک.

نەخۆشی

کۆمەڵێک نەخۆشی جەستە هۆکارن بۆ خورانی مەمک وەک نەخۆشییەکانی:

  • نەخۆشی تامیسکە (بە ئینگلیزی: herpes zoster)
  • نەخۆشییەکانی سایرۆیدە ڕژێن.
  • شێرپەنجەی مەمک.
  • گرێی ناشێرپەنجەیی مەمک.

ئەگزیما

ئەگزیما نەخۆشییەکی درێژخایەنی پێستە کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و هەوکردنی پێستەکە و سوربوونەوە و خورانی لەگەڵدایە، پزیشک دەڵێت: ئەگەر ماوەیەکی زۆر تووشی خورانی مەمک بوویت ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەگزیمایە.

نەخۆشی سەدەف

نەخۆشی سەدەف (بە ئینگلیزی: psoriasis) نەخۆشییەکی پێستە کە خانەکانی پێستەکە لە حاڵەتی ئاسایی زیاتر دوو هێند دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی سووربوونەوە و وشکبوونەوەی پێستەکە و لە ئەنجامیشدا خورانی پێست.

بەکارهێنانی پاککەرەوەی نەگونجاو

لەوانەیە بەبەکارهێنانی سابوون و کۆمەڵێک ماددەی پاککەرەوەی دیکەی وەک شامپۆ مەمک تووشی هەوکردن بکەن، جۆرە هەوکردنێک هەیە بەناوی هەوکردنی پەیوەندیداری پێست (بە ئینگلیزی: Contact dermatitis) هەوکردنێکە کە پێستی جەستە بە بەرکەوتنی ماددەیەک هەستیار دەبێت و لەوانەیە ئەو ماددە پاککەرەوەی کە ستیانەکەتی پێ دەشۆیت یان جلی ژێرەوەت هەستیاریت پێی هەبێت بۆیە دەبێت وریا بیت لە هەڵبژاردنیاندا، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە وشکبوونەوەی پێستی مەمک، ئاوسان، هەڵدانی پێستەکە، شەقبوون و سووربوونەوە.

ستیان

ستیانی جۆری جیاواز و بە قووماش و قەبارەی جیاواز بەردەستە، ئەو ستیانانەی کە قووماشەکەیان خراپە و زۆر توندن هەستیاری بۆ پێست دروست دەکەن و لە ئەنجامدا پێست سووردەبێتەوە و دەخورێت، بۆیە ئەگەر ستیانێکی نوێت بەکارهێنا و دووچاری خوران بوویتەوە ئەوا بەدڵنییایەوە هەستیاریت پێی هەیە، هەروەها لابردنی ستیان لەکاتی خەوتندا زۆر گرنگە تاکوو دووربیت لە خورانی مەمک.

تووشبوونی کەڕوویی ژێر مەمک

تووشبوونی کەڕوویی لە زۆر ناوچەیی جەستەدا ڕوودەدات و یەکێک لەوانەش ژێری مەمکە کە بەهۆی زۆر شێداری و بە تەڕی مانەوەی مەمکەوەیە کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەگی لەبار و گونجاو بۆ گەشەکردنی کەڕووەکان و پێویستە کە ژێر مەمکت وشک بێت تاکوو تووشی کەڕووەکان نەبیت.

وشکبوونەوەی پێستی مەمک

هەبوونی پێستی وشک دەکرێت هۆکارێک بێت بۆ خورانی مەمک، نەک تەنها مەمک لە هەر بەشێکی جەستەدا پێستەکە زۆر وشک بێت دەبێتە هۆی خورانی ئەو ناوچەیە، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست ئەمانەن:

  • گۆڕانی ئاووهەوا
  • شێداری کەم
  • ماددەی کیمیایی توند
  • کەمی ئاوی جەستە

پێوەدانی مێرووەکان

زۆرجار پێوەدانی مێرووەکان هەستیاری دروست دەکەن و ئەگەر مێروویەک بە مەمکەوە بدات لە ئەنجامدا هەستیاری و خوران درووست دەکات.

تەمەنی نائومێدی

لەماوەی تەمەنی نائومێدیدا کە ئیتر سوڕی مانگانە ڕوونادات و جەستە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری زۆری هۆڕمۆنەکان دەبێتەوە، هەربۆیە کەمی شێداری جەستە لەوکاتەدا هۆکارە بۆ وشکبوونەوەی پێست و خورانی مەمک.

دووگیانی و شیردان

لەماوەی دووگیانی و شیرداندا قەبارەی مەمکەکان دوو بۆ سێ ئەوەندەی جارانیان گەورەتر دەبن و لە ئەنجامی ئەمەشدا پێستەکە تووشی شەقبوون و قڵیش دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی خورانی مەمکەکە، لەماوەی شیردانیشدا گۆی مەمک تووشی شەقبوون  دەبێت و یاخود شیر لە مەمکدا دەمێنێتەوە لە ئەنجامیشدا تووشی خوران دەبێت.

زیانی لاوەکی کۆمەڵێک دەرمان

بەگشتی هەموو دەرمانێک بەشی خۆی زیانی لاوەکی هەیە و ئەم زیانانە لە دەرمانێکەوە بۆ دەرمانێکی تر و لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر دەگۆڕدرێن، دەرمانەکانی زیپکە و دەرمانە میزپێکەرەکان و بەشێک لە دەرمانەکانی بەرزی کۆلیستڕۆڵ و بەرزی پەستانی خوێن ئەو زیانە لاوەکییەیان هەیە کە دەبنە هۆی وشکبوونەوەی پێست و خورانی.

گەشەی مەمکەکان

گەشەی مەمک بە هۆکاری زۆر دەگۆڕدرێت وەک تەمەنی هەرزەکاری و ماوەی دووگیانی و شیردان، ئەم گەشەکردن و گۆڕانکارییه دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێستی دەورووبەری مەمک بکشێت و بێتەوە یەک و ئەمەش وادەکات خوران دروس ببێت.

شێرپەنجەی مەمک

هەموو هۆکارەکانی کە باسکران سەرەکیترین هۆکارن بۆ خورانی مەمک و شێرپەنجەی مەمک هۆکارێکی دەگمەنە و بەڵام چەند جۆرێکی شێرپەنجەی مەمک هەیە وەک شێرپەنجەی هەوکردنی مەمک کە نیشانەکانی بریتین لە، پێستی زبر، سووربوونەوە و هەڵئاوسان، یاخود لەوانەیە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک لە جۆری پاجێت (بە ئینگلیزی: Paget disease of the breast) کە شێرپەنجەیەکی دەگمەنی مەمکە کە خانە شێرپەنجەییەکان دەچنە ناو جۆگەی شیر و لە دەوروبەری گۆی مەمک کۆدەبنەوە و دەبنە گرێیەک، کە نیشانەکانی بریتییە لە هەڵدانی پێستی مەمک، زبربوونی مەمک، بوونی دەردراوی خوێناوی و چوونەوە ناوەوەی گۆی مەمک.

چارەسەر بە تیشک بۆ مەمک

کاتێک چارەسەر بە تیشک دەکرێت بۆ شێرپەنجەی مەمک بەهۆی تیشکەکانەوە پێستی مەمک سووردەبێتەوە و وشک دەبێتەوە و دەخورێت.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لەکاتێکدا کە خورانی مەمک بەگشتی بەهۆی چەند هۆکارێکی سادەی وەک کشانی پێست و گەرما و ئەگزیماوە ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر هەر یەکە لەم نیشانانەت تیا دەرکەوت سەردانی پزیشک بکە:

  • ئەگەر خورانەکە چەند ڕۆژ یان چەند هەفتەیەک زیاتر درێژەی کێشا
  • توندی خورانەکە زۆر بێت
  • مەمک بئاوسێت یاخود هەستیار بێت بە دەست لێدان
  • دوای بەکارهێنانی چارەسەریش بۆی، خورانەکە هەر بمێنێت
  • هەبوونی بڵق و سووربوونەوە لەسەر مەمک

چارەسەر بە دەرمان

کرێم و مەڵهەم

دەتوانیت کرێم و مەڵهەم بەکاربهێنیت تاکوو خورانەکەی نەمێنێت، وەک دەرمانەکانی پرامۆکسین، هایدرۆکۆرتیزۆن.

دژەهەستیارییەکان

کاتێک تووشی هەستیاری و خوران بوویت دەتوانیت دەرمانەکانی دژەهەستیاری بکاربهێنیت وەک:

  • ستیریزین
  • دایفین هایدرامین
  • فێکسۆفێنەدین 
  • لۆرتادین 

بەکارهێنانی هەر دەرمانێک دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت.

چارەسەری سروشتی لە ماڵەوە

بەکارهێنانی شێدارکەرەوە

ئەگەر خورانەکە بەهۆی وشکبوونەوەی پێستەوە بوو دەبێت شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت و نەهێڵیت کە پێستەکە وشک ببێتەوە.

پاک ڕاگرتن

تووشبوونی کەڕوویی مەمک بەهۆی پیسبوون و شێداری ژێر مەمکەوەیە بۆیە گرنگە کە هەمیشە مەمک بە پاکی و وشکی بهێڵیتەوە.

بەکارنەهێنانی پاککەرەوەی نەگونجاو

ئەو شامپۆ و سابوونەی کە بۆ جەستەت بەکاری دەهێنیت دەبێت گونجاو بێت بە جەستەت و هەستیاریت نەبێت پێیان کە لە ئەنجامدا ئەم هەستیارییە خوران درووست بکات.

گورزەی سارد

گورزەی سارد بەکاربهێنە بۆ نەمانی خورانی مەمکت، ماوەی دە خولەک گورزە ساردەکە بخەرە سەر مەمکت و دواتر لایببە و دوای ماوەیەکی کە بیخەرەوە سەری تاکوو پێستەکە دووچاری سووتان نەبێت بە سەرمای زۆر، ئەگەر ڕاستەوخۆ سەهۆڵ بەکاردەهێنیت دەبێت بیپێچیت لە پارچە پەڕۆیەکی پاک نابێت ڕاستەوخۆ سەهۆڵەکە لەسەر پێستەکەت دابنێیت.

خۆشۆردن

خۆشۆردن یارمەتی نەمانی خوران دەدات، بەڵام نابێت ئاوی زۆر گەرم بەکاربهێنیت لە کاتی خۆشۆردندا چونکە زیاتر پێستەکە وشک دەکاتەوە و خورانەکەی زیاتر دەکات، هەروەها نابێت ئەو پاککەرەوانەی کە بەکاری دەهێنیت بۆ شۆردنی جەستەت ماددەیی کیمیایی تێدابێت، وە لفکەش بە توندی مەدە لە جەستەت.

سرکەی سپی

سرکەی سپی کە پێکهاتووە لە ترشی ئەسیتیک و ئاو دەبێتە هۆی لەناوبردنی خورانی جەستە و ماددە کیمیاییەکان لەناو دەبات هەر بۆیە دەتوانیت جلەکانت بکەیتە ناو سرکەی سپییەوە بەتایبەت ستیانەکەت بۆ ئەوەی پاک ببێتەوە و خورانی مەمک نەمێنێت، پێویستە کە ئەو جلەی لەناو سرکەدا داتناوە ماوەیەک دواتر بەباشی وشکی بکەیتەوە و تاکوو دووربیت لە هەستیاری بە سرکە.

زەیتی گوێزی هیندی

ڕۆژانە بە زەیتی گوێزی هیندی مەمکت بشێلە تاکوو خورانەکەی نەمێنێت.

زەیتی جۆجۆبا

ڕۆژانە دوو بۆ سێ جار بەم زەیتە مەمکت بشێلە، وە هەروەها ئەم زەیتە ڕێگری دەکات لە ئارەق کردنەوەی زۆر.

خواردنەوەی شلەمەنی

یەکێک لە هۆکارەکانی وشکبوونەوەی جەستە کەمی ئاوی جەستەیە، ڕۆژانە هەشت بۆ دە پەرداخ ئاو بخۆرەوە تاکوو دووربیت لە وشکبونەوەی پێست و باشترە کە لە خۆراکەکانی ڕۆژانەدا بڕی شلەمەنی زۆر بێت.

جلی فراوان

لەبەرکردنی جلی فراوانی ژێرەوە کە لە قووماشی گونجاو پێکهاتبێت و پاکوخاوێن ڕاگرتنی جلەکە تاکوو دووربیت لە هەوکردن و خورانی پێستەکە.

نیشاستەی زەڕات

دەتوانیت نیشاستەی زەڕات بەکاربهێنیت بۆ کەمکردنەوەی ئارەق کردن، چونکە هەرچەند زیاتر ئارەق بکەیتەوە خوران زیاتر دەکات، پێش بەکارهێنانی مەمکت باش بشۆ و بە خاولییەکی پاک وشکی بکەرەوە و دواتر نیشاستەی زەڕاتەکەی لێ بدە تاکوو ئارەق نەکاتەوە

چای نەعنا و بەیبوون

بۆ لەناوبردنی خورانی مەمک دەتوانیت چای نەعنا و بەیبوون بەکاربهێنیت، چاکە بکوڵێنە و دواتر بە لۆکە بیدە لە شۆێنی خورانەکە و لێگەڕێ تاکوو وشک دەبێتەوە و لە ڕۆژێکدا چەند جارێک ئەم کارە دووبارە بکەرەوە.


سەرچاوەکان



28987 بینین