قرژاڵ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-09-13:53:00 - کۆدی بابەت: 7542
قرژاڵ

ناوه‌ڕۆك

قرژاڵەکان

قرژاڵ یان قرژانگ (به‌ ئینگلیزی: crab) گیانه‌وه‌رێكی ئاوییه،‌ به‌ڵام به‌ یه‌كێك له‌ سه‌یرترین گیانه‌وه‌ره‌ ئاوییه‌كان داده‌نرێت، چونكه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌نیشته‌كانی ده‌جووڵێت نه‌ك بۆ پێشه‌وه‌، یه‌كێكه‌ له‌ گیانه‌وه‌ره‌ بێ بڕبڕه‌كان په‌یوه‌ستی و په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ڕۆبیانەوە، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندووه‌ و توانای مه‌له‌كردن و هه‌ڵكۆڵین و ڕێگه‌كردن و ڕاكردنی هێواشی هه‌یه‌، نزیکەی ٧٠٠٠ جۆری جیاوازی هەیە، کە لە ٩٣ خێزانی جیاوازدا پۆلێنکراون، نشینگه‌كه‌ی هه‌موو وڵاته‌كانه‌ و به‌ نزیكه‌یی هه‌موو ده‌ریا و زه‌ریاكان ده‌گرێته‌وه،‌ به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر شیلانه‌كان و كه‌ناری ده‌ریاكان، وه‌ك كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، هه‌ندێك له‌ جۆره‌كانیشی لە ئاوی سازگار و بیرەکاندا دەژین، هەروەها  ئه‌و جۆرانه‌ی کە قه‌باره‌یان كه‌مێك گه‌وره‌یه‌ شیاون بۆ خواردن.

شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی

قرژاڵ گیانه‌وه‌ره‌ێكی قه‌باره‌ بچووكه‌، ڕه‌نگه‌كه‌ی له‌ نێوان سوور بۆ پرته‌قاڵییه‌، قه‌باره‌كه‌ی له‌ چه‌ند سه‌نتیمه‌ترێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ نزیكه‌ی ٣.٦ مەتر، توێكڵێكی كیتینی فراوانی هه‌یه‌ و لێواره‌كانی پێشه‌وه‌ی زبرن هه‌تا په‌له‌كانی سنگی و بۆ جووته‌ په‌له‌كه‌ی دواوه‌ی، كه‌ بۆ كاتی مه‌له‌كردن سوودی لێده‌بینێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قاچه‌كانی چه‌ماوه‌ن بۆیه‌ شێوازی ڕۆشتن و جووڵه‌كردنی به‌ ئاڕاسته‌ی ته‌نیشته‌كانیه‌تی، قرژاڵه‌كان چنگیان هه‌یه‌ و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز به‌كاریده‌هێنن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی شه‌ڕكردن و توشبوونی به‌ ڕووداوێك چنگه‌كانی له‌ده‌ستدا ئه‌وا دووباره‌ دروستده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها قرژاڵه‌كان په‌یكه‌رێكی پارێزه‌ریان هه‌یه‌ كه‌ جگه‌ له‌ پاراستن ئه‌وا پاڵپشتی جه‌سته‌شی ده‌كات و ڕاگیریده‌كات، هه‌روه‌ها ددانی قرژاڵ له‌ نێو سكیدایە‌، هەروەها چنگی نێرینەکان گەورەترە لە مێینەکان، کە لە وەرزی زۆربووندا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێێنەکان بەکاریدەهێنن، شێوەی سکی نێرینەکان تەسک و سێگۆشەییە، بەڵام سکی مێینەکان فراوانتر و بازنەییە، کە بۆ هەڵگرتنی بێچووەکان گونجاوە، بەڵام قەبارەی قرژانگەکان بەگشتی بە گوێرەی جۆرەکان جیاوازە، لە هەندێکیاندا مێینەکان گەورەترن لە نێرینەکان و لە هەندێک لە جۆرەکانی دیکە نێرینەکان گەورەترن، بچووکترینەکان دەکرێت تەنها چەند ملیمێک درێژ بن لە کاتێکدا جۆرە گەورەکانی دەگاتە زیاتر لە مەترێک.

خۆراك

قرژاڵ یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە لە هەمان کاتدا گۆشتخۆر و گیاخۆریشە، بۆیە سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاریكراوی خۆراكیان نییه‌، به‌ڵام بەگشتی خواردنی بێ بڕبڕه‌ و هه‌ڵواسراوه‌كانیان بۆ په‌سه‌نده‌، به‌تایبه‌تی هێلكه‌ی ماسییه‌كان و توێكڵداره‌كانی دیكه‌، یان دەکرێت قرژاڵەکان ماسییه‌ مردووه‌كان یان گیانه‌وه‌رە مردووەکانی دیکە بخوات، هەروەها هەندێکێشیان دەتوانن سەوزە و میوەکانیش بخۆن.

یەکگرتن و زۆربوون

قرژاڵی نێر سەرنجی مێینەکانیان ڕادەکێشن و ئاگاداریان دەکەنەوە، بە دەردانی ماددەی فیرۆمۆن یاخود لە ڕێگەی بینین یان دەکردنی دەنگ یاخود لە ڕێگەی لەرەلەرەوە، جۆرە ئاوییەکان ڕێگەی فیرۆمۆن بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوانەی لە وشکانی دەژین بە جووڵاندنی چنگیان هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان دەدەن، وەک قرژاڵی کەمانچەژەن کە چنگە بەرزەکەی نیشانی مێینەکان دەدات، شێوازی یەکگرتنی قرژاڵەکان لە سکیانەوە دەبێت، مێینەکان لە بەشەی ناوەوەی جەستەیاندا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ خەزنکردنی تۆوی نێرینەکان، کە دەتوانن هەتا کاتێکی ماوە درێژ هەڵیگرن پێش بەکارهێنانیان بۆ پیتاندن، پاش پیتاندن هێلکەکان لە سکی مێینەکەوە دەردەچێت بۆ بەشی خوارەوەی توێژاڵی کلکی، دواتر بە ماددەیەکی لینج ڕووپۆشدەکرێت و بە پارێزراوی دەمێنێتەوە لە ماوەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی کۆرپەلەکەی، پاشان بێچووەکان لە هێلکەکانیان هەڵدێن و بە هەڵواسراوی لە ئاودا دەمێننەوە هەتا بە تەواوەتی پێدەگەن.  

جۆرە سەرەکییەکانی قرژاڵی دەریا

  • قرژاڵی کەمانچەژەن: جۆرێکی ئاوە سازگارەکانە، بە ئاسانی ڕاگیردەکرێت و پەروەردە دەکرێت، تەنها پێویستی بە ئاوی خاوێن و خۆراکە لە کاتی گونجاودا.
  • قرژاڵی چنگ سوور: ئەم جۆرەش لە ئاوە سازگارەکاندا دەژی، بۆ پەروەردەکردن و ماڵی کردنی پێویستی بە گرنگی پێدانی زۆر نییە.
  • قرژاڵی شەیتانی تایلەندی: سەرەڕای ئەوەی ناوەکەی بە ئەو جۆرەیە، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکی زۆر بێ زیان و خۆشەویستە، چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە.
  • قرژاڵی چنگ ئاڵتوونی: چنگێکی گەورەی تایبەت و ئاڵتوونی هەیە، قەبارەی گەورەیە، هەروەها چاڵ هەڵدەکۆڵێت و لە نێویدا خۆی حەشاردەدات.
  • قرژاڵی خوێنمژ: یەکێکە لە دەگمەنترین جۆرەکان، بەهۆی ڕەنگە جوانەکەیەوە ئەم ناوەی لێنراوە، جەستەی وەنەوشەییە و چاوەکانیشی زەردن، قەبارەی زۆر بچووکە و جۆرێکی گۆشتخۆرە.
  • قرژاڵی پڵنگی: ڕەنگی پرتەقاڵییەکی کراوەیە و خاڵی ڕەشی تێدایە، جۆرێکی خۆشەویست و بێ زیانە، تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە خۆراکی گونجاوی پێنەدرێت، کە هەڵسوکەوتی شەڕانگێزانەی دەبێت.


سەرچاوەکان



1743 بینین