شێرکۆ فاتیح شوانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-13-15:49:00 - کۆدی بابەت: 7589
شێرکۆ فاتیح شوانی

ناوه‌ڕۆك

شەهید شێرکۆ کێیە؟

شێرکۆ فاتیح شوانی (بە ئینگلیزی: Sherko Shwani، بە عەرەبی: لواء شيركو شواني) فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە بە پلەی سالار، ساڵی ٢٠١٥ لە هێرشێکی ڕێکخراوی ئیسلامی بۆ سەر ڕۆژئاوای کەرکووک شەهیدکرا.

ناساندن

شێرکۆ فاتیح نامیق کەریم شوانی، ساڵی ١٩٦٩ لە خێزانێکی پێشمەرگە لە ناحیەی ماوەت لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٤ چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە ماوەت خوێندووە. ساڵی ١٩٧٩ باوکی دەبێتە پێشمەرگە و دواتر دەستگیردەکرێت. شێرکۆ لە منداڵیدا ساڵێک لە گرتووخانەی گەورەی سلێمانی دەبێت. لە ١٩٨١/٣/١٨ بەر لێبووردنی گشتی دەکەون و دوای ئازادبوونیان دەڕۆنە ناو شارە ئازادکراوەکانی کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ١٩٨٧ دەبێتە پێشمەرگە.

لە شاڵاوی ئەنفال ڕوو لە ئێران دەکەن و ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنەوە سلێمانی و بەشداری لە ئازادکردنی ئەمنە سوورەکە دەکات. لە شەڕی کەرکووک لەگەڵ باوکی بریندار دەبن و دوای کۆڕەو بە فرمانی سەرکردایەتی یەکێتی دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ.

فەرماندەیی

لە ١٩٩١/٥/١٨ شێرکۆ و چەند پێشمەرگەیەکی تر لە دەربەندی بازیان بە هەڵە دەکەونە بۆسەیەکی لیوای گاردی کۆماری و دەستگیردەکرێن. دواتر ڕەوانەی کەرکووک و پاشان دەنێردرێنە بەغداد و لەوێ فرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەچێت. بەڵام دوای ماوەیەک لەگەڵ کۆمەڵێک دیلی عێراقی، دیل بە دیلیان پێ دەکرێت و ئازاد دەبن. دوای ئازادبوونیشی دەگەڕێتەوە و دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی ١٣ـی هێزی شوان لە کەرکووک.

دوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، شەهید شێرکۆ دەبێتە فەرماندەی لیوای کەرکووک و پاشان دەڕواتە لەشکری بازیان و لەگەڵ ئەنوەر دۆڵانی هاوکار دەبێت. ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی قارەمانێتی پێ دەبەخشرێت و دواتر دەکرێتە بەرپرسی مەشق و پشکنین لە فەرماندەیی کەرکووک. پاشان دەڕواتە خولی قەڵاچوالان و بەسەرکەوتوویی خولەکە بەکۆتا دەگەیەنێت.

ساڵی ٢٠٠٣ بەشداری جەنگی دژی گرووپی ئەنسارولئیسلام دەکات، هەر لەو ساڵەدا بەشداری ئازادکردنی شاری کەرکووکی کردووە و لەوێ لە ناوچەی ڕیاز بە سەختی بریندار دەبێت و چاوێکی لەدەست دەدات و دوو پورزای شەهید دەبن.

ساڵی ٢٠٠٦ دەکرێتە فەرماندەی لیوای ١٠ـی کەرکووک. ساڵی ٢٠٠٩ لەهۆی کار و چالاکییەکانییەوە لەلایەن مام جەلالەوە کە ئەوکات سەرکۆماری عێراق بوو خەڵات دەکرێت. ساڵی ٢٠١٠ دەکرێتە فەرماندەی لیوای یەک و ئەندامی لیژنەی ئاسایشی کەرکووک.

شەڕی داعش

ڕۆژی ١٧ـی تەمووزی ٢٠١٤ و دوای هاتنی داعش بۆ سەر کەرکووک، لە تەل وەرد بریندار دەکرێت و پاسەوانێکی شەهید دەبێت و چەند پاسەوانێکیشی بریندار دەبن.

شەهیدبوون

ڕۆژی ٢٠١٤/١٢/٢٤ داعش تەل وەردی داگیرکرد. لەو ماوەیەشدا هەریەک لە جێدار هاشم بنەیی و عەتا محەمەد کاکە مەحموود و کەمالی حاجی ئاغا شەهید دەبن. بۆیە فەرماندە شێرکۆ بەڵێنی ئازادکردنی شوێنەکە دەدات. بەڵام هەرزوو لە هێرشە گەورەکەی ڕۆژئاوای کەرکووک لە ٢٠١٥/١/٣٠ سالار شێرکۆ شوانی لەگەڵ (نەشئەت جەمیل بنەیی، دانا عەباس بنەیی، مەریوان عەبدوڕەحمان بنەیی و کاوە محەمەد تۆفیق) شەهید دەکرێت.

دوای شەهیدبوونی ساڵانە یادی دەکرێتەوە و ساڵی ٢٠١٧ـش پردێک لە پارێزگای کەرکووک بەناوی ئەوەوە دروستکرا.

ژیانی تایبەتی

ساڵی ١٩٩٣ هاوسەرگیری دەکات و تاوەکوو ساتی شەهیدبوونی دەبێتە خاوەنی سێ منداڵ بە ناوەکانی (براکۆ، ڕێکان، دیار).


سەرچاوەکان



602 بینین