پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شاخەکان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-27-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7721
پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شاخەکان

ناوه‌ڕۆك

پەیوەندی نێوان مرۆڤ و شاخەکان چییە؟

بەرزترین بەرزایی تۆمارکراو که مرۆڤەکان پێی گەیشتوون 5950 مەترە، لە بەرزاییە زۆر بەرزەکاندا پەستانی هەوایی نزم دەبێتەوە ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بەشی پێویست ئۆکسجین نییە بۆ هەناسەدان، کەمتریش پارێزگاری هەیە لە تیشکی ڕۆژ، لە سەرووی بەرزایی 8000 مەترەوە ئۆکسجینی پێویست نییە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤەکان و زیندوو مانەوەیان، ئەم ناوچە زۆر بەرزانەی که بەشی پێویست ئۆکسجینی لێ نییە بە "ناوچەی مردن" ناسراون، بۆ نموونه لووتکەکانی چیای ئێڤێرێست و کەی تو لە ناوچەی مردندان.

کۆمەڵگاکانی شاخ لەڕووی ئابوورییەوە

بە شێوەیەکی گشتی شاخەکان بەهۆی توندی کەشوهەوا و نەبوونی زەوی گونجاو بۆ کاری کشتوکاڵی کەمتر گونجاون بۆ ژیانی مرۆڤەکان وەک لە زەوییە نزمەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە 7%ی ڕووبەری ڕووی زەوی لە سەرووی بەرزایی 2500 مەترەوەیە، بەڵام تەنیا 140 ملیۆن کەس لەسەر ئەم بەرزاییە دەژین، تەنیا 20 بۆ 30 ملیۆن کەس لە سەرووی 3000 مەترەوە دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا‌ نزیکەی نیوەی دانیشتوانی شاخەکان لە شاخی ئەندێزی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقا دەژین، بەهۆی سنوورداری شاخەکان و ئاستەنگییەکانی گەیشتن بە پێکهاتەی ئابووری، سیستم و خزمەتگوزاری بنەڕەتی وەک، ڕێگاوبان، گواستنەوە، دابین‌کردنی کارەبا و ئاو، تەنها چەند کۆمەڵگایەکی کەم لە سەرووی 4,000 مەتر بەرزاییەوە بوونیان هەیە، زۆربەی ئەم کۆمەڵگانە بچووکن و ئابووری زۆر تایبەتمەندیان هەیە، زۆربەی کات پشت بە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان دەبەستن وەک کشتوکاڵ، کانسازی و گەشتیاری، نموونەیەکی ئەم شارۆچکە تایبەتمەندە بریتییە لە لا رینکۆنادا لە وڵاتی پیرۆ، شارۆچکەیەکی کانسازی زێڕە، بەرزترین شوێن کە مرۆڤەکان لێی نیشتەجێن لە بەرزایی 5,100 مەتردایە، هەروەها نموونەیەکی پێچەوانە ئێل ئەلتۆ لە بۆلیڤیایە لە بەرزایی 4,150 مەتر کە خزمەت‌گوزارییەکی زۆر هەمەجۆر و ئابووری پیشەسازی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتوانەکەی بەنزیکەیی یەک ملیۆن کەسە.

کۆمەڵگا ئاساییەکانی شاخ پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن سەرەڕای ئەوەی مەترسی فەوتانی دانەوێڵە لە شاخە بەرزەکاندا زیاترە وەک لە نزماییەکان، کانزاکانیش زۆربەی کات لە شاخەکان بوونیان هەیە و کانزاکاری و دەرهێنانی کانزا توخمێکی گرنگی ئابووری هەندێک لە کۆمەڵگا شاخییەکانە، بەم دواییانەش گەشتوگوزار بووەتە هۆی سەرچاوەی بژێوی و پەیداکردنی پارە لە کۆمەڵگا شاخاوییەکان، لەگەڵ هەندێک گەشەسەندنی فراوان لە دەوروبەری شوێنە سەرنجڕاکێشەکان وەک پارکی نەتەوەیی یان هاوینەهەوار و شوێنی خلیسکێنە، هەروەها نزیکەی 80%ی دانیشتوانی شاخ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئاوی زۆربەی ڕووبارەکانی جیهان لە سەرچاوە شاخاوییەکانەوە دابیندەکرێت بەهۆی بەفری سەر شاخەکانەوە کە وەکوو میکانیزمێکی کۆکردنەوەی ئاو بۆ بەکارهێنەرانی خوارەوەی ڕووبار کار دەکات، زیاتر لە نیوەی مرۆڤەکان بۆ دەستخستنی ئاو پشت بە چیاکان دەبەستن، هەروەها زۆرجار شاخەکان لە زانستی جیوپۆلیتیکدا وەک "سنووری سروشتی"ـی پەسەندکراو لە نێوان وڵاتاندا دانراون.

شاخەکان وەکو شوێنی پیرۆز

زۆرجار شاخەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاییندا دەگێڕن، بۆ نموونە ژمارەیەک شاخی پیرۆز لەناو وڵاتی یۆناندا هەن، وەک شاخی ئۆلیمپوس، کە بە ماڵی خوداوەندەکان دادەنرێت، لە کولتووری ژاپۆنیشدا شاخی گڕکانی فوجی کە بەرزییەکەی 3,776.24 مەترە بە پیرۆز دادەنرێت و هەموو ساڵێک بە دەیان هەزار ژاپۆنی بەسەر شاخەکەدا سەردەکەون، شاخی کایلاش کە دەکەوێته ناوچەی خۆبەڕێوبەری تبتی چینەوە و لە چوار ئاییندا بە پیرۆز دادەنرێت ئەوانیش ئایینەکانی هيندۆسی، بۆن، بودیزم و جەینیزم، هەروەها لە کۆماری ئیرلەندا کاسۆلیکییە ئیرلەندییەکان لە شاخی براندۆن کە بەرزییەکەی 952 مەترە پڕۆسەی حەج ئەنجام دەدەن، ناوی شاخی ناندا دێڤی هیمالایی دەگەڕێتەوە بۆ خواوەندە هیندوییەکانی ناندا و سوناندا، لە ساڵی 1983ەوە سەرکەوتن بەسەر ئەم شاخەدا لە شاخەوانەکان قەدەغە کرا، شاخی ئارارات شاخێکی پیرۆزە چونکە لەو بڕوایەدان کە شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتی نوحە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەوروپا و بە تایبەتیش لە زنجیرە شاخەکانی ئەڵپدا، خاچەکان زۆرجار لەسەر لووتکە شاخە دیار و بەناوبانگەکان بە ئەستوونی دادەنرێن و بڵند دەکرێن.


سەرچاوەکان



377 بینین