دەم

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-06-16:59:00 - کۆدی بابەت: 7763
دەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و فرمانی دەم

دەم یان بۆشاییی دەم (بە ئینگلیزی: Mouth یان Oral cavity) بۆشایییەکە لە مرۆڤ کە هەوا و خواردن تێیدا دەچێتە ناو لەشەوە. دەم یەکەمین بەشی کۆئەندامی هەرسە بە شێوەیەکی ئاسایی تەڕە و بە پەردەیەکی لینج ناوپۆش کراوە، لە پێشەوە بە لێوەکان کۆتایی دێت و دادەخرێت، لە دواوەش بە قوڕگ کۆتایی دێت، دەردراوەکانی دەم لەڕێی لیکەڕژێنەکانەوە دەردەدرێن و یارمەتیی کرداری قوتدان دەدەن. دەم بە گشتی لە دوو بەش پێکهاتووە، ئەوانیش بەشی داڵان کە دەکاتە نێوان ڕوومەت و ددانەکان لەگەڵ بەشی پشت ددانەکان واتا بۆشایی دەم کە زمانی تێدایە. جیا لە فرمانە سەرەتایییەکەی دەم کە وەرگرتنی خواردن و هەرسکردنی سەرتایییە، دەم و پێکهاتەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ قسەکردن لە مرۆڤدا. هەروەها دەکرێت دەم بۆ هەناسەدان بەکاربێت کاتێک کە ناتوانرێت بە لووت هەناسە بدرێت یان گیراوە.

پێکهاتەکانی دەم و فرمانیان

لێو و ڕوومەت

لێو و ڕوومەت دەوری دەم دەدەن لە دەرەوە و ناوەوە، یارمەتی ڕاگرتن و جوینی خواردن دەدەن لەناو دەمدا، هەروەها لە گۆکردن و دروستکردنی وشەکانیش بۆ قسەکردن بەکاردێن. لێوەکان ژمارەیەکی زۆر لە هەستەوەرگرەکانیان هەیە کە سوودیان هەیە بۆ دیاریکردنی پلەی گەرمی و پێکهاتەی خواردن.

مەڵاشوو

مەڵاشوو بنمیچی بۆشاییی دەمە، بۆشاییی دەم و بۆشاییی لووت لەیەک جیا دەکاتەوە، بەشی پێشەوەی مەڵاشوو کە پێی دەوترێت مەڵاشووی ڕەق بە ئێسک پاڵپشتیی لێ دەکرێت، بەشی دواوەی مەڵاشوو کە پێی دەوترێت مەڵاشووی نەرم، پەیکەرە ماسولکە و شانەی گەیێنەرە، مەڵاشووی نەرم لە دواوە بە زمانەبچکۆلە کۆتایی دێت، لەکاتی قوتدانی خواردندا مەڵاشووی نەرم و زمانەبچکۆلە بەرەو سەرەوە دەجووڵێن بۆ ئەوەی خواردنەکە لە بۆشاییی لووت دوور بخەنەوە و بیبەنە دەمەگەروو. 

زمان

زمان بەرپرسە لە جووڵەی خواردن لەناو دەمدا و بۆ قسەکردنیش بەکاردێت، ڕووەپێکهاتەی زمان بە مەمیلە داپۆشراوە کە لێکخشان دابین دەکات و چەژەگۆپکەکانیشی تێدایە بۆ تامکردن.

ددان 

تاخمی ددانی سەرەتایی یان شیری لە ٢٠ ددان پێکهاتووە، هەروەها تاخمی ددانی هەمیشەیی لە ٣٢ ددان پێکهاتووە، شێوەی هەر یەک لە ددانەکان بەرپرسە لە شێوازی گرتن و بڕین و جوینی خواردنەکە.


سەرچاوەکان



1195 بینین