بارشەلۆنە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-12-21:40:00 - کۆدی بابەت: 7813
بارشەلۆنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرشەلۆنە (بە ئینگلیزی: Barcelona)، شارێکە لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا، ئەم شارە پایتەخت و گەورەترین شاری هەرێمی سەربەخۆی کەتەلۆنیایە، هەروەها دووەم ئاوەدانترین شاری ئیسپانیایە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە سنوورەکانی شاردا 1.6 ملیۆن کەسە و یەکێکە لە گەورەترین پایتەختەکانی سەر دەریای ناوەڕاست.

مێژووی بەرشەلۆنە

ئەم شارە وەکوو شارێکی ڕۆمانی دامەزراوە و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بەرشلۆنە بووە پایتەختی هەرێمی بەرشلۆنە، بنچینەی کۆنترین نشینگەی ناوچەکە ڕوون نییە، بەڵام مێژووی ئەو نشینگه وێرانبوو و تیاچووانە دەگەڕێتەوە بۆ 5000 ساڵ پێش زایین، بەرشلۆنە ناوەندێکی گەورەی کولتووری، ئابووری و داراییە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەورووپا و هەروەها ناوەندی گرنگی زیندەتێکنۆلۆژی ئیسپانیایە.

دانیشتوانی بەرشەلۆنە

بەگوێرەی ئەنجومەنی شاری بەرشلۆنە، ژمارەی دانیشتوانی بەرشەلۆنە لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2016دا و لەسەر ڕووبەری 101.4 کیلۆمەتری دووجا 1,608,746 کەس بووە، پێکهێنەری سەرەکی ناوچەی کارگێڕی گەورە شاری بەرشلۆنەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ڕووبەری 636 کیلۆمەتر دووجادا 3,218,071 کەسە، هەروەها بەپێی سەرژمێری زمانەوانی کە لە ساڵی 2013 لەلایەن حکوومەتی کەتەلۆنیاوە کراوە زمانی ئیسپانی قسەپێکەرترین زمانی شاری بەرشلۆنەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی ڕۆمانی کاتالۆنیا یەکێکە لەو زمانانەی کە بە شێوەیەکی گشتی لە شارەکەدا قسەی پێ دەکرێت و لە ٪95ی دانیشتوان لێی تێدەگەن، 72.3٪ دەتوانن قسەی پێ بکەن، 79٪ دەتوانن بیخوێننەوە و 53٪ دەتوانن بینووسن. نزیکەی 59٪ دانیشتوانی شارەکە لە کەتەلۆنیا لەدایکبوون و 18.5٪ی خەڵکی وڵاتەکانی ترن، سەرەڕای ئەوەش 22.5٪ی دانیشتوان لە دەرەوەی ئیسپانیا لەدایکبوون.

ئایین

بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە لە ساڵی 2011دا ئەنجام دراوە، 49.5٪ دانیشتوانی شاری بەرشلۆنە خۆیان بە کاسۆلیک ناساندووە، ئەمە یەکەم جار بوو کە زیاتر لە نیوەی وەڵامدەرەوەکان خۆیان بە مەسیحی کاسۆلیک نەناساند، زۆربەی دانیشتوانەکەی کاسۆلیکی ڕۆمانین و 208 کڵێسای لێیە، هەروەها ئەم هەرێمە خاوەنی گەورەترین کۆمەڵگەی موسڵمانە لە وڵاتی ئیسپانیا و 322,698 کەس لە شاری بەرشەلۆنە موسڵمانن، ژمارەیەکی بەرچاو لە موسڵمانان بەهۆی کۆچکردنەوە هاتوونەتە شارەکە و لە بەرشەلۆنە دەژین، لە ساڵی 2014 لە کۆی 5.5 ملیۆن کەس بە ڕێژەی 322,698 کەس لە هەرێمی بەرشەلۆنە خۆیان بە موسڵمان ناساند، کە دەکاتە 5.6٪ی کۆی دانیشتوان، لەگەڵ ئەوەشدا شارەکە خاوەنی گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکەیە لە ئیسپانیا، مەزەندەکراوە کە 3500 جوولەکە لەو شارە نیشتەجێن، هەروەها ژمارەیەک ئایینی تریش هەن، لەوانە پرۆتستانی، بووداییەکان و ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات.

کەشوهەوای بەرشەلۆنە

کەشوهەوای شاری بەرشەلۆنە تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستی هەیە، هاوینی گەرمە و زستانی مامناوەندە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی بارانبارین لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدایە، هەرچەندە لە مانگەکانی حوزەیران و ئابدا زیاتر باران دەبارێت وەک لە مانگی شوبات کە ئەمەش لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی کەشوهەوای دەریای سپی ناوەڕاستدا ناگونجێت، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانەی ئەم شارە لە ڕۆژدا 21.2 پلەی سەدییە و لە شەویشدا 15.1 پلەی سەدییە، لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە، پلەی گەرما بە شێوەیەکی ئاسایی لە ڕۆژدا 12 بۆ 18 پلەی سەدییە و لە شەویشدا 6 بۆ 12 پلەی سەدییە، هەروەها لە گەرمترین مانگدا کە مانگی ئابە پلەی گەرمی ئاسایی لە ڕۆژدا 27 بۆ 31 پلەی سەدییە و لە شەودا نزیکەی 23 پلەی سەدییە.

بەرشەلۆنە لەڕووی گەشتیارییەوه

بەپێی گەشتیارانی نێودەوڵەتی شاری بەرشلۆنە لە ڕیزبەندی ئەو شارانەی جیهان کە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکات 20ـەم شار بووە و پێنجەمین شاری هەرە سەردانکراوی ئەورووپایە لەدوای لەندەن، پاریس، ئیستەنبووڵ و ڕۆما، لە ساڵی 2011دا بە بڕی 5.5 ملیۆن سەردانکەری نێودەوڵەتی هەبووە، لە ساڵی 2015دا‌ سەردانە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بۆ پراگ و میلان بوون، شاری بەرشلۆنە بۆ سەردانیکردن لە ڕیزبەندی بەناوبانگترین شاری ئیسپانیایە، ئەم شارە وەکوو شوێنێکی گەشتیاری نێودەوڵەتی بەناوبانگە و‌ چەندین ناوچەی گەشتیاری هەیە، یەکێکە لە باشترین کەنارەکانی جیهان و کەشوهەوایەکی گەرم و مامناوەندی هەیە، هەروەها چەندین مۆنۆمێنتی مێژوویی لێیە کە هەشت شوێنەواری جیهانیی یونسکۆ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا 519 ئوتێلی لێیە (بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی مانگی ئازاری 2016)، لە نێویاندا 35 ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی و خاوەنی ژێرخانێکی گەشتیاری گەشەسەندووە.


سەرچاوەکان



858 بینین