لیبیا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-15-15:30:00 - کۆدی بابەت: 7837
لیبیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیبیا (بە ئینگلیزی: Libya، بە عەرەبی: لیبیا)، وڵاتێکی عەرەبییە، دەکەوێتە باکووری ئەفریقا، لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ دەریای سپی ناوەڕاست و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ وڵاتی میسڕ و لە باشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ سودان و لە ڕؤژئاوا لەگەڵ جەزائیر و لە باشوور لەگەڵ نەیجیریا و چاد، لە باکووری ڕۆژئاوا لەگەڵ تونس، ڕووبەری لیبیا بە نزیکەیی ١،٨ ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی پێکدێت لە ٦.٣ ملیۆن کەس، لیبیا بە چوارەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقا دادەنرێت و ١٧یەم وڵاتی گەورەی جیهانیشە، لە نێوان ١٠ وڵاتی جیهان کە بڕێکی زۆر نەوتی یەدەگیان هەیە لیبیا لە پلەی نۆیەمدایە، هەروەها ئەندامی چەندین گرووپ و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و هەرێمییە وەک، یەکێتی ئەفریقی، یەکێتی مەغریب، نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، جوڵانەوەی بێ لایەن، ڕێکخراوی ئۆپیک و کۆمیسا بۆ هەناردەکاری نەوت.

مێژووەکەی

یەکەم نیشتەجێی وڵاتی لیبیا یۆنانییەکان بوون، ئەم وڵاتە چەندین جار لە مێژوودا داگیرکراوە و لەلایەن چەندەها نەتەوە و هۆزی جیاوازەوە بەڕێوەبراوە، لە دوای شەڕی تورکیا ئیتاڵیا لە نێوان ساڵانی ١٩١١ بۆ ١٩١٢، ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩١٢ بۆ ١٩٢٧ وڵاتی لیبیای داگیرکرد و ناوی لێنا ئیتاڵیای باکووری ئەفریقا، دواتر خاکەکەی بۆ دوو بەش دابەشکرد بە ناوەکانی (تەڕابلوسی ئیتاڵیا، بەرقەی ئیتاڵیا) کە لەلایەن فەرمانڕەواکانی ئیتاڵیاوە بەڕێوەدەبران، ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩٣٤ ناوی لیبیای لە دەوڵەتەکە کردەوە، لە دوای ئۆپەراسیۆنێک بە یارمەتی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤١ لیبیا لەلایەن هاوپەیمانانەوە فەرمانڕەوایی کرا، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بەپێی ڕێکەوتننامەی ئاشتی، ئیتاڵیا لە وڵاتی لیبیا کشایەوە و لیبیا لە ساڵی ١٩٥١ لەسەر دەستی پاشا ئیدریسی یەکەم سەربەخۆیی بەدەست هێنا و بە شانشینی یەکگرتووی لیبیا ناسرا، سیستمی دەسەڵاتداری لە لیبیادا فیدڕاڵییە و بەشێوەی بۆماوەیی دەسەڵات دابەش دەکرێت، لە ساڵی ١٩٥٩ بیرە نەوتەکان لە خاکی لیبیا دۆزرانەوە و لە ساڵی ١٩٦٩ کۆماری عەرەبی لیبیا دامەزرا.

ئابووری

ئابووری لیبیا زیاتر پشت بە کەرتی نەوت دەبەستێت کە یەدەگی ساڵانەی نەوت بڕی ٥.٤١ ملیار بەرمیلە، هەروەها پشت بە چەندین پیشەسازی تریش دەبەستێت کە دیاترینیان بریتین لە: پیشەسازی چیمەنتۆ، ئاسن، کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی پترۆکیمیایی، هەروەها پشت بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵیش دەبەستێت وەک، گەنم، جۆ، پەتاتە، تەماتە، خورما، زەیتوون و میوە.

گەشتوگوزار

لە پێشوودا بەهۆی گەمارۆدانی وڵاتەکەوە کەرتی گەشتوگوزار لە لیبیادا پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام لە دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر وڵاتەکە، گەشتوگوزار پەرەی پێدرا و بەرەوپێش چوو بە تایبەت لە تەڕابلوسی پایتەخت، لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارەکانی گواستنەوە و ڕێگاوبانەکان پەرەیپێدرا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تەڕابلوس دروستکرا.

دانیشتوان

وڵاتی لیبیا دانیشتوانێکی کەمی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند ناوچەیەکی بڵاودا دەژین، چڕی دانیشتوان بە نزیکەیی ٥٠ کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا، بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی دانیشتوان لە لیبیادا ٦،٨٧١،٢٩٢ کەس بووە، بەپێی ڕیزبەندی جیهانی دیاریکردنی ئاستی دانیشتوان، لیبیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە پلەی ١٠٩ ـەیەمی جیهاندایە.

ئایین

زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتی لیبیا شوێنکەوتەی ئایینی ئیسلامن لەگەڵ ئەوەشدا شوێنکەوتوانی ئایینی مەسیحی و بوزیش هەیە، دانیشتوانی لیبیا ئازادن لە هەڵبژاردن و پەیڕەوی کردنی هەر ئایینێک، بە درێژایی مێژوو بەرهەڵستی کردن بەرامبەر ئایین و ڕێبازە جیاوازەکان کەم بووە بەڵام لە دوای ساڵانی ١٩٩٠ بیری دژایەتی و بەرهەڵستی دژی ئایین سەریهەڵدا، ڕێژەی دابەشبوونی ئایینەکان لە وڵاتی لیبیادا بەم شێوەیەیە:

  • ئایینی ئیسلام: ٪٩٧
  • ئایینی مەسیحی: ٪٠،٧
  • ئایینی بوزی: ٪٠،٣

شوێنە گەشتیارییەکان

  • شوێنەواری شاری سەبراتا، لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی پێش زایین دروستکراوە.
  • شوێنەواری شاری سوسە، لە پێشتردا چەند ناوێکی جیاوازی هەبووە وەک، بۆلۆنیا و سوزۆسا.
  • نەخش و نیگاری سەید غەریب، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو.
  • فیلا سیلین، لە ماوەی فەرمانڕەوایی ڕۆمانییەکاندا لەلایەن ئەوانەوە دروستکراون.
  • دیواری شاری توکرە، پێکدێت لە ٣١ تاوەر، سێ دەروازەی سەرەکی، یاریگا، کڵێسە و گەرماو.
  • کۆشکی پاشا ئیدریس سنوسی کە بە کۆشکی شاهانە ناسراوە، لە سەرەتای دەسەڵاتی شانشینی لیبیا دروستکراوە.
  • کتێبخانەی ئەحمەد، دەکەوێتە شاری تەرهونە زیاتر لە ٢٥٠٠ کتێبی تێدایە.
  • مزگەوتی عەتیق، یەکێکە لە کۆنترین مزگەوتەکان و لەلایەن عوسمانییەکانەوە دروستکراوە، دەکەوێتە شاری بەنغازی.
  • عەین شەرارە، دەکەوێتە شاری تەرهونە و یەکێکە لە بەناوبانگترین بەنداوەکانی لیبیا.


سەرچاوەکان



744 بینین