ڤینیسیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-15-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7839
ڤینیسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤینیسیا (بە ئینگلیزی: Venice)، شارێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیتالیا و پایتەختی هەرێمی ڤێنیتۆیە، ئەم شارە لەسەر کۆمەڵە دوورگەیەک بنیادنراوە کە ژمارەیان 118 دوورگەی بچووکە و بە چەند کەناڵێک لێک جیا دەکرێنەوە و بە زیاتر لە 400 پردەوە پێکەوە بەستراون، ڤینیسیا بە شاژنی ئادریاتیک، شاری ئاو، شاری ماسک، شاری پردەکان، شاری سەرئاوکەوتوو و شاری کەناڵەکان ناسراوە.

دانیشتوانی ڤینیسیا

ڕووبەری شاری ڤینیسیا نزیکەی 414.57 کیلۆمەتر دووجایە و چڕیی دانیشتوانەکەی دەگاتە نزیکەی 630 کەس لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، لەڕووی دیمۆگرافیاوە ڤینیسیا 11یەمین شاری گەورەی ئیتالیایە و 270,884 کەس نیشتەجێی هەمیشەیی شارەکەن، کۆی گشتی دانیشتوان بەسەر 47.4٪ پیاوان و 52.6٪ ئافرەتاندا دابەشکراوە، هەروەها 14.36٪ی دانیشتوان لەخوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن و ئەو هاوڵاتیانەشی کە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن 19.94٪ی دانیشتوان پێکدێنن، بەڵام تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی شاری ڤینیسیا 46 ساڵە بەمەش تەمەنی هاوڵاتیانی ئەم شارە چوار ساڵ زیاترە لە تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی تەواوی ئیتالیا.

ناو و مێژووی شارەکە

ناوی شاری ڤینیسیا لە خەڵکی ڤێنیتی کۆنەوە وەرگیراوە کە لە سەدەی 10ی پێش زایینی لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون، ئەم شارە لەڕووی مێژووییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ و لە ساڵی 697 بۆ 1797 پایتەختی کۆماری ڤینیسیا بوو، ڤینیسیا لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست و ژیانەوە هێزێکی گەورەی دارایی و دەریایی بوو، هەروەها ناوچەیەکی مەیدانی بوو بۆ شەڕی خاچ پەرستان و جەنگی لێپانتۆ، هەروەها لە سەدەی 13یەمەوە هەتا کۆتایی سەدەی 17 ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بوو بەتایبەتی ئاوریشم، دانەوێڵە، بەهارات و هونەر.

ڤینیسیا لەڕووی گەشتیارییەوە

شاری ڤینیسیا بە یەکێک لە جوانترین و سەرنج ڕاکێشترین شارەکانی سەر ئەم هەسارەیە دادەنرێت، هەرچەندە ئەم شارە گەورەترین شاری ئیتالیا نییە بەڵام یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین سەردانیکەری هەیە، ڤینیسیا ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەند کێشمەکێشمێک دەبێتەوە لەوانە زۆر سەردانکردنی گەشتیاران و ئەو گرفتانەی کە بەهۆی پیسبوونی ناوچەکانەوە دروست دەبن لەگەڵ هەڵکشان و کەشتی گەشتیارییەکان کە زۆر نزیکی باڵەخانەکان دەبنەوە، سەرەڕای ئەمانەش شاری ڤینیسیا وەکوو شوێنێکی گەشتیاری زۆر بەناوبانگ دەمێنێتەوە، کە ناوەندێکی گەورەی کولتوورییە و چەندین جار لەلایەن تایمز ئۆنلاین وەکوو یەکێک لە ڕۆمانسیترین شارەکانی ئەورووپا دیاری کراوە، هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بەم شێوەیە وەسفی دەکات، "بەدڵنیاییەوە جوانترین شارە کە لەلایەن مرۆڤەوە دروست کرابێت"، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2021، شاری ڤینیسیا لە ساڵی 2019 دا نزیکەی 5.5 ملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکەیان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2020 دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانییەوە ژمارەی گەشتیاران کەمبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و نزیکەی 1.34 ملیۆن گەشتیاری سەردانی شارەکەیان کردووە.

کەشوهەوای ڤینیسیا

بەپێی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، ئاوهەوای هەر چوار وەرزەکە لە شاری ڤینیسیا نیمچە خولگەیی و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی سارد و هاوینی گەرم و شێدار، تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی دووەمدا 3.3 پلەی سەدییە، لە مانگی تەمووزدا ئەم ژمارەیە دەگۆڕێت و پلەی گەرمی دەگاتە 23.0 پلەی سەدی، هەروەها تێکڕای دابارین بەدرێژایی ساڵ 748 ملیمەترە و بەفریش لە نێوان کۆتایی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی ئازاردا دەبارێت.


سەرچاوەکان



515 بینین