جاکارتا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-22-21:30:00 - کۆدی بابەت: 7875
جاکارتا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جاکارتا (بە ئینگلیزی: Jakarta)، گەورەترین شاری ئیندۆنیزیایە لە کەناری باکووری خۆرئاوای جاڤا، ئەم شارە قەرەباڵغترین دوورگەی جیهانە، هەروەها گەورەترین شاری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و وەکوو پایتەختی دیپلۆماسی کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خزمەت دەکات، جاکارتا ناوەندی ئابووری، کولتوور و سیاسی ئیندۆنیزیایە، ڕووبەری شاری جاکارتا تەنیا 664.01 کیلۆمەتر دووجایە و بەم شێوەیە بچووکترین ناوچەی هەرێمی ئەندەنوسیایە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەری ناوچەکانی سەر بە پایتەخت 9,957.08 کیلۆمەتر دووجایە.

دانیشتوانی جاکارتا

لە ئێستادا شاری جاکارتا بە شارێکی جیهانی دادەنرێت و یەکێکە لە خێراترین ئابوورییە گەشەسەندووەکانی جیهان، لە ساڵی 2016دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی جابۆدێتاباکی سەر بە پایتەخت لە ڕووبەرێکی 4,384 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا نزیکەی 30 ملیۆن کەس زیاتر نیشتەجێن، هەروەها چڕی دانیشتوانی شارەکە زۆر بەرزە و 14,464 کەسە لە هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا، لە کاتێکدا چڕی دانیشتوانی ناوچەکانی سەر بە پایتەخت 4,383 کەسە لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا.

مێژووی شارەکە

جاکارتا یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە بەبەردەوامی خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە، ئەم شارە لە سەدەی چوارەمدا وەکوو سوندا کیلاپا دامەزرا و شارەکە بوو بە بەندەرێکی بازرگانی گرنگ بۆ شانشینی سوندا، جاکارتا تا ساڵی 1960 بە فەرمی شارێک بوو لە ناو جاڤای ڕۆژئاوادا، هەروەها وەکو هەرێمێک خزمەتی کردووە و حکومەتەکەی لە پێنج شاری کارگێڕی و یەک بەڕێوبەرایەتی سپاردەی تەخت پێک دێت، جاکارتا شارێکی جیهانی ئەلفایە و شوێنی سكرتاريەتی کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە داراییەکانی وەکوو بانکی ئیندۆنیزیا، بۆرسەی ئیندۆنیزیا، بارەگای سەرکردایەتی چەندین کۆمپانیای ئەندەنوسی و کۆمپانیا فرە نەتەوەییەکان لەم شارەدان، لە سەدەی 17دا، شارەکە بە شاژنی ڕۆژهەڵات ناسرابوو.

جاکارتا لەڕووی گەشتیارییەوە

لە ساڵی 2019دا ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی سوکارنو هاتا و حەلیم پێردان كوسوماوە دەگەنە شاری جاکارتا بە ڕێژەی 13.5٪ دابەزی و گەشتە 2.4 ملیۆن گەشتیار، بە پێی داتاکان لە ساڵی 2018 دا 2.8 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شارەکە کردووە، لەماوەی ساڵانی 2005 بۆ 2019، گەشتیارانی نێودەوڵەتی لە 1.2 ملیۆنەوە بۆ 2.4 ملیۆن گەشتیار گەشەی کردووە.

کەشوهەوای جاکارتا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن شاری جاکارتا کەشوهەوایەکی خولگەیی هەیە، وەرزی تەڕ لە جاکارتا حەوت مانگ دەخایەنێت، لە مانگی تشرینی دووەمەوە هەتا ئایار و پێنج مانگەکەی دیکە واتە لە حوزەیرانەوە تا تشرینی یەکەم وشکترن و باران کەمتر دەبارێت، جگە لە مانگی حوزەیران کە تێکڕای باران بارینی مانگانەی کەمترە لە 130 ملیمەترە، هەروەها تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە 26.4 پلەی سەدییە، مانگی تشرینی یەکەم گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی 27.3 پلەی سەدییە، مانگی شوبات ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی 25.8 پلەی سەدییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارینی ساڵانە نزیکەی 2097 ملیمەترە، وشکترین مانگ مانگی ئابە و 53 ملیمەتر باران دەبارێت، زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە مانگی کانوونی دووەمدا بە تێکڕایی 309 ملیمەتر تۆمارکراوە، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە بریتییە لە مانگەکانی ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب، ئەیلوول، تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم.


سەرچاوەکان



407 بینین