نوێژ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-03-15:37:00 - کۆدی بابەت: 7917
نوێژ

ناوه‌ڕۆك

پێگە و واتای نوێژ 

نوێژ (بە عەرەبی: الصلاة، بە ئینگلیزی: Prayer) پەرستشێکی ڕۆحییە و یەکێکە لە کۆڵکە و پایەکانی ئیسلام، ئەرکێکی سەپێنراو و فەرزە لەسەر هەموو موسوڵمانێك کە لە شەو و ڕۆژێکدا پێویستە پێنج جار نوێژ بکات، نوێژ تەنها چەند کردار و جووڵەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکو خۆراکی ڕۆحە و لە پەرستشە بایەخدارەکانی ژیانی باوەڕدارانە، ئەگەر کەسی ئیماندار لە ژیانی دونیایدا نوێژێکی ڕاست و دروست ئەنجام بدات ئەوا دەروون و ڕۆحی ئارام دەبێت، هەروەها لە خووڕەوشت و کاری خراپ پارێزراو دەبێت بە بەڵگەی دەقی ئایەتی قورئانی لە سوڕەتی العنكبوت ئایەتی 45 خودای گەورە دەفەرمووێت: {وَأَقِمِ الصَّلَاةَ إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ} واتا: بە بەردەوامی نوێژ ئەنجام بدە، به‌ڕاستی نوێژی دروست و ڕاست به‌رهه‌ڵستی و بەرگری لە نوێژخوێن دەکات له‌ كاری خراپ و ناپه‌سه‌ند و گوناهـ و تاوان.
کاتی دیاریکردن و سەپاندنی نوێژ ڕاجیایی زانایانی لەسەرە، بەڵام زانایان کۆکن لەوەی کە لە شەوی ئیسرا و میعراج پێنج ڕکات نوێژ لەسەر موسڵمانان فەرز کرا، بەڵام ساڵەکەی هەندێک لە زانایان پێیان وایە ساڵی دەیەمی بانگەوازیی و پێغەمبەرایەتی بوو، هەندێکی تریش پێیان وایە ساڵی دوانزەیەم بوو.
لە ڕۆژی دواییدا ئەو نوێژە دەبێتە هۆکاری چوونە بەهەشت و بەدەستهێنانی پلەی بەرز و باڵا، لەسەر بناغەی ئەنجامی نوێژکردن پێوەر بۆ کردەوەکانی تر دادەنرێت، بۆیە بەهۆی پێویستی و گرنگی ئەم پەرستشە، نوێژخوێن دەبێت زۆر ئاگادار بێت لەگەڵ تایبەتمەندی و مەرجە سەرەکییەکانی نوێژدا، گرنگی بە چەند وردەکارییەکیش بدات، چونکە هەندێك کات لە کاتی نوێژکردندا چەند ڕەفتارێك ئەنجام دەدەرێت بێ ئەوەی کەسی نوێژخوێن بزانێت هەڵەیە و نادروستە و قەدەغەکراوە، دەبێتە هۆی ئەوەی نوێژ و پەرستشەکەی لێ گیرا نەبێت.
یەکەمین ئەرک کە لە ڕۆژی دواییدا موسڵمان لێپرسینەوەی لەبارەوە دەکرێت بریتییە لە پەرستشی نوێژ، ئەم پەرستشە بەپێی دەقی قورئان و فەرموودەکای پێغەمبەر ﷺ لەهەرە گرنکترین پەرستشەکانی ئیسلامە، پێویستە هەموو موسڵمانێک ئەم پەرستشە ئەنجام بدات و ئەنجامنەدانی بەبێ هیچ پاساوێک سزای قورسی لەسەرە.

مەرجەکانی نوێژکردن

مەرجەکانی نوێژ بەیەکەوە پەیوەستن و پێویستە هەمووی جێبەجێ بکرێت، هەموو مەرجەکان نوێژێکی تەواو و کامڵ پێکدەهێنن
ـ باوەڕهێنان بە ئیسلام: بەو واتایەی کەسی نوێژکەر پێویستە پەیڕەو و شوێنکەوتووی ئایینی ئیسلام بێت.
ـ عەقڵ و ژیریی کامڵ: کەسی موسڵمان پێویستە ژیریی و دانایی تەواو کامڵ بێت، ئەو کەسەی باریی دەروونیی و ژیریی تەواو نییە (شێت یان کەم عەقڵ) نوێژی لەسەر نییە.
ـ گەیشنە تەمەنی پێگەیشتن: پێویستە کەسی نوێژکەری موسڵمان گەیشتبێتە تەمەنی پێگەیشتن و توانای جیاکردنەوە چاکە و خراپەی هەبێت، واتا منداڵ نوێژی لەسەر نییە.
ـ پاکژی و پاکوخاوێنی: پاکڕاگرتنی لەش و پۆشاک و شوێنی نوێژکردنەکە لە شتی پیس وئەو شتانەی که‌ نوێژ بەتاڵ دەکەن.
ـ داپۆشین و شاردنەوەی عەورەت.
ـ چوونە نێو کاتی نوێژەوە: واتا ئەنجامدانی نوێژ لە کاتی دیاریکراو و تایبەتی خۆیدا.
ـ ڕووکردنە قیبلە و کەعبەی پیرۆز: پێویستە موسڵمانان لە هەرجێیەکی دونیاوە لە کاتی نوێژ کردندا ڕوو بکەنە قیبلە و کەعبەی پیرۆز.
- نییەت هێنان: نییەت هێنان و نیاز کردن لە مەرجە سەرەکییەکانی نوێژ کردنە پێوستە لە ناخی دڵەوە نییەت بهێنرێت. 

ئەرکەکانی نوێژکردن

ڕووکن و ئەرکەکان فەرزن کە هەمووی لەدوای یەک جێبەجێ بکرێن و هەموویان بە ڕیزبەندی ئەنجام بدرێن، ئەگەر بەبێ هیچ پاساوێک یەکێک لەم ئەرکانە لە نوێژەکاندا نەکرا ئەوا نوێژەکە بەتاڵ دەبێت و وەرناگێرێت.
ـ بەپێوە وەستان لە نوێژە فەرزەکان.
ـ کردنی تەکبیرەی سەرەتا، وتنی "اللە اکبر"ـی سەرەتای دەستپێکی نوێژکردن.
ـ خوێندنی سوڕەتی "الفاتیحة" 
ـ نوشتانەوە یان چۆکدان و ڕکوع بردن.
ـ هەستانەوە لە ڕکوع.
ـ سوجدە و کڕنووش بردن
ـ هەستانەوە و دانیشتن لەنێوان سوجدەکان
ـ تەحیات و سەلامدانەوە. 

جۆرەکانی نوێژ

• نوێژە فەرزەکان: ئەم نوێژانە پێویست و فەرزە لەسەر موسڵمانان کە ئەنجامی بدن و نەکردنی سزای لەسەرە، بریتین لە:
ـ پێنج فەرزەکە کە بریتین لە نوێژی بەیانی، نوێژی نیوەڕۆ، نوێژی عەسر، نوێژی شێوان، نوێژی عیشا 
ـ نوێژی هەینی
ـ نوێژی مردوو
• نوێژە سوننەتەکان: نوێژە سوننەتەکان یاخود سوننەتی نەوافل (صلاة النافلة) ئەو نوێژیە کە فەرز نییە و موسڵمان بە ویستی خۆی ئەنجامی دەدات، لە ڕێگەی ئەو نوێژەوە زیاتر لە خوداوە نزیک دەبێتەوە، لە ڕۆژی دواییدا ئەم نوێژانە بۆشایی و کەموکوڕی نوێژە فەرزەکان پڕ دەکەنەوە، ئەنجامنەدانی ئەم نوێژانە سزای لەسەر نییە، بریتین لە:

-نوێژە سوننەتەکانی پەیوەست بە نوێژە فەرزەکان کە پێیان دەوترێت "سنن رواتب" و "سنن ممؤكدة" و "سنن غير مؤكدة" لە پێش یان لە پاش نوێژە فەرزەکان ئەنجام دەدرێت.
ـ نوێژی وەتر
ـ نوێژی تەراویح لە پاش نوێژی عیشا لە ڕەمەزاناندا
ـ نوێژی چێشتەنگاو
ـ نوێژی جەژن
ـ نوێژەبارانە
ـ نوێژی ئیستیخارە
ـ نوێژی خۆرگیران و مانگیران
ـ ئەو دوو ڕکات نوێژەی کە لە سەرەتای سەردانی مزگەوتدا دەکرێت
ـ دوو ڕکاتی نوێژی تەواف و ئیحرام 

ژمارەی ڕکاتەکانی نوێژە فەرزەکان

لە سەرەتای فەرزبوونی نوێژدا لە شەوی ئیسرا و میعڕاجدا، خودای گەورە 50 ڕکات نوێژی لە ڕۆژێکدا بۆ موسڵمانان دیاریی کرد، بەڵام کاتێک پێغەمبەر موسا (سڵاوی خودای لەسەر بێت) ڕاوێژ و وتوێژی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ کرد، پێی ڕاگەیاند کە ژمارەی ڕکاتەکان کەم بکاتەوە، بۆیە پێغەمبەرمان داوای لە خودا کرد کە ژمارەکە کەم بکاتەوە و کران بە پێنج نوێژ لە ڕۆژێکدا، 
بەم شیێوەیە:
نوێژی بەیانی لە دوو ڕکات پێکهاتووە
نوێژی نیوەڕۆ لە چوار ڕکات پێکهاتووە
نوێژی عەسر لە چوار ڕکات پێکهاتووە
نوێژی شێوان لە سێ ڕکات پێکاتووە
نوێژی عیشا لە چوار ڕکات پێکهاتووە


سەرچاوەکان



5151 بینین