دوورگەی سانتا کروز دێل لسلۆت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-09-18:00:00 - کۆدی بابەت: 7949
دوورگەی سانتا کروز دێل لسلۆت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دوورگەی سانتا کروز دێل لسلۆت (بە ئینگلیزی: Santa Cruz del Islote)، دوورگەیەکی بچووکی کاریبییە، دەکەوێتە ئەرخەبیلی سان بێرناردۆی نزیک کۆلۆمبیا، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بە 1247 کەس دەخەمڵێندرێت، لە ڕووبەرێکی کەمتر لە 12 هەزار مەتر دووجادا نیشتەجێن، هەروەها سانتا کروز دێل لسلۆت قەرەباڵغترین دوورگەی جیهانە و چڕی دوورگەکە چوار جار زیاترە لە دوورگەی مانهاتن لە نیویۆرک، کە یەکێکە لە چڕترین ناوچە نیشتەجێبووەکانی جیهان.

مێژووی دوورگەکە

ئەفسانەکان دەڵێن دوورگەکە 150 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک ماسیگرەوە دۆزرایەوە کە بەدوای ئاوێکی نوێدا دەگەڕان بۆئەوەی تۆڕەکانیان هەڵبدەنە ناوییەوە، ماسیگرەکان بڕیاریاندا ئەو شەوە لە دوورگەکە بەسەر ببەن، بەیانی کە خەبەریان بوویەوە بەوە سەرسام بوون کە مێشوولەکان گازیان لێ نەگرتوون و پێیانەوە نەداون، کە ئەمەش بۆ ناوچەکە شتێکی دەگمەن بوو، پاشان بڕیاریاندا بۆ هەمیشە لە دوورگەکە بمێننەوە.

لە ئێستادا 90 خانوو، دوو بازاڕ، ڕێستۆرانتێک و قوتابخانەیەک لە دوورگەکەدا هەیە کە هەتا پۆلی دەیەمی تێدایە، هەروەها هیچ سیستمێکی ئاوەڕۆی نییە و کارەبا بە مۆلیدەیەک دابین دەکرێت کە تەنها پێنج کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کار دەکات، ئاوی خواردنەوەش هەموو سێ هەفتە جارێک لەلایەن کەشتییە دەریاییەکانی کۆڵۆمبیاوە دابین دەکرێت، لەم دوورگەیەدا خزمەتگوزاری زۆری لێ نییە بۆئەوەی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیانی بکات و هەروەها خزمەتگوزاری پزیشکی زۆر لاوازە و هیچ پزیشکێک لە دوورگەکەدا نییه، تەنانەت گۆڕستانیشی لێ نییە و مردووەکان لە دوورگەکانی نزیکیدا دەنێژرێن، لەڕووی ئاسایشەوە کێشەی هەیە و تەنیا یەک پاسەوانی لێیە ئەویش لەناو قوتابخانەکەدایە.

دانیشتووانی دوورگەکە

بژێوی ژیانی دانیشتوانی سانتا کروز دێل لسلۆت لەسەر ماسیگرتن و گەشتیارییە، بەڵام زۆربەیان لە هاوینەهەوارەکانی دوورگەکانی دەوروبەری کار دەکەن، هیچ تاوانێک لە دوورگەکەدا ئەنجام نادرێت و دانیشتوانەکەی لە پەیوەندییەکدا دەژین لەگەڵ سروشتدا بە جۆرێک ئەوەی دەریا پێشکەشیان بکات وەریدەگرن و دەیخۆن، دوور لە ڕێگاکانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی کۆڵۆمبیا دەجەنگن، ئەم دوورگە ناوازە بە ئاوی روونی کریستاڵی و دوورگە جوانەکان دەورەدراوە کە زۆر گونجاوە بۆ پیاسەکردن و تەماشا کردنی دوورگەکە لە نزیکەوە.

چەند زانیارییەک دەربارەی دوورگەکە

ئەم دوورگەیە یەکێکە لەجوانترین دوورگەکانی جیهان و ئەوەی دوورگەی سانتا کروز دێل لسلۆت جیادەکاتەوە ئەوەیە کە هیچ بینایەکی گەورە و بەرزی لێ نییە، بەڵام خانووی بچووکی لێیە کە لە چەند نهۆمێکی کەم پێکهاتوون، ئەمەش وا دەکات ئەوانەی سەردانی دوورگەکە دەکەن هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بکەن و لە تەلارە بەرزەکانی ناو شارەکان دوور بکەونەوە، دوورگەی سانتا کروز دێل لسلۆت بە یەکێکە لە دوورگە گڕکانییەکان دادەنرێت و چەندین تەقینەوەی گڕکانیش لە دوورگەکە تۆمارکراون کە لە دوورگەکەدا ڕوویانداوە، لەڕووی سەوزایی دوورگەکەوە، ژمارەیەک دارستانی چڕی تێدایە و هاوڵاتیان چەندین درەختیان تێدا بڕیوەتەوە، لە ئێستادا ڕێگری لە بڕینەوەی درەختەکان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین یاسا دانراون کە وا لە خەڵکەکەی دەکەن دار نەبڕنەوە و نەمام و درەختەکانی ئەم دوورگەیە بپارێزن، هەروەها گرنگترین شت کە دوورگەکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بە ڕێژەیەکی زۆر گوێزی هندی هەناردەی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەکات.

چەند شوێنێکی گەشتیاری و دیاری دوورگەی سانتا کروز

  • بوونی شوێنی تایبەت بە کیسەڵە زەبەلاحە زرێپۆشەکان
  • تونێلەکانی لاڤا
  • وێستگەی توێژینەوەی چارلس داروین
  • بارەگای خزمەتگوزاری پارکی نەتەوەیی گالاپاگۆس
  • کەنداوی کیسەڵی ڕەش
  • سیرۆ دراگۆن
  • کەنداوی تۆرتیگا
  • لۆس جیملۆس


سەرچاوەکان



484 بینین