چۆن جەنگی زەریای هێمن دەستی پێکرد؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-21-19:52:00 - کۆدی بابەت: 8019
چۆن جەنگی زەریای هێمن دەستی پێکرد؟

ناوه‌ڕۆك

کورتە و ناساندن

جەنگی زەریای هێمن یان جەنگی ئاسیا (بە ئینگلیزی: Pacific War، بە عەرەبی: حرب المحيط الهادئ) بەشێکی جەنگی جیهانیی دووەمە کە مەیدانی جەنگ کەوتە ناوچەکانی زەریای هێمن و ئاسیا و زەریای هیندی و ئۆقیانووسیا. لە ڕووی جوگرافییەوە گەورەترین مەیدانی جەنگ بوو. چونکە هەریەک لە جەنگەکانی (ژاپۆن و چین) و (یەکێتیی سۆڤیەت و ژاپۆن)ـی لەخۆ دەگرت.

دووەم جەنگی چینی و ژاپۆنی لە نێوان ئیمپڕاتۆری ژاپۆن و کۆماری چین لە ٧ی تەمووزی ١٩٣٧ـەوە دەستی پێکرد کە دوژمنایەتییەکان دەگەڕایەوە بۆ ١٩ی ئەیلوولی ١٩٣١ بەهۆی داگیرکردنی مەنچۆریاوە لەلایەن ژاپۆن. بەڵام جەنگی زەریای هێمن بە شێوەیەکی فەرمی لە ١٩٤١/١٢/٧ دەستی پێکرد، ئەمەش کاتێک کە ژاپۆنییەکان هێرشیان کردە سەر تایلەند و هێرشیان کردە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی بەریتانیا لە مالایا و سەنگاپوورە و هۆنگ کۆنگ، لەگەڵ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هاوای و دوورگەی وەیک و گوام و فلیپین.

جەنگەکە لەڕووی زیانەوە کاتێک گەیشتە لوتکە کە هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە چەکی ناوکی هێرشیان کردە سەر وڵاتی ژاپۆن و هەردوو شاری ناکازاکی و هێرۆشیمایان بۆردمان کرد. دواتریش یەکێتیی سۆڤیەت لە ١٩٤٥/٨/٩ ڕایگەیاند کە مەنچۆریا داگیر دەکات. کە وایکرد ژاپۆنییەکان لە ١٥ـی مانگدا خۆیان بەدەستەوە بدەن.

ژاپۆن لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بە فەرمی لەسەر کەشتی (یو ئێس ئێس میزۆری) لە کەنداوی تۆکیۆ خۆبەدەستەوەدانی خۆی واژوو کرد و جەنگی زەریای هێمن بەکۆتا گەیشت. دوای جەنگ، ژاپۆن هەموو ماف و موڵکەکانی پێشووی ئاسیا و زەریای هێمنی لەدەستدا و سەروەرییەکەی سنووردار بوو لەسەر خاکی ژاپۆن و دوورگەکانی دەوروبەری کە هاوپەیمانان بۆیان دیاری کرد. دواتریش ئیمپڕاتۆر شینتۆی ژاپۆنی وازی لە بەشێکی زۆری هێز و پێگەی خۆی هێنا و دەستی کرد بە کۆمەڵێک چاکسازی کولتووری و سیاسی زۆر گەورە.

ستراتیجی ژاپۆن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

پلانی هێرشی ژاپۆن بۆ سەر موڵکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و هۆڵەندا لە زەریای هێمن و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تا ڕادەیەک کاتی بوو. کە لە سەرەتای ئەیلوولی ١٩٤١ لەلایەن ئیمپڕاتۆرەوە قبووڵ کرا دوای ئەوەی گەورەکانی سوپای سەرەکی و سوپای دەریایی ڕەشنووسێکیان دەربارەی هێرشەکان نووسیبوو. هۆکاری دواکەوتنی ڕەشنووسەکەش گومان بوو لە دەستپێکی جەنگ لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە گەورە و زلهێزەی جیهان.

هەریەک لە سوپا و هێزی دەریاییی ژاپۆن فەرماندەیی باڵای خۆیان هەبوو کە هەردووکیان بەپێی دەستووری ١٨٨٩ لە حکوومەتی مەدەنی جیابووبوونەوە. پلانی هێرش تەنیا لە سەرکردە باڵاکانەوە دەدرا تەنانەت دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆریش وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان دیاری کرابوو.

لە ساڵی ١٩٠٧ەوە کە پلانداڕێژەرانی سەربازی ژاپۆنی بۆ یەکەم جار دەستیان کرد بە پۆلێنبەندی دژمنی ڕاستەقینەیان، هەریەک لە ڕووسیا و ئەمریکا و فەڕەنسا وەک دژمنی سەرەکی دانران. لە ڕوانگەی جیۆستراتیجییەوە سوپا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە جەنگی دژی ڕووسیا و هێزی دەریاییش لە جەنگی دژی ئەمریکادا. ئەم پلانی هێرشە تاوەکوو ساڵی ١٩٣٦ بە نەگۆڕی مایەوە و لەو ساڵەدا فەڕەنسا لەنێو لیستی دژمنەکان دەرهێنرا و هەریەک لە چین و بەریتانیای گەورە دیاری کران. تاوەکوو ساڵی ١٩٤١، گریمانەی سەرەکی ئەوەبوو کە ژاپۆن تەنیا لەگەڵ یەک دژمن دەجەنگێت نەک دوو یان سێ دژمن لە یەک کاتدا، کە لەو کاتەدا چین و کۆریای داگیرکردبوو.

لە ئەگەری جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا، پلانی دەریایی ژاپۆن لەناوچوونی کەشتی جەنگی ئەمریکییەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و لەگەڵیدا داگیرکردنی لوزۆن و گوام بە یارمەتی سوپا و بەرەوپێشچوون بەرەو کەشتیگەلی سەرەکی لە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵات. گریمانەی پلانەکە ئەوەبوو کە کەشتییە سەرەکیەکانی ئەمریکا دەبێت زوو یان درەنگ بێنە ڕۆژئاوای زەریای هێمن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژیی ژاپۆنی. لەم حاڵەتەدا، لەلایەن ژێردەریاییەکانی ژاپۆنی و هێزی ئاسمانی و زەوییەوە ڕێگری لێ دەکرا و دواتر بەجارێک لەناودەبران.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٩دا، هێزی دەریایی ژاپۆن هێشتا بە توندی پشتی بە چەکەکانی بەستبوو. وا دانرابوو کە جەنگی یەکلاکەرەوە بە شێوەیەکی سەرەکی بە چەکی جەنگی گەورە بێت، دوای ئەوەش بە هێرشی کەشتی سووک و هێرشی ئاسمانی تەواو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش سوپا هەستا بە پڕچەککردنی هێزی دەریایی. سیاسەتی دەریایی ژاپۆن بەهۆی ئەوەی %٧٠ـی هێزی دەریایی ئەمریکا دەبوو بۆیە دڵنیابوو لە بردنەوەی جەنگی نێوانیان، بەبێ ئەوەی گرنگی بەو %٣٠ـیە بدەن.  لەبەر ئەم هۆکارە ستراتیجییە، هێزی دەریایی ژاپۆن هەوڵی زۆر قورسی دا بۆ بنیاتنانی هێزێکی دەریایی گەورە لەکاتێکدا بەپێی پەیماننامەی واشنتنی دەریایی لە ساڵی ١٩٢٢ دەبوو هێزی ژاپۆن %٦٠ـی هێزی دەریایی ئەمریکا بێت، کە دواتر ژاپۆن لە ساڵی ١٩٣٤ لە پەیماننامەکە کشایەوە و دەستی کرد بە دروستکردنی دوو کەشتی گەورە بە چەکی ڕێژنگی ٤٦ سانتیمی. سەرەڕای شکاندنی پەیماننامەکە لەو کاتەدا، بەڵام دروستکردنی ژێردەریایی و کەرەستە سەربازییەکان لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی پێکرد.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٠ و دوای گەیشتنی ژاپۆن بە کۆتا سنووری جەنگ لەگەڵ چین و پەیداکردنی ئەزموونێکی زۆر دەستی کرد بە پلاندانان دژی ئەمریکا و بەریتانیا و هۆڵەندا. بۆ ئەمەش هەستا بە پڕچەککردنی هێزەکانی دەریا و گەڕاندنەوەی کەشتیگەلی ئاسمانی یازدەیەمی سوپا بۆ ئامادەیی لە زەریای هێمن.

لە ١٠ی نیسانی ١٩٤١ یەکەم کەشتیی ئاسمانی لە چوار تانکەری ئاسایی دروستکرا. ئەدمیراڵ یامامۆتۆ ئیسۆرۆکۆ، فەرماندەی گشتیی کەشتییە جەنگییەکان لە ساڵی ١٩٣٩ەوە فەرمانی بە تاقمەکەی کردبوو لە ڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هێرشێکی لەناکاو بکەن بۆ بەندەری پێرل هاربەری ئەمریکا کە بەشێکی زۆری فڕۆکەکانی هەڵگرتووە. ئەمەش بۆ وەستاندنی جووڵەی هێواشی ئەمریکا لە باشووری ئیمپڕاتۆریەتی ژاپۆن.

پێشکەوتنی ژاپۆن لە مانگی حەوتی ساڵی ١٩٤١ بۆ بەشی باشووری هیندۆچینی فەڕەنسی، ئەمریکای هاندا بۆ ئەوەی سەرمایەی ژاپۆن لە دەرەوەی وڵات ببەستێت و پاشان قەدەغەی تەواوی بەسەر بەرهەمە نەوت و سروشتییەکانی ژاپۆن سەپاند. بۆیە لە 6ی ئەیلوولدا، حکومەتی ژاپۆن و سەرکردایەتی گەورە بڕیاریان دا کە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم ئامادەکارییەکان بۆ جەنگ تەواو بکرێت. کاتێک گەمارۆکانی ئەمریکا سەپێندرا، بنکەکانی نەوتی ژاپۆن گەیشتبووە ٥٣ ملیۆن بەرمیل (٨,٤٠٠,٠٠٠ کیلۆ لیتر)، کە بە زەحمەت دەیتوانی پێداویستی ٢ ساڵیان دابین بکات. هەر لەبەر ئەمەش هێرشکردنە سەر دوورگە هیندۆ-هۆڵەندییەکانی ڕۆژهەڵات زۆر گرنگ بوو چونکە کێڵگەی نەوتییان تێدابوو.

لە هەمان کاتدا، یامامۆتۆ جەختی دەکردەوە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی لە پێرل هاربەر و بۆ ئەمەش زۆری لە دەستەی گشتی هێزی دەریایی دەرکرد. بەهۆی پێداگرییە بەهێزەکەی یامامۆتۆ بوو کە لە کۆتاییدا فەرماندەیی باڵای دەریایی ڕازی بوو لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا هێرشەکە بخاتە نێو پلانی "ئۆپەراسیۆنە گشتگیرەکان" و جێبەجێی بکات. کە پلانەکە بریتیبوو لە داگیرکردنی فلیپین، مالایا، دوورگەکانی هیندۆ-هۆڵەندی ڕۆژهەڵات، بۆ مەبەستی بەرگرییش ژاپۆن لەوەبوو ناچار بێت دوورگەی وەیک، گوام، گیلبێرت و بۆرما لە ڕۆژئاوا داگیر بکات.

سەبارەت بە پێرل هاربەر، شەش گوێزەرەوەی ژاپۆنی (کە ئەوکات ژاپۆن تەنیا ئەوانەی هەبوو)، دوو کەشتیی جەنگی، سێ کەشتی شەڕکەر و ١١ کەشتی تێکشکێنەری ئامادە کران. ڕۆژی ١٢/٧ـی ١٩٤١ وەک ڕۆژی هێرش دیاری کرا و بە هاوکاری ١١ یەکە (٣٧٠,٠٠٠) و ٣٤٠ تانک و ٧٩٥ فڕۆکەی شەڕکەر ئەنجام درا کە دەیکردە %٥٠ـی هەموو هێزی ئاسمانی سوپا. بەڵام هێزی زەمینی تەنیا %٢٠ـی سوپای ئەوکات بوو. ئەرکی هێزی دەریایی لە ئۆپەراسیۆنی باشووردا لەناوبردنی هێزی ئاسمانی دومن بوو بە فڕۆکەی دوورمەودا و بۆمبرێژکەری دوو بزوێنەر پێش نیشتنەوەی ژاپۆنییەکان.


سەرچاوەکان



1027 بینین