زەریا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-26-23:20:00 - کۆدی بابەت: 8049
زەریا

ناوه‌ڕۆك

زەریا چییە؟

زەریا (بە ئینگلیزی: Ocean، بە عەرەبی: محيط)، تەنێکی ئاویی گەورەی سوێرە کە نزیکەی لەسەدا 71ی ڕووی زەوی دادەپۆشێت، ئەم هەسارەیەی ئێمەی لێ نیشتەجێین خاوەنی یەک زەریای جیهانییە، هەرچەندە ئۆقیانووسناسەکان و وڵاتەکانی جیهان ئەم زەریایەیان دابەشکردووە بۆ چوار ناوچەی جیاواز ئەوانیش: زەریاکانی هێمن، ئەتڵەسی، هیندی و باڵتیک یان باکوورین. لە سەدەی بیستەمدا، هەندێک لە ئۆقیانووسناسەکان زەریای باشووریی دەریاکانی دەوروپشتی ئەنتاركتيكایان وەکوو پێنجەم زەریا پۆلێنکرد و لە ساڵی 2021دا ناشناڵ جوگرافی بەفەرمی زەریای باشووری وەکوو پێنجەم زەریا ناساند.

لەسەدا 97ی ئاوی جیهان لە زەریادایە، بەم هۆیەشەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەشوهەوا، پلەی گەرمی و سەرچاوەی خۆراکی مرۆڤەکان و زیندەوەرەکانی تر هەیە، سەرەڕای ڕووبەر و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو زیندەوەرەکانی سەر زەوی، زەریاکان هێشتا نادیار و ئاڵۆزن. زیاتر لە لەسەدا هەشتای زەریاکان هێشتا نە نەخشەیان کێشراوە نە لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە نەبینراون. ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوان ئەو لێکۆڵینەوانەی لە زەریاکان کراون لەچاو ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ڕووی مانگ و هەسارەی مەریخ کراون ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ڕێژەی لێکۆڵینەوەمان لە زەریاکان زۆر کەمترە.

هەرچەندە هێشتا شتانێکی زۆر زیاتر هەن بۆئەوەی فێریان بین، بەڵام ئۆقیانووسناسەکان هەندێک شتی سەرسوڕهێنەریان دۆزیوەتەوە، بۆ نموونە، ئێمە دەزانین زەریاکان زنجیرە شاخە زۆر بەرزەکان و دەربەندە قوڵەکانیان تێدایە، کە بە دۆڵەکانی ژێر دەریا ناسراون، ڕێک وەکوو ئەوانەی کە لەسەر زەوین، لووتکەی بەرزترین شاخی جیهان کە چیای ئێڤێرێستە لە هیمالایا و بەرزاییەکەی 8.84 کیلۆمەترە، ئەگەر لە دۆڵی زەریای هێمن یان لە دۆڵی فلیپیندا دابنرێت تەنانەت ڕووکەشی ئاوەکەی نابڕێت، چوونکە ئەم دوو دۆڵە دوو لە قوڵترین بەشەکانی زەریاکەن، لەلایەکی تریشەوە، قوڵی زەریایەک بۆ دانەیەکی تر جیاوازە، بۆ نموونه، قوڵی زەریای ئەتڵەسی تا ڕادەیەک کەمە چونکە بەشێکی زۆری بنکەی زەریاکە لە ڕەفە کیشوەرییەکان پێکدێن. تێکڕای قوڵایی تەواوی زەریاکە 3,720 مەترە.

تا ئێستا نازاندرێت ژمارەی ئەو زیندەوەرانەی زەریا بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن چەندن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی سیستمی ژینگەیی ئەو زیندەوەرە لە زەریاکاندا دەژین لەژێر مەترسی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پیسبوونی زەریاکان و کێشەکانی ترەوە دەناڵێنن، هەندێک لە ئۆقیانووسناسەکان لەو بڕوایەدان کە ژمارەی زیندەوەرەکانی نێو زەریاکان ڕوو لە کەمبوونەن، دەشێت لە چەند ساڵێکی داهاتوودا ئۆقیانووسناسەکان بگەن بە ژمارەیەک ئاکامی ئەرێنی دەربارەی زەریاکان. دەکرێت زیاتر لە لەسەدا نەوەدی زیندەوەرە جۆراوجۆرەکانی ناو زەریاکان هێشتا نەدۆزرابێتنەوە، لە ئێستادا زانایان دەربارەی نزیکەی 226,000 جۆر زیندەوەر زانیارییان هەیە.

گرنگی زەریاکان

جیهانی زەریاکان چەندین سوود پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەگەیەنن، لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو سوودانە دەکەین:

  1. زەریاکان زیاتر لە نیوەی ئۆکسجینی جیهان بەرهەم دەهێنن و 50 ئەوەندەی کەش دوانۆکسیدی کاربۆنی هەڵدەمژن.
  2. لەسەدا 70ی ڕووی زەویان داپۆشیوە و گەرمی لە هێڵی يەكسانبوونی گۆی زەوییەوە دەگوازنەوە بۆ جەمسەرەکان، کەشوهەوا و ڕەوتی کەش ڕێک دەخەن.
  3. لەسەدا 76ی تەواوی بازرگانییەکانی وڵاتی ئەمریکا لەڕێگەی گواستنەوە لە زەریاکانەوە ئەنجام دەدرێت.
  4. زەریاکان چەندین چالاکی بێ هاوتا بۆ مرۆڤەکان دابین دەکەن، هەر لە ماسیگرتن و بە بەلەم گەڕان بەناو زەریادا تا سەیرکردنی نەهەنگەکانی نێوی.
  5. لەڕووی سوودی ئابوورییشەوە، ئابووری ئۆقیانووسی ئەمریکا 282 ملیار دۆلار بەرهەم دەهێنێت لە کاڵا، خزمەتگوزاری و نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە کارە بازرگانییەکانیدا بەژدارن.
  6. زەریاکان شتانێکی زیاتر لە خواردنی دەریایی دابین دەکەن، پێکهاتەی خواردنە سەرسوڕهێنەرەکان لە زەریاکاندا دەدۆزرێنەوە، وەکوو کەرەی وەنەشامی و سۆیمیڵک.
  7. زۆرێک لە بەرهەمە پزیشکییەکان لە زەریاوە سەرچاوەیان گرتووە، لەوانە ئەو پێکهاتانەی کە یارمەتی بەرەنگاری شێرپەنجە، هەوکردنی جومگە، نەخۆشی ئەلزەهایمەر و نەخۆشی دڵ دەبنەوە.


سەرچاوەکان



1471 بینین