ئەلکاینەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-05-17:09:00 - کۆدی بابەت: 8143
ئەلکاینەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە زانستی کیمیای ئەندامیدا ئەلکاین (بە ئینگلیزی: alkyne) بەو هایدرۆکاربۆنە ناتێرانە دەوترێت کە بە لایەنی کەمەوە یەک بەندی سیانی کاربۆن-کاربۆنیان تێدایە، سادەترین ئەلکاینی نابازنەیی کە یەک بەندی سیانی تێدایە و هیچ کۆمەڵەیەکی کاریگەری پێوە پەیوەست نەبووە زنجیرەیەکی چوونیەک دروست دەکەن کە شێوگی گشتی کیمیاییان بریتییە لە CnH2n-2، لە کۆندا ئەلکاینەکان پێیان دەوترا ئەسیتایلینەکان (بە ئینگلیزی: acetylenes)، هەروەها ناوی ئەسیتایلین زیاتر تایبەتە بە C2H2 کە بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت ئیساین، ئەلکاینەکان هەروەک هایدرۆکاربۆنەکانی تر ناهۆگەری ئاون، واتە لە ئاودا ناتوێنەوە.

تایبەتمەندی

تایبەتمەندیی فیزیایی

هەموو ئەلکاینەکان بێڕەنگ و بێ بۆنن جگە لە ئەسیلین کە بۆنێکی کەمێک جیاوازی هەیە، سێ ئەلکاینی یەکەم لە دۆخی گازیدان، هەروەها هەشت دانەی دواتر شلن، هەموو ئەو ئەلکاینانەی تر کە دەمێننەوە لە دۆخی ڕەقیدان، ئەلکاینەکان لە سروشتدا کەمێک جەمسەردارن، پلەی کوڵان و توانەوەی ئەلکاینەکان بە زیادبوونی پێکهاتەی مۆڵییان زیاد دەکات، هەروەها پلەی کوڵانیان لەبەر بوونی بەندێکی زیادەی کاربۆن تیایاندا کەمێک لە پلەی کوڵانی ئەلکینەکان زیاترە.

تایبەتمەندیی کیمیایی

ئەلکاینەکان ناوەندێکی کەمێک ترشیان هەیە، هەروەها کەمێک کارۆسالبن، بەندی سیانی گەردەکانی کاربۆنی ئەلکاینەکان یەکگرتنی خولگەیی spن، بەڵام بەندە یەکییەکان یەکگرتنی خولگەیی sp3ن، ئەمەش هۆکارە بۆ بوونی جیاوازی لە کارۆسالبێتی و وای لێ کردوون کە بەئاسانی جووت ئەلیکترۆنی بەندی C-H کێش بکەن.

ناونان

هایدرۆکاربۆنەکان بەپێی سیستمی جیهانی ئایوپاک IUPAC ناودەنرێن، ئەم چەند هەنگاوە جێبەجێ بکە بۆ دانانی ناوی تەواوی هەر ئەلکاینێک:

  1. دەبێت زنجیرەی باوان دیاری بکرێت، زنجیرەی باوان بریتییە لە درێژترین زنجیرەی کاربۆن کە بەندی سیانی تێدایە، پاشگری (این) بۆ دیاریکردنی بوونی بەندی سیانی لە هایدرۆکاربۆنەکەدا زیاد دەکرێت بۆ ناوی زنجیرەی باوان.
  2. لە هەنگاوی دووەمدا ژمارەی کاربۆنەکانی زنجیرەی باوان دیاری دەکەین بەشێوەیەک کە بەندی سیانی کەمترین ژمارە وەربگرێت، پاشان ئەم ژمارەیە لەپێش ناوی زنجیرەی باوانەوە دادەنرێت. 
  3. دواتر ناوی کۆمەڵە گۆڕاوەکان بنێ و لەپێش ناوی زنجیرەی باوانەوە بپێی ئەلفبێی ئینگلیزی ڕیزیان بکە، فاریزە بۆ جیاکردنەوە ناوەکان لەیەکتر و بڵق بۆ جیاکردنەوە ژمارەکان لە ناوەکان بەکاردێت. 
  4. ئەو ئەلکاینانەی کە زیاتر لە یەک بەندی سیانیان تێدایە کۆتایی ناوەکەیان بۆ دوو بەندی سیانی بە (داین) و بۆ سێ بەندی سیانی بە (تراین) و بۆ چوار بەندی سیانی بە (تێتراین) دێت. 

بەکارهێنان

باوترین جۆری ئەلکاینەکان ئیساینە کە لە دروستکردنی چەندین ئاوێتەدا بەکاردێت وەک:

  • باوترین بەکارهێنانی ئیساین C2H2 بەکارهێنانییەتی لە دروستکردنی ئاوێتەی ئەندامی وەک ئیسانۆڵ، ترشی ئیسانۆیک و ترشی ئەکریلیک
  • بەکاردێت لە دروستکردنی پۆلیمەرەکان و ماددە سەرەتاییەکانیان، بۆ نموونە بەکاردێت لە دروستکردنی کلۆریدی ڤینایل کە وەک ماددەی سەرەتایی بەکاردێت لە دروستکردنی پی ڤی سی (PVC). (پۆلیمەر واتای ناوەکەی بریتییە لە فرەبەش، ماددەیەکە کە لە دووربارەبوونەوەی بەشی جیای گەردی کیمیایی زۆر گەورە و زۆر بچوک پێکدێت، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد ڕۆڵێکی بێسنووریان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەر تایبەتمەندییە فراوانەکانیان)
  • ئیساین لە دروستکردنی چەندین توێنەری ئەندامیدا بەکاردێت
  • ئەلکاینەکان بەشێوەیەکی باو بەکاردێن لە پێگەیاندنی دەستکردی میوەکاندا


سەرچاوەکان



731 بینین