عوسمان سەبری

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-10-15:20:00 - کۆدی بابەت: 8201
عوسمان سەبری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عوسمان سەبری (بە ئینگلیزی: Osman Sabri)، نوسەر و شاعیری کوردە، لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٠٥ی زایینیدا لە گوندی نارنجی لە قەزای کارختە لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، باوکی لە ئاغایانی عەشیرەتی مردێسی بووە، لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە، مامی بە ناوی شوکری بەخێوی کردووە و پەروەردەی کردووە و خستویەتییە بەر خوێندن، لە قوتابخانەی ڕوشدییە بووە بە قوتابی، لە ساڵی ١٩٢٢ تەواوی کردووە، لەو ماوەیەدا هەردوو مامی شوکری و نووری بەشدارییان لە شۆڕشی کوردی باکووری کوردستان کردووە بە سەرکردایەتی شێخ سەعیدی پیران، لە ئەنجامی لەناوبردنی شۆڕش و لە سێدارەدانی سەرۆکەکان لە ساڵی ١٩٢٥ بنەماڵەی عوسمان سەبری لە ئامەد ئاوارەبوون، وەکوو هەزاران بنەماڵەی کورد کەوتنە ڕۆژی ڕەشەوە، کردەوە تیرۆریستییەکانی تورکە کەمالییەکان هاندەرێک بوون بۆ لاوانی وەکوو عوسمان سەبری کە بکەونە خەباتی نهێنی لەدژی دەوڵەتی تورکیا، تا دەسەڵات زەفەری پێ برد و گرتی، تا ساڵی ١٩٢٨ لە بەندیخانە دەمێنێتەوە، لە ساڵی ١٩٢٩ جارێکی دیکە دەکەوێتەوە ناو داوی جەندرمەی تورکیا و دەدرێتە دادگای سوپا، ڕزگاربوونی لەم گرتنە دەبێتە هۆی ئەوەی وڵات بەجێ بهێڵێ پەنا بۆ سووریا ببات، خۆی و شەش لە براکانی ڕوو دەکەنە سووریا لە شاری دیمەشق نیشتەجێ دەبن کە ئەو کاتە وڵاتی شام هێشتا لەژێر فەرمانڕەوایی فەڕەنسا بوو.

ژیانی هونەری

عوسمان سەبری لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری هاوار لەلایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینیدا لە دیمەشق بووەتە نووسەری سەرەکی ئەو گۆڤارە و گەلێک وتاری بەنرخی لەسەر نووسینی کوردی بە لاتینی تێدا نووسیوە، کاتێکیش کە میر جەلادەت گۆڤارێکی تری بە ناوی ڕوناهی هەر لە دیمەشق لە ساڵی ١٩٤٢ زایینیدا دەرکرد کە تاکوو ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو، عوسمان سەبری وتار و شیعری پتەوی بە لاتینی تێدا بڵاوکردەوە و بەم جۆرە مامۆستا یەکێک بووە لە نووسەرە ناودارەکانی کورد کە پەرەیان بە نووسینی کوردی بە پیتی لاتینی داوە و بنچینەی ئەلفبێی کوردییان بە ئەبجەدی داناوە، لە بواری خەباتی نەتەوایەتیشدا عوسمان سەبری لە ساڵی ١٩٥٧دا لەگەڵ خەباتگێڕی ناسراوی وەک نورەدین زازا و دەستەیەک لە نیشتمانپەروەرانی کورد پارتی دیموکراتی کوردیان لە سووریا دامەزراند و بەم کارە ڕامیارییە میری سووریایان تووڕەکرد و چەندین جار ئەو تێکۆشەرانەی گرت و دەست بەسەریکردن، مامۆستا عوسمان لە ژیانی ڕامیاریدا ١٨ جار گیراوە و ئەشکەنجە دراوە، دووجار لە تورکیا دوو جار لە عێراق و جارێک لە لوبنان و ١٣ جاریش لە سووریا گیراوە، لە ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩٦٠دا لەگەڵ نورەدین زازا و ڕەشید حەمۆ لەسەر خەباتی ڕامیارییان وەک سەرکردەی پارتی فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو بەڵام نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد لە ئەورووپا، عێراق و لوبنان یاداشتیان پێشکەش بە جەمال عەبدولناسر کرد و داوای ئازادکردنیانی کرد، لە ئەنجامی ئەو داواکارییانە دوای ساڵێک زیندانی کردن لە ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩٦١دا ئازاد کران، عوسمان سەبری هەموو پارچەکانی کوردستان گەڕاوە، دوای هاتنی بۆ دیمەشق و نیشتەجێ بوونی لەو شارەدا، لە ساڵی ١٩٣٠ زایینیدا پەیوەندی بە پارتی خۆییبوونەوە کردووە چالاکییەکی زۆری تێدا ئەنجامداوە و بە ناوی ئەو پارتەوە سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و خۆی گەیاندووەتە بارزان و لەوێ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی کۆبووەتەوە بۆ پتەوکردنی پە‌یوەندی خۆیبیون بە خەباتی کورد لە کوردستانی باشووردا و هەر بەناوی خۆییبوونیش سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و چەند تێکۆشە‌ری ئەوێ چاوپێکەوتنی کردووە، ئەم کەسایەتییە لە ژیاندا واتای ماندووبوونی نەزانیوە و تا دوا هەناسەی ژیانی هەر لە خەباتی بێوچاندا بووە لە پێناوی مافە نەتەوەیییە ڕەواکانی کورددا.

بەرهەمەکانی

عوسمان سەبری زنجیرەیەک کتێبی بە نرخی بە زمانی کوردی و پیتی لاتینی بە چاپ گەیاندووە کە ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە ئەو بەرهەمانە:

  • ئەلفبای کورد - لە ساڵی ١٩٥٥دا لە دیمەشق چاپی کراوە
  • ئاپۆ
  • دردێن مە
  • باهۆز (دیوانی هۆنراوە) لە ساڵی ١٩٦٥ زایینیدا لە دیمەشق چاپ کراوە
  • چار لە هەنگ (چوار قارەمان) لە ساڵی ١٩٨٤دا لە دیمەشق چاپ کراوە

کۆچی دوایی

عوسمان سەبری لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ لە شاری دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و لە گوندی بەرکفری نزیک دەرباسییە نێژراوە.


سەرچاوەکان



626 بینین