شوگەر دادی و شوگەر مامی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-04-11-01:57:00 - کۆدی بابەت: 8208
شوگەر دادی و شوگەر مامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شوگەر دادی (بە ئینگلیزی: Sugar daddy) و شوگەر مامی (بە ئینگلیزی: Sugar mummy)، ئەو پیاو و ئافرەتە بەتەمەنانەن کە دەوڵەمەندن و پارەیان هەیە، پەیوەندی لەگەڵ کچ و کوڕی لە خۆیان گەنجتر دادەنێن، کە ئەو کەسەی بەرانبەریان پێی دەوترێ شوگەر بەیبی (بە ئینگلیزی: Sugar baby).

مێژووی سەرهەڵدانی شوگەر دادی

بە پێی سەرچاوە ئینگلیزییەکان، سەرهەڵدانی دەستەواژەی شوگەر دادی بۆ ساڵی ١٩٠٨ دەگەڕێتەوە، کاتێک کە (ئەدۆڵف سپرکێلس) خاوەنی کارگەی شەکری سپرێکلس (Spreckles)، لەگەڵ کچێک کە ٢٤ ساڵ لە خۆی گەنجتر بوو هاوسەرگیری کرد، ئەم کچە سادەیە دوای هاوسەرگیری لەگەڵ ئەدۆڵف ئەوی بە شوگەر دادی بانگ دەکرد، بەم شێوەیە ئودۆڵف یەکەم شوگەر دادییە لە مێژوودا، ماوەیەکی پێ چووە هەتا ئەم دەستەواژەیە بەناوبانگ بووە لەدوای ئەوە لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٥ تا ١٩٢٠ بوو کە بەو پیاوانەی داوای پەیوەندییان لە خانمانی زۆر لە خۆیان گەنجتر دەکرد، دەستەواژەی شوگەر دادی بەکار دەهات.

واتای شوگەر دادی، شوگەر مامی و شوگەر بەیبی

شوگەر دادی پیاوێکی بە تەمەنە کە بە پشتوانی پارە و سامانەکەی پەیوەندی لەگەڵ کچان و ژنانی گەنجدا دروست دەکات، زۆرێک لە شوگەر دادییەکان زۆریش پیر نین، ئەم جۆرە پیاوانە ساڵەکانی گەنجی تەمەنیان لە پێناو کار و کۆکردنەوەی پارە داناوە، لە ڕابردووی خۆیان ڕازی نین و لە ژیانیاندا بەتایبەیت لە پەیوەندییە سێکسییەکاندا هەست بە کەموکوڕی دەکەن، ئەو پارەیەی کە بەدەستیان هێناوە دەیخەنە خزمەتی ژنێکی لە خۆیان گەنجتر، بەو مەرجەی ئامادە بێت پەیوەندی سێکسی و سەرجێییان لەگەڵ ئەنجام بدات، هەڵبەت سنوورەکانی ئەم پەیوەندییە پەیوەستە بە ڕێککەوتنی هەردوولاوە.
شوگەر مامی یان شوگەر ماما، ژنێکی بەتەمەنی پارەداری دەوڵەمەندە کە پەیوەندی سۆزداری و سێکسی لەگەڵ کوڕانی گەنج و کەشخەدا دادەنێت، ئەو کوڕانەی کە تەمەنیان بە کوڕی دەشێت، ئەو ژنە دەوڵەمەندانەی کە بێوەژنن یان جیابوونەتەوە لە هاوسەرەکانیان، ئامادەن ئەو تەمەنەی ماویانە لەگەڵ کوڕ یان پیاوانی گەنجدا بەسەری ببەن، پیاوێک کە لەبەر پارە شوگەر مامییەکەی خۆش دەوێت.
شوگەر بەیبی کەسێکی گەنج و تەمەن کەمە کە پەیوەندی لەگەڵ شوگەر مامی و شوگەر دادی هەیە، لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت بە خۆی، پەیوەندی لەگەڵ شوگەر مامی و شوگەر دادی پێ خۆشە و لەبەرانبەر پارەدا بەڵێن دەدات کە بە داواکارییەکانی ئەوان ڕازی ببێت، بۆ نموونە لە ئاهەنگ و بۆنە، قاوەخانە، گەشت و سەفەر لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکە بێت، بۆ هەندێک کەس شوگەر بەیبی بوون وەکوو کارێک وایە، هەندێکی تریش دەیگەڕێننەوە بۆ کێشەی سۆدزاری و دەروونی.

شوگەر دادییە بەناوبانگەکانی مێژوو

ـ  ئالان تیک: ئەکتەری بەناوبانگی سینەما و تەلەفزیۆنی ئەمریکا
ـ  جۆن ئێف کەنەدی: سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ـ  دۆناڵد ترەمپ: سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
ـ  کلین ئیستود: هونەرمەند، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ناسراوی ئەمریکی
ـ  چارلی شین: ئەکتەری بەناوبانگی سینەمای ئەمریکی

سوود و زیانەکانی پەیوەندی لەگەڵ شوگەر دادی

سوودەکانی

- بەدەستهێنانی سامان ئامانجی سەرەکی و سوودی ئەم پەیوەندییەیە، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی دەیکەن کاتێک پیاوێکی بەتەمەنی پارەدار دیاری گرانبەها بۆ کچێکی گەنج دەکڕێت یان دەیبات بۆ گەشتی وڵاتانی تر، بە سوود دادەنرێت و بۆ هەندێک لە کچان ئەمە خەونێکە.
- یەکێکی تر لە سوودەکانی وەرگرتنی ئەزموون و گەشە و کامڵبوونی کەسایەتی و سۆزدارییە، کچە گەنجەکە دەتوانێت ئەزموونەکانی ژیانی شوگەر دادییەکە فێر ببێت و سوودییان لێ وەبگرێت، لەبەر ئەوەی شوگەر دادییەکە تەمەنی زیاترە و تێگەشتنی بۆ شتەکان زیاترە، باشتر لە خواست، حەز و ڕەفتارەکانی کچەکە تێدەگات.

زیانەکانی

- شوگەر دادی بەدوای پەیوەندی سێکسییەوەیە و دەیەوێت بە پارە بیکڕێت لە کاتێکدا کە کچە گەنجەکان پێویستی سۆزدارییان هەیە، شوگەر دادی چێژ لە گەنجێتی و وزەی شوگەر بەیبی وەردەگرێت، بەڵام لەبەرانبەردا ناتوانێت تێری بکات بەتایبەت لە لایەنی سۆزدارییەوە.
- دوور نییە کە شوگەر بەیبی لە پەیوەندی لەگەڵ شوگەر دادی بێزار و ماندوو بێت، مەگەر ئەوەی کە بەشێکی زۆری هەستەکانی لەبەر پارە وەلا بنێت، ئەگەر پەیوەندییەکە نەبێت بە هاوسەرگیری یان هاوسەرگیریش بکەن بەڵام شوگەر دادییەکە خواستی هێنانی منداڵی نەبێت، ماف و هەلی بوون بە دایک لە شوگەر بەیبی دەسێنێت و ناتوانێت ئەو ئەزموونە تاقی بکاتەوە.

سوود و زیانەکانی پەیوەندی لەگەڵ شوگەر مامی

سوودەکانی

- سوودی شوگەر مامی جگە لە گەیشتن بە پارە، هەبوونی هاوسەرێکی بەهێزە کە کەموکوڕییە سۆزدارییەکان و کەسایەتی کوڕەکە تەواو دەکات، کوڕێک کە توانیویەتی متمانەی ژنێکی ژیر و سەروەتمەند بەدەست بهێنێت، زیاتر هەست بە متمانە بەخۆبوون دەکات، شوگەر مامی کەمتر لە خۆشەویستێکی گەنج کوڕەکە کۆنتڕۆڵ دەکات و کوڕەکە ئازادی زیاتری دەبێت، ژنێکی ئاوا دەتوانێت یارمەتی پیاو بدات و ڕێگای کارکردن و بەدەستهێنانی سامان و هێزی پیشان بدات.

زیانەکانی

کوڕێک کە پەیوەندی لەگەڵ شوگەر مامی دروست بکات، بەپێی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدایەتی، دەبێت بەرگەی توانج و سەیرکردنە توندەکانی دەوروبەر، هاوڕێ و خێزانەکەی بگرێت، ڕەنگە پێویست بکات هەندێک پەیوەندی خێزانی، هاوڕێیەتی و تەنانەت کاری لەبەر پەیوەندییەکەی لەگەڵ شوگەر مامی لەدەست بدات، پێچەوانەی ئەوەش هەیە و بینراوە، هەندێک هاوڕێی کوڕەکە لەبەر ئەو پێیگەیەی کە شوگەر بەیبی پێی گەیشتووە، دەیانەوێت سوودی لێ وەربگرن و هاوڕێیەتییەکەیان لەبەر بەرژەوەندییە کۆتا زیانی پەیوەندییەکی ئاوا ئەوەیە کە ڕەنگە شوگەر مامی سەرنجڕاکێشی سێکسی نەبێت بۆ کوڕەکە و نەتوانێت کوڕێکی گەنج ڕازی بکات.


سەرچاوەکان



7855 بینین