دابەزینی پەستانی خوێن لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-11-04:05:00 - کۆدی بابەت: 8210
دابەزینی پەستانی خوێن لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماوەی دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە و بەگشتی جەستە و دەروونی دایکەکە تێک دەدات. 
وەک چۆن کێشەی بەرزی پەستانی خوێن زۆر باوە لە خانماندا، کێشەی دابەزینی پەستانی خوێنیش زۆرە کە ئەویش چەند نیشانە و هۆکارێکی دیاریکراوی هەیە.

پەستانی خوێنی ئاسایی

هەبوونی پەستانی خوێنێکی ئاسایی لەماوەی دووگیانیدا دەرخەری ئەوەیە کە دایک و کۆرپەکە تەندروستن، پەستانی خوێنی ئاسایی دەبێت 120/80mmHg بێت، ئەگەر ڕێژەکە لەمە کەمتر بوو ئەوە دایکەکە دووچاری نزمبوونەوەی پەستانی خوێن بووەتەوە.

دابەزینی پەستانی خوێن

ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە جەستەتدا ڕوودەدات بەدرێژایی ماوەی دووگیانی کار دەکاتە سەر پەستانی خوێنت، کاتی دووگیانی کۆئەندامی سوڕی خوێن بەخێرایی خوێن خێرا دەکات و بەرهەمی دەهێنێت، ئەمەش لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ دابەزینی پەستانی خوێن.
پەستانی خوێن کەمتر بێت لە mmHg 90/60 ئەوا کەسەکە تووشی دابەزینی پەستانی خوێن بووە، هەروەها کۆمەڵێک هۆکاری تر وادەکەن پەستانی خوێن دابەزێت کە ئەمانەن:

  • کەمبوونەوەی ئاو
  • کەمخوێنی
  • خوێنبەربوونی ناوەکی
  • پشوودانێکی ماوە درێژ و تەممەڵی
  • کۆمەڵێک دەرمانی تایبەت
  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە
  • نەخۆشییەکانی غوددە
  • تووشبوونە میکرۆبییەکان
  • خۆراکی ناتەندرووست و کەم خۆراکی
  • وەڵامدانەوە بۆ هەستیاری

نیشانەکان

  • سەرگێژخواردن
  • سەرسوکی بەتایبەت کاتێک کە بەپێوە وەستاویت
  • بوورانەوە
  • دڵتێکچوون
  • ماندوویەتی
  • بەرچاو ڕەشبوون
  • تێنوێتی نائاسایی
  • بێڕەنگی و ساردی پێست
  • هەناسەی توند یان هەناسە کورتی
  • بێ تەرکیزی
  • ئارەقکردنەوەی سارد

لە سەرەتاکانی دووگیانیدا 

دوای چەقینی هێلکەی پیتێنراو لەناو منداڵداندا، وێڵاش دەست دەکات بە دروستکردنی کۆمەڵێک هۆڕمۆن کە دەبنە هۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن لە جەستەی دایکەکەدا.
زیادبوونی ئەم هۆڕمۆنەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ماسولکەکانی دیواری لولەکانی خوێنی دایکەکە کێشی بێت و فراوان ببێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دایکەکە پێویستە خوێنی زۆرتر بەرهەمبهێنێت لەبەرئەوەی ماددەی خۆراکی و ئۆکسجین دەگەیەنێت بە کۆرپەکە، لە سەرەتاکانی دووگیانیدا کە هێشتا خوێن بە بڕی پێویست زیادی نەکردووە لەوانەیە دایکەکە تووشی دابەزینی پەستانی خوێن ببێت و ئەمەش لە سەرەتاکانی دووگیانیدا زیاترە، واتە لە سێ مانگی یەکەم و دووەمی دووگیانیدا.

دیاریکردن 

دیاریکردنی نزمی پەستانی خوێن ئاسانە و تەنها پێویستی بە ئامێری پەستانگرتن هەیە، کە لەلایەن پزیشک یان پەرستارەوە پەستانی نەخۆشەکە دەگیرێت و ئەگەر ڕێژەکەی کەمتر بێت لە ڕێژەی ئاسایی ئەوا دیاری دەکرێت به نزمبوونەوەی پەستانی خوێن و دەبێت چارەسەری پێویست وەربگرێت.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

بەگشتی دابەزینی پەستانی خوێن لە کاتی دوووگیانیدا جێگای نیگەرانی نییە، چونکە حاڵەتەکە زۆر باوە و خانمەکە تووشی کێشەیەی وا ناکەتەوە و دوای منداڵبوون پەستانی خوێن ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو دابەزینی پەستانەکە زۆر بوو و نیشانەکانی توند بوون مەترسی دروست دەکات لەسەر گیانی دایک و کۆرپەلەکەی.
لەوانەیە ببێتە هۆی بوورانەوە و کەوتنی خانمەکە و زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە.
هەروەها لەوانەیە یەکێک بێت لە نیشانەکانی دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان.

کاریگەری لەسەر کۆرپەکە

توێژینەوەی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کراوە و هەندێک پێیان وایە کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر کۆرپەکە و هەندێکی تر پێیان وایە کە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵەکە بە مردوویی یاخود کەمی کێشی منداڵەکە لە کاتی لەدایکبوونی.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

  • هەستکردن بە بورانەوە 
  • سەرئێشەی توند
  • کێشەی بینین و بەرچاوڕەشبوون
  • دڵتێکچوونێکی زۆر توند
  • هەناسەتووندی
  • لێدانی دڵ زۆر خێرا بێت
  • ئازاری سەر سنگ
  • خوێنبەربوون
  • هەست نەکردن بە بەشێکی جەستەت

چارەسەر

بەگشتی دابەزینی پەستانی خوێن دەرمانێکی تایبەتی نییە، بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان بەهۆی دووگیانیەکەیانەوە بەڵام کۆمەڵێک ڕێنوێنی و چارەسەری ئاسان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پەستانی خوێن.
ئەگەر هاتوو کەسەکە نیشانەکانی زۆر توند بوو ئەوکات پزیشک دەرمانی تایبەتی بۆ بەکاردەهێنێت.
دەبێت نەخۆشەکە لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت و ئەو هۆکارە کۆنتڕۆڵ بکرێت کە وایکردووە تووشی دابەزینی پەستانی خوێنی بکات، چی بکرێت:

  • ڕۆژانە ژەمە خۆراکی سووک بخۆ و بەڵام ژەمەکانت زیاد بکە، چونکە خواردنی قوورس دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنە پڕ شەکرەکان چونکە بەخێرایی هەرس دەکرێن.
  • زۆر خواردنەوەی ئاو و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولییەکان.
  • دوورکەوتنەوە لە وەرزشکردن لە شوێنی زۆر گەرمدا
  • دوورکەوتنەوە لە پشوودانی زۆر و خەوی زۆر
  • خواردنی ڤیتامینەکان و فۆلیک ئەسید لەماوەی دووگیانیدا
  • کاتێک دانیشتوویت یاخود پاڵکەوتوویت لەناکاو هەڵمەستەرەوە سەرپێ.
  • بۆ ماوەیەکی زۆر بە پێوە ڕامەوەستە
  • شەوانە ژەمە خۆراکی سووک بخۆ  
  • گەرماوی زۆر گەرم مەکە
  • جلی فراوان لەبەربکە
  • خۆ ماندوونەکردن
  • دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی زۆری ئەو خواردنەوانەی کە ماددەی کافایینیان تێدایە.
  • پاڵنەکەوتنی ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن 
  • نەخەوتن لەسەر پشت
  • هەناسە هەڵمژینی قووڵ بە لووت و هەناسەدانەوە بە دەم
  • پاڵکەوتن و خەوتن لەسەر لای چەپ


سەرچاوەکان



5007 بینین