مژ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-15-17:33:00 - کۆدی بابەت: 8262
مژ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مژ (بە ئینگلیزی: Mist) دیاردەیەکە کە تێیدا دڵۆپە ئاوی بچووک لە هەوای سارددا هەڵدەواسرێن، لە ڕووی فیزیایییەوە مژ گیرساوەیەکی دڵۆپە ئاوی زۆر بچووکە لە بەرگەهەوادا کە ڕوونبینیی ئاسۆیی بۆ یەک کیلۆمەتر یان زیاتر کەمدەکاتەوە، ئەگەر ڕوونبینی بۆ کەمتر لە یەک کیلۆمەتر کەمبووەوە گیرساوەکە پێی دەوترێت تەم. مژ بەزۆری لەو کاتانەدا دروست دەبێت کە هەوای گەرم و شێدار بەرەوڕووی ساردبوونەوەیەکی لەناکاو دەبێتەوە، وەکوو هەوای هەناسەدانەوە لە زستاندا. مژ دیمەنی ڕووپۆشێکی تەنک و خۆڵەمێشی باو دروست دەکات.

چۆنیەتی دروستبوونی مژ

دڵۆپە ئاوە بچووکە هەڵواسراوەکانی مژ دروست دەبن کاتێک ئاوی گەرم لەناکاو لە هەوادا سارد دەبێتەوە کە وادەکات لە گازێکی نەبینراوەوە بگۆڕێن بۆ دڵۆپە ئاوی بچووکی بینراو. مژ زۆرجار دروست دەبێت کاتێک هەوای سەر ئاوێکی گەرم لەناکاو بەر شوێن یان ڕوویەکی سارد دەکەوێت، مژ لەو کاتانەشدا دروست دەبێت کە هەوای گەرمی شوێنێک لەناکاو بەر هەوای ساردی سەر زەریا دەکەوێت. هەروەها مژ دەتوانرێت دروست بکرێت کاتێک هەوای گەرمی هەناسە لە کەشوهەوایەکی سارددا دەدرێتەوە. مژ بەهۆی چالاکیی گڕکانەکانیشەوە دروست دەبێت کاتێک هەڵمی ئاوی گەرم لەگەڵ گڕتاو و گازەکانی تر لەلایەن گڕکانەوە دەردەدرێت. زۆرجار مژی گڕکانی وەکوو هەورێکی ئاوییە کە دەتوانرێت بەناویدا هاتوچۆ بکرێت. زۆرجار ئەم مژە گڕکانییانە ماددەی کیمیاییی تریان تێدایە کە بۆنێکی ئاشکرا دەدەن، گڕکان‌ناسەکان لێکۆڵینەوە لەسەر تایبەتمەندییەکانی ئەم مژانە دەکەن بۆئەوەی بزانن چ جۆرە تاوێرێک و گازێک لەژێر گڕکانەکەدا بوونی هەیە. مژ تیشکێکی ڕووناکیی بینراو دروست دەکات بەهۆی شکانەوە و پەرتبوونی ڕووناکی بەسەر دڵۆپە ئاوە بچووکە گیرساوەکاندا. مژ بەگشتی لە کەناراوەکاندا دروست دەبێت و هەندێکجار پەیوەندیی بە تەمەوە هەیە، هەروەها کاتێک پلەکانی گەرما زۆر نزمن ئەوا مژ دەتوانێت تاوەکوو لووتکەی شاخەکان بەرز ببێتەوە. مژ و تەم زۆر لەیەک دەچن جیاوازییەکەیان بەندە لەسەر ئەوەی تا چەند ڕوونبینی هەیە، مژ چڕییەکەی لە تەم کەمترە و ئەگەر ڕوونبینی لە کیلۆمەترێک زیاتر بێت ئەوا مژە و ئەگەریش ڕوونبینی تەنیا تا یەک کیلۆمەتر یان کەمتر بێت ئەوا دیاردەکە تەمە.


سەرچاوەکان



735 بینین