نمەباران

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-15-18:30:00 - کۆدی بابەت: 8263
نمەباران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نمەباران (بە ئینگلیزی: Drizzle) نیشتوویەکی سووکی شلە کە لە دڵۆپە ئاوی شلی بچووکتر لەوەی باران پێکهاتووە کە نیوەتیرەکەیان ٠٫٥ ملیمەتر کەمترە. نمەباران بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەوری چینچینی تەخت یان هەوری کەڵەکەبوو دروست دەبێت. تێکڕای نیشتنی نمەباران لەسەر زەوی لە ڕۆژێکدا یەک ملیمەتر یان کەمترە. نمەباران لەزۆربەی بارودۆخەکاندا بەهۆی بچووکیی قەبارەی دڵۆپەکانییەوە بەرلەوەی بگاتە سەر ڕووی زەوی بەهەڵم دەبێت، هەر بۆیەش تێبینی ناکرێت و نابینرێت.

نمەبارانی بەستن

کاتێک دڵۆپە ساردبووەوەکانی نمەباران لەسەر ڕووێک دەنیشنەوە کە پلەی گەرمییەکەی لەژێر پلەی بەستن بێت ‌ئەوا نمەبارانی بەستن دروست دەبێت، ئەم دڵۆپانە ڕاستەوخۆ دەیانبەستێت و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی پارچەیەک لە سەهۆڵ لەسەر ڕوو و ڕێگەکاندا کە هەندێکجار پێی دەوترێت سەهۆڵی ڕەش. 

کاریگەرییەکان

زۆربەی نمەبارانەکان کاریگەرییەکی کەمیی دەستبەجێیان لەسەر مرۆڤ هەیە، بەڵام نمەبارانی بەستن کاریگەریی خراپی هەیە. کاتێک نمەبارانی بەستن لەسەر زەوی کەڵەکە دەبێت چینێک لە سەهۆڵی شووشەییی ڕووناک و لووس دروست دەکات و ئەو سەهۆڵەی کە لەسەر ڕێگەکاندا دروست دەبێت هەرچەندە تەنکیش بێت بەڵام دەبێتە هۆی ڕووداوی هاتوچۆی سەخت و مەترسیدار. نمەبارانی بەستن بۆ فڕۆکەکان زۆر مەترسیدارە چونکە دڵۆپە ئاوە ساردبووەوەکان لەسەر داپۆشەری پێشەوەی فڕۆکەکە دەیانبەستێت و ناهێڵێت فڕینەکە بەکارامەیی ئەنجام بدرێت. ونبوونی فڕۆکەیەکی ئەمریکیی هێڵی ئاسمانیی (American eagle flight 4184) لە ١٩٩٤/١٠/٣١ درایە پاڵ کەڵەکەبوونی سەهۆڵ بەهۆی نمەبارانی بەستن لە بەرزایییەوە.

ڕوودان

نمەباران باوترین جۆری نیشتنە بەسەر ڕووبەرە فراوانەکانی زەریاکانەوە بەتایبەتیش لە ناوچە ساردەکان. ئەم ناوچانە هەوری شێوە تەپۆلکەیان زۆرە کە بەدرێژایی سنووری کەنار دەریاکانەوە بوونیان هەیە. زاناکان ئامێری هەستیار و کارامەی وەکوو ڕاداری لەرەلەر بەرزیان دیزاین کردووە بۆئەوەی نمەباران دەستنیشان بکات و توێژینەوەکانیان ئەوەی پیشان داوە کە بڕی نمەباران پەیوەندییەکی بەهێزی بە شێوەی هەورەکانەوە هەیە.


سەرچاوەکان



579 بینین