پشکنینی گشتیی میز

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین - به‌روار: 2022-04-16-23:45:00 - کۆدی بابەت: 8280
پشکنینی گشتیی میز

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی گشتی میز چییە؟

پشکنینی گشتی میز (بە ئینگلیزی: General Urine Examination) یاخود شیکاری میز (بە ئینگلیزی: Urinalysis)، ئامڕازێکی گرنگە بۆ پشکنینی نەخۆش و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی تەندروستییان، زانیاری بایەخدار لەبارەی گورچیلە و میزەڕۆ، ناساغی جگەر، شەکرە و هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەستەبەر دەکات، پشکنینی گشتی میز لە سێ پشکنین پێکدێت: فیزیایی، کیمیایی و مایکرۆسکۆپی.

• پشکنینی فیزیایی قەبارە، ڕەنگ، ڕوونی، بۆن و چڕی تایبەت باس دەکات.
• پشکنینی کیمیایی pH، خڕۆکە سوورەکانی خوێن، خڕۆکە سپییەکانی خوێن، پڕۆتینەکان، نیترایت و گلوکۆز و دەپشکنێت.
• پشکنینی مایکرۆسکۆپی خانە، کاست، کریستاڵ و وردە زیندەوەرەکان دیاری دەکات.

چی کاتێک ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت؟

• گومانی هەبوونی نەخۆشی یاخود هەوکردن لە میزەڕۆ و گورچیلە.
• دەرکەوتنی هەندێک نیشانە، وەکوو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری تەنیشتەکان، دەرکەوتنی خوێن لە میز و بوونی ئازار لەکاتی میزکردندا.
• هەڵسەنگاندنی ڕادەی مەترسی ئەو نەخۆشییانەی کاریگەری لەسەر گورچیلەکان دەکەن، وەکوو: شەکرە، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و بەردی گورچیلە.

ئەنجامەکانی پشکنینەکە چی واتایەکیان هەیە؟

ئەنجامەکانی پشکنینەکە لەوانەیە بەگوێرەی تەمەن، ڕەگەز، پێشینەی نەخۆشی، شێوازی بەکارهاتوو لە پشکنینەکەدا، خۆراک، بەکارهێنانی دەرمان و چەندین شتی تریش بگۆڕێت، بۆیە باشترە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ لێکدانەوەی ئەنجامەکانی پشکنینەکە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەنجامەکان بەم شێوەیە لێک دەدرێتەوە:

ڕەنگ: ڕەنگی میزی کاڵ یان بێڕەنگ بەهۆی وەرگرتنی شلەی زۆرەوەیە، ڕەنگی زەردی تۆخ هۆکاری وشکبوونەوە و کەم وەرگرتنی شلەیە، بەکارهێنانی حەبی ڤیتامین B ڕەنگی میز بەرەو زەردێکی گەش دەبات، ڕەنگی قاوەیی مەیلەو سوور بەزۆری بەهۆی دەرمان، هەندێک خواردن، یاخود بوونی خوێنەوەیە لە میزدا.

ڕوونی: میز بەشێوەیەکی سرووشتی ڕوونە، بەڵام بەکتریا، خوێن، بەرد، لینجە ماددە و هەوکردن وا لە میز دەکەن لێڵ دەرکەوێت.

بۆن: هەندێک نەخۆشی بۆنی ئاسایی میز دەگۆڕن بۆ نموونە، تووشبوون بە بەکتریای (E.Coli) وادەکات میز بۆنی سووتەمەنی لێ بێت لە کاتێکدا شەکرە وادەکات بۆنێکی شیرین یاخود بۆنی میوەی لێبێت.

بەرزی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (RBC): لەوانەیە ئاماژەبێت بۆ نەخۆشی گورچیلە، هەوکردنی میزەڕۆ، کاردانەوە بۆ دەرمان، یاخود شێرپەنجە.

بەرزی ژمارەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن (WBC): ڕەنگە بەو واتایە بێت کە لە میزەڕۆتدا تووشی هەوکردن هاتوویت.

بەرزی ژمارەی خانەکانی گورچیلە: ئەگەری هەیە بەهۆی بەرکەوتنی زەبرێکەوە یاخود زیانپێگەشتن بێت بە گورچیلە.

دەرکەوتنی کریستاڵی نائاسایی لە میزدا: لەوانەیە ئاماژەبێت بۆ بوونی بەرد لە گورچیلەکان.


سەرچاوەکان



1553 بینین