مەریوان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-27-13:30:00 - کۆدی بابەت: 8404
مەریوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەریوان (بە ئینگلیزی: Mariwan)، شارێکە لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، مەریوان لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ بانه و سەقز، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ سنە و لە باشوورەوە لەگەڵ نۆدشە لە پارێزگای کرماشان، مەریوان لە ڕۆژئاواوە تەنیا ١٦ کیلۆمەتر لە سنووری باشماخەوە دوورە کە یەکێکە لە خاڵە سنوورییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمە بووەتە ھۆی گەشەی ئابووری دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە، ھەروەھا نزیک بوون لە گۆلی زرێبار و ناوچەی ھەورامان کە دوو ناوچەی گەشتیارین بوونەتە ھۆی بەناوبانگ بوونی ئەم شارۆچکەیە، بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانی مەریوان ١١٠٤٦٤ کەس بووە، زمانی سەرەکی دانیشتوانەکەی سۆرانی بابانییە ھەروەھا ژمارەیەکیش ھەورامی تێدایە.

مێژووەکەی

شاری مەریوان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٠ ساڵ لە مەوپێش، ئەم شارە لە نزیکی سنووری دەوڵەتی عوسمانی بووە کە لە ساڵی ١٨٦٥دا بە فەرمانی ناسڕەدین شای قاجار پاشای ئەو سەردەمەی ئێران لە نزیکی گۆلی زرێبار قەڵایەکی سەربازی دروستکرا کە تێچووەکەی چل هەزار تمەنی ئەو کاتە بووە چوار ساڵ دوای ئەوە فەرهاد میرزا مامەی ناسرەدین شا کە والی میرنشینی ئەردەڵان بوو قەڵاکەی بچووک کردەوە و لە جاران بەهێزتری کرد و ناوینا قەڵای شاهئاباد و لە نزیکی قەڵاکە شارۆچکەیەکیان دروستکرد و چەند بنەماڵەیەکیان لە لادێکانی دەوروبەرەوە بۆ هێنا دواتر فەرهاد میرزا حاجی محەمەد عەلی قەڵاکەی گەورەتر کرد و کاروانسەرا و حەمام و کارێزی ئاوی تێدا دروست کرد ئەم هەموو شتانە دوای ماوەیەک لە شەڕی هۆزەکانی مەریواندا وێران بوو سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی سەفەوی، قاجاڕ و عوسمانی ئاماژەی زۆریان تێدایە بە ڕوودانی شەڕ لە مەریوان یان لە دەشتی مەریوان، زۆری ئەم شەڕانە لە نێوان ئێران و عوسمانی یان میرنشینە کوردییەکاندا ڕووی داوە، مەریوان سنووری نێوان ئیمپراتۆریی قاجار و عوسمانی بووە و زۆر جار شوێنی شەڕ و ناکۆکی تایەفە کوردەکان بووە.

دەریاچەی زرێبار

زرێبار دەریاچەیەکی گەورەی سروشتی ئاوی شیرینە کە لە ٣ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری مەریواندایە، ئاوی زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە ھەڵدەقوڵێت و ھیچ ڕووبارێکی تر ناڕژێتە ناوی و ھەروەھا ساڕێژی ئاوەکەشی چەمی زرێبار پێکدێنێت کە بە دەشتی مەریواندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری سیروان، زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت، کێو، دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگە گەشتیارییەکانی کوردستان و ئێرانە، بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریاکان ١٢٩٠ مەترە و درێژییەکەی بە ئاڕاستەی باشوور - باکوور زیاتر لە ٨ کیلۆمەترە و پانییەکەشی بە ئاڕاستەی ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا نزیکەی ٣ کیلۆمەترە، لە ھەندێک لە زستانە ساردەکاندا ڕووی زرێبار بە تەواوی دەبێت بە سەھۆڵ.


سەرچاوەکان



597 بینین