چارەسەرکردنی کێشەکانی چاو بە لەیزەر

له‌لایه‌ن: - سازان عەدنان - به‌روار: 2022-05-07-15:00:00 - کۆدی بابەت: 8541
چارەسەرکردنی کێشەکانی چاو بە لەیزەر

ناوه‌ڕۆك

چارەسەرکردنی کێشەکانی چاو بە لەیزەر چییە؟

چارەسەرکردنی کێشەکانی چاو بە لەیزەر (بە عەرەبی: علاج العیون باللیزر،  بە ئینگلیزی: Eye Laser Treatment) یەکێکە لە ناسراوترین و باوترین جۆرەکانی نەشتەرکاری کە ئەنجامدەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بینایی. کۆرنییە لەباری ئاسایی خۆیدا تیشکەکانی پشتی چاو بە وردی بۆ سەر تۆڕەی چاو دەشکێنێتەوە، بەڵام کاتێک تیشکەکان بە ناڕاستی شکانەوە دەبێتە هۆی تەڵخبوونی بینایی.

لەیزەر لە چی کاتێکدا بەکاردێت؟ 

لەیزەر دەکرێت هەڵبژاردەیەکی گونجاو بێت لەم دۆخانەدا:

  • (Myopia)نزیکبینی: نەخۆشییەکی چاوە کە تێیدا گلێنەی چاو لەشێوەی ئاسایی خۆی درێژتردەبێتەوە یاخود کۆرنییە زیاتر قۆقز دەبێتەوە کە تێیدا کەسەکە شتە نزیکەکان بەباشی دەبینێت و شتە دوورەکان بە تەڵخی دەبینێت. 
  • (Hyperopia)دووربینی: کاتێک ڕوودەدات کە گلێنەی چاو کورتتر دەبێتەوە یاخود کۆرنییە ڕووتەختتر دەبێت، کە تێیدا کەسەکە شتە دوورەکان بەباشی دەبینێت و شتە نزیکەکان بە تەڵخی دەبینێت، ئەم حاڵەتە زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا دەبینرێت.  
  • (Astigmatism)ئەستیگماتیزم: کاتێک ڕووددەدات کە کۆرنییە یاخود هاوێنەی چاو بە ناڕێکی تیشکەکان دەشکێننەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تەڵخبوونی بینین. 

لەیزەر چۆن کار لەسەر چاوەکان دەکات؟

کۆرنییە پێکهاتەیەکی ڕوونە لە بەشی پێشەوەی چاوەکاندا دەبینرێت کە ڕێگە بە تیشکەکان دەدات بە چاودا تێپەڕببن، لەکاتی ئەنجامدانی لەیزەردا بەشێکی تەنک لەم شانەیە لێدەکرێتەوە و تیشکی لەیزەر بەکاردەهێنرێت بۆ بەشی پشتەوەی کۆرنییە کە هاوێنەی چاوە بۆ مەبەستی ڕاستکردنەوەی بینایی. 
نەشتەرکاریەکە بەنزیکەیی ٣٠ خولەک دەخایەنێت کە پزیشک چینێکی دیاریکراو لە کۆرنییە دەبڕێت و دواتر تیشکی لەیزەری لێدەدات بۆ ئەوەی شێوەی کۆرنییە بگەڕێنێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی. 

پێش ئەنجامدانی لەیزەر

ئەگەر هاوێنە بەکاردەهێنیت بە مەبەستی چاو کزی کە دەبێتە هۆی گۆڕینی شێوەی کۆرنییە، پێویستە بووەستیت لە بەکارهێنانی و بەلایەنی کەمەوە تا چەند هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی لەیزەر تەنها چاویلکە بەکاربهێنیت. پزیشک هەموو زانیارییەک لەبارەی شێوەی کۆرنییە، ئەستوورییەکەی و ناڕێکییەکانی لە چارەخواز وەردەگرێت، هەروەها بەدیاریکراوی ئەو شوێنەی کۆرنییە دەستنیشان دەکات کە پێویستە لاببردرێت. 

پاش ئەنجامدانی لەیزەر

چارەخواز ڕاستەوخۆ دوای ئەنجامدانی نەشتەرکارییەکە هەست بە  خوران، سووتانەوە و ئازاری چاوەکان دەکات. پزیشک دەرمانی هێورکەرەوەی ئازار یاخود دەرمانی دڵۆپەی چاو بە مەبەستی کەمبوونەوەی ئازار بۆ  چارەخواز دەنووسێت, هەروەها پێویستە چاویلکەی هەتاویی لەشەواندا بەکاربهێنرێت تاکوو چاوەکان چاک دەبنەوە. لە پاش ئەنجامدانی لەیزەر چارەخواز دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی ببینێت، بەڵام ڕاستەوخۆ بە تەواویی بینایی ڕوون نابێت بەڵکو ماوەی دوو بۆ سێ مانگ دەخایەنێت تاکوو بە تەواویی چاوەکان چاک دەبنەوە و بینایی جێگیردەبێت. 

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەنجامدانی لەیزەر چین؟

  • وشکبوونی چاوەکان: لەیزەر بۆ ماوەیەکی کاتی وا لە چاوەکان دەکات کەمتر فرمێسک بەرهەم بهێنن کە ئەمەش وا دەکات دووچاری ووشکبوونەوە ببن.
  • هەوکردن: کە ئەمە بەکەمی ڕوودەدات لەپاش ئەنجامدانی لەیزەر.
  • هەستیاربوون بە ڕووناکی.
  • جووت بینین: واتا کاتێک سەیری یەک شت دەکەیت بەڵام  چاو دوو وێنەی بۆ دروست دەکات و بە دووان دەبیندرێت . 

لە چی تەمەنێکەوە چارەخواز دەتوانێت لەیزەر ئەنجام بدات؟

بەشێوەیەکی گشتی دەکرێت لەسەروو تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەست بە ئەنجامدانی لەیزەر بکرێت، بەڵام هەندێکجار پزیشکان پێیان باشترە کە لەسەروو تەمەنی ٢٠ ساڵییەوە ئەنجام بدرێت تاکوو دەرئەنجامێکی باشتر دەستەبەر بکرێت.


سەرچاوەکان



882 بینین