زنجیرە درامای ئەرتوغرول (٢٠١٤)

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-05-07-21:40:00 - کۆدی بابەت: 8549
زنجیرە درامای ئەرتوغرول (٢٠١٤)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زنجیرە درامای ئەرتوغرول (بە عەرەبی: قيامة أرطغرل، بە تورکی Diriliş: Ertuğrulزنجیرەیەکی مێژوویی تورکییە باس لە ڕووداوەکانی سەدەی ۱۳ی زایینی دەکات، کە تێیدا ژیاننامەی ئەرتوغرولی کوڕی سولەیمان شا نمایشکراوە. لە نووسینی (موحەمەد بوزداغ) و لە دەرهێنانی (مەتین گونای)ـە، کە تێیدا سەرەتاکان و هۆکارەکانی دروستبوونی دەوڵەتی عوسمانی لە ژیاننامەی (ئەرتوغرولی کوڕی سولەیمان شا) سەرۆکی هۆزی (کایی) لە تورکەکانی ئۆگۆز و باوکی عوسمانی یەکەمی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی نمایشکراوە. ئەکتەری تورکی (ئینگین ئاڵتان دوزیەتان) ڕۆڵی سەرەکی ئەرتوغرولی بینیوە. زنجیرەکە لە ١٥٠ ئەڵقەی دوو سەعاتی پێکهاتووە، کە دابەش دەبێت بەسەر پێنج وەرزدا. زنجیرەکە نزیکەی سێ ملیار بینەری هەبووە لە جیهاندا و نمرەی ٨.٤/١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMDb تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان، هەروەها زنجیرەکە لە ٦٠ دەوڵەت پەخشکراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر ٢٥ زمانی جیاواز لە نێویشیاندا عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بە هەردوو شێوەزاری (بادینی و سۆرانی). یەکەم پەخشی زنجیرەکە لە کەناڵی TRT1 لە  ١٠/ ١٢/ ٢٠١٤ دەستیپێکردوە تاوەکوو  ٢٩/ ٥/ ٢٠١٩ کۆتا ئەڵقەی پەخشکراوە، پاشان لە چەندین کەناڵ و سایتی تر پەخشکراوەتەوە. مۆسیقای زنجیرەکە لەلایەن ئەڵپای گۆلتیکین ئامادەکراوە. ئەم زنجیرەیە سەرەتا لە گوندی (ڕیڤا) لەسەر دەریای ڕەش کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، کە گوندێکە دەکەوێتە ناوچەی بیکۆز لە شاری ئیستەنبووڵ لە تورکیا، لەم گوندەدا کێڵگەیەکی تایبەت هەیە بە بەخێوکردنی ئەسپ، کە لە وێنەگرتنی زنجیرەکەدا سوودی لێ وەرگیراوە، بەڵام وەرزی سێیەم و چوارەمی زنجیرەکە لە شاری نێڤشەهیر لە هەرێمی کاپادۆکیا لە تورکیا وێنە گیراوە. زنجیرەکە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە بە تایبەت لە ناو وڵاتی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و خەڵاتی پەپوولەی ئاڵتونی تورکی وەک باشترین زنجیرەی ساڵی ٢٠١٦ بەدەستهێناوە. هەروەها ئینگین ئاڵتان خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە ساڵی ٢٠١٩ لە دوبەی بەدەستهێناوە.

دیارترین ئەکتەرەکانی زنجیرەکە

  • ئینگین ئاڵتان دۆزیەتان لە ڕۆڵی ئەرتوغرول
  • ئیسڕا بیلگیچ لە ڕۆڵی سوڵتانە حەلیمەی خێزانی ئەرتوغرول
  • هولیا دارجان لە ڕۆڵی هایما خاتوونی (دایکی ئەرتوغرول)
  • سەردار گیۆکان لە ڕۆڵی سولەیمان شای (باوکی ئەرتوغرول)
  • کان تەشەنەر لە ڕۆڵی گۆندۆگدۆی برای ئەرتوغرول
  • دیدەم بالچین لە ڕۆڵی سلجان خاتوون
  • عوسمان سۆیکوت لە ڕۆڵی محیەدین ئیبن عەرەبی
  • جەنگیز جۆشکون لە ڕۆڵی تورگۆت ئەلب  
  • نورەدین سۆنمێز لە ڕۆڵی بامسی ئەلب
  • جاڤێت چێتین گونەر لە ڕۆڵی دۆگان ئەلب
  • جەلال لە ڕۆڵی عەبدول ڕەحمان غازی.

چیرۆکی زنجیرەکە

زنجیرەکە باس لە ئازایەتی، دووربینی و زیرەکی ئەرتوغرول دەکات، کە چۆن ڕۆڵی هەبووە لە ئاشتەوایی کردنی هەردوو دەوڵەتی سەلجووقی، ئەییوبی، بەرەنگاربوونەوەی مەغۆل، بێزەنتییەکان و سوارچاکانی کڵێسا، کە هەوڵی ئەوەیان دەدا کە هەردوو دەوڵەتەکە بە جەنگ بگەیەنن، دواتر وەرز وەرز تەوەرەی بەسەرھاتەکان دەگۆڕێت، لە بەرەنگاربوونەوەی مەغۆلەکان و گرتنی کۆمەڵێک ناوچەی دەوڵەتی بێزەنتییەکان دەسووڕێتەوە.

دەربارەی زنجیرەکە

وەرزی یەکەم

ڕووداوەکانی بەشی یەکەم زۆربەی لە نێوان ویلایەتی (حەلەب و ئەنتاکیا)دایە لە سەدەی ۱۳دا، لە سەردەمی ناکۆکی نێوان ئیمپڕاتۆریەتەکان لە ناوچەکەدا، لەو کاتەی کە هۆزەکانی تورکمان هاتن بۆ ناوچەکە، مەغۆلەکان و ڕۆمەکان لەسەر ناوچەکە شەڕیان دەکرد. دوای ئەو ناڕەحەتیانەی کە مەغۆل بەسەر هۆزی کایی هێنا، هۆزی کایی دەیناڵاند بەدەست هەژاری و سەرمای ساردی زستان و نەبوونی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەی خۆیاندا، بەو هۆیەوە هۆزی کایی کە لە ٤۰۰ چادر پێکهاتبوون، بە دوای زەویەکدا دەگەڕان کە بەئارامی لێی نیشتەجێ بن.

ئەرتوغرول دەچێت بۆ حەلەب، بە سووربوون و خۆڕاگری و زیرەکی بەرپرسی شاری حەلەب کە (عەزیز موحەمەدی کوڕی غازی ئەییوبی)ـە، ڕازی دەکات کە پارچەیەک زەوییان پێ ببەخشێت، ئەویش پارچەیەک زەوی سەر سنووریان لە ویلایەتی ئەنتاکیا پێ دەبەخشێت و هۆزەکەش لێی نیشتەجێ دەبن. دووبارە مەترسی ڕووی کردە هۆزی کایی لە زەوییە تازەکەیاندا، بە تایبەت لەو کاتەی کە ئەرتوغرول خێزانێکی موسڵمانی لەدەستی ڕۆمەکان ڕزگارکرد، دواتر دەرکەوت کە ئەو خێزانە لە ڕەچەڵەکی سوڵتانی سەلجووقین، کە دواتر ئەرتوغرول لەگەڵ کچەکەیاندا (سوڵتانە حەلیمە) هاوسەرگیری دەکات.  
پاشان ئەرتوغرول توشی چەندین کێشە و بەربەست دەبێتەوە بەهۆی ئەو خیانەتکارانەی کە لەناو حەلەب و لە هۆزی کاییدا هەبوون، بەڵام زۆر بە ئازایانە هەموو خیانەتکارەکان لەناو دەبات و بەسەر هەموو ئەو ناڕەحتیانەدا سەردەکەوێت.

وەرزی دووەم

لە وەرزی دووەمی زنجیرەکەدا هۆزی کایی کۆچ دەکات بۆ خاکێکی تر کە تێیدا نیشتەجێبن، بەڵام لە ڕێگەدا توشی هێرشی مەغۆلەکان دەبن بە سەرکردایەتی (نۆیان) کە لەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە لە خەڵکی هۆزەکە دەکوژرێن، پاشان هۆزی کایی پەنادەبەنە لای هۆزی دۆدۆرگا کە ئەم هۆزە سەرکردەکەی (کۆرکۆت)ە کە برای هایما خاتوونی دایکی ئەرتوغرولە. هەردوو هۆزەکە توشی ناڕەحەتی زۆر دەبن بەهۆی فێڵی ئایتۆلۆنی خێزانی کۆرکۆت و ئەمیری سەلجووقی (سەعدەدینی کۆبیک) و نۆیان. هەر لەم بەشەدا یاگیتی برای سوڵتانە حەلیمە لەلایەن (سەعدەدینی کۆبیک)وە دەکوژرێت. لە کۆتای ئەم وەرزەدا ڕا جیایی دروست دەبێت لە نێوان ئەرتوغرول و گۆندۆگدۆدا لەسەر سەرکردایەتی هۆزی کایی، بەم هۆیەوە هۆزەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو لایەندا، بەشێکیان بە سەرکردایەتی گۆندۆگدۆ لەگەڵ هۆزی دۆدۆرگا دەمێننەوە، ئەرتوغرول لەگەڵ کۆمەڵەکەی تر کە لە هەردوو هۆزەکە پێکهاتبوو دەڕۆن بە ئاڕاستەی سنووری ڕۆژئاوا نزیک بە زەویەکانی بێزەنتی لەوێ نیشتەجێ دەبن. 

وەرزی سێیەم

لە وەرزی سێیەمی زنجیرەکەدا ئەو بەشەی هۆزی کایی پیشان دەدات کە ئەرتوغرول ڕابەری دەکات، هۆزەکە جێگیر دەبن لە زەوییە تازەکەیاندا لەسەر سنووری نێوان دەوڵەتی سەلجووقی و دەوڵەتی بێزەنتیدا، کە لەم ناوچەیەدا دووچاری برسێتی و سەرمای زۆر دەبنەوە، پاشان بەربەرەکانی لە نێوان ئەرتوغرول و دەوڵەتی بێزەنتی دەستپێدەکات، ئەرتوغرول سەرکەوتوو دەبێت بەسەر بێزەنتیەکاندا و دەتوانێ بازاری ناوچەکە ئازاد بکات و دادپەروەری پەیڕەو بکات لە ناوچەکەدا و ببێتە ئەمیری هۆزەکانی ناوچەکە.  

وەرزی چوارەم

لە وەرزی چوارەمی زنجیرەکەدا ئەرتوغرول قەڵای کاراجا حەسار ئازاد دەکات. پاشان زنجیرەکە ئەو خیانەتانە نمایش دەکات کە لە کۆشکی سوڵتانی سەلجووقیدا ڕوودەدات وەک کوژرانی سوڵتان عەلائەدین (سوڵتانی سەلجووقی ئەنادۆڵ) بە ژەهر لەلایەن (مەهبری خاتوون) خێزانی یەکەمی سوڵتان بەهۆی ویستی بۆ دەسەڵات بۆ کوڕەکەی، بە یارمەتی ئەمیر سەعدەدینی کۆبیک، دواتریش خێزانی دووەمی سوڵتان و کوڕەکەی  بە فەرمانی مەهبری خاتوون دەکوژرێن. لە دوای کوژرانی سوڵتان، غیاسەدینی کوڕی مەهبری خاتوون دەبێتە سوڵتان، پاشان سەعدەدینی کۆبیک دووبارە خیانەت دەکات بۆ ئەوەی خۆی ببێت بە سوڵتان، بەو هۆیەوە سوڵتان غیاسەدین فەرمان دەکات کە ئەرتوغرول بە هاوکاری ئەمیر سیفاس ئەمیر سەعدەدین بکوژێت، بەم شێوەیە ئەمیر سەعدەدین لەلایەن ئەرتوغرولەوە دەکوژرێت. هەر لەم بەشەدا سوڵتانە حەلیمە دوای لەدایکبوونی عوسمانی کوڕی دەمرێت. دواتر ئەرتوغرول بە فەرمانی سوڵتان غیاسەدین دەچێت بۆ لای ئۆکتای خانی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل وەک نوێنەری دەوڵەتی سەلجووقی بۆ بەستنی ڕێکەوتن لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا بە مەرجی زیادکردنی باج لەلایەن دەوڵەتی سەلجووقیەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ.
 دوای مردنی لەناکاوی ئۆکتای خان ئەم ڕێکەوتنە هەڵدەوەشێتەوە لە لایەن کوڕەکەیەوە و فەرمان دەکات بە نۆیان بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەنادۆڵ.  
وەرزی چوارەمی زنجیرەکە کۆتایی دێت بە کۆچکردنی هۆزی کایی بۆ ناوچەی سۆگۆت.

وەرزی پێنجەم

لە وەرزی پێنجەمی زنجیرەکەدا ئەرتوغرول و هۆزەکەی لە ناوچەی سۆگۆت نیشتەجێ دەبن، ئەرتوغرول دەستبەکار دەبێت وەک ئەمیری هۆزەکانی ناوچەکە، خەڵکی سۆگۆت زیندوو دەکاتەوە و لە ستەمی مەغۆل دەیانپارێزێت، هەروەها مەسیحیەکانی خەڵکی سۆگۆت دێنە ژێر دەسەڵاتیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمێکی توندی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دادپەروەری و حەسانەوە بۆ چەوساوەکان بەرپا دەکات بۆ ماوەی زیاتر لە ۱۰ ساڵ. دواتر سلجان خاتوون و کوڕەکەی سولەیمان هەواڵ دەهێنن کە هۆزەکەی گۆندۆگدۆ (بەشەکەی تری هۆزی کایی) لەلایەن بیبۆلات (ئەلباستی) هێرشیان کراوەتە سەر بەهۆی نەدانی باج بە مەغۆلەکان. پاشان مەغۆل دەستیان گرت بەسەر ناوچەکە و هۆزی کاییدا بە سەرکردایەتی ئیلینجاک، هەروەها نازناوی ئەمیری هۆزەکانی دا بە بیبۆلات کە سەر بە هۆزی ئۆمۆرە. هەروەها سولەیمانی کوڕی گۆندۆگدۆ لەلایەن بیبۆلاتەوە دەکوژرێت. دواتر ئەرتوغرول بەسەر مەغۆلەکاندا سەردەکەوێت و نازناوەکە وەردەگرێتەوە. هەر لەم بەشەدا دراگۆس وەک زەنگ لێدەری کڵێسا دەردەکەوێت، کە سەرۆکی ڕێکخراوێکی نهێنی خاچ پەرستە، کە ئامانجیان لەناوبردنی ئەرتوغرول و هۆزی کایی و گێڕانەوەی خاکی سۆگۆتە. دواتر ئەرتوغرول دەچێت بۆ لای بەرەکە خان و بۆ شەڕێکی گەورە دژی داگیرکاری مەغۆلەکان ڕێکدەکەون. لە کۆتا ئەڵقەدا ئەرتوغرول دەگەڕێتەوە بۆ ناو هۆزەکەی و  هاوسەرگیری لەگەڵ ئیلیبێلگی خاتوون دەکات. پاشان لەگەڵ سەربازەکانیدا دەردەچن بۆ شەڕکردن دژی مەغۆل و یەکخستنی جیهانی ئیسلامی.


سەرچاوەکان



1142 بینین