ئێرلەندا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-08-00:00:00 - کۆدی بابەت: 8568
ئێرلەندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئێرلەندا یان کۆماری ئێرلەندا (بە ئینگلیزی: Ireland، بە ئێرلەندی: Éireann یان Éire، بە عەرەبی: أيرلندا) دوورگە و دەوڵەتێکی سەربەخۆیە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای کیشوەری ئەورووپا و باکووری زەریای ئەتڵەسی، هەروەها دەکەوێتە ڕۆژاوای وڵاتی بەریتانیا کە دەریای ئێرلەندی لە بەریتانیا و کیشوەری ئەورووپای جیادەکاتەوە. 

زانیاری گشتی

هەروەها ناسراوە بە دەوڵەتی سەربەخۆی ئێرلەندی
سەروەزیران میکایڵ مارتن
پایتەخت دەبڵین
ژمارەی دانیشتوان ٤،٩٩٥،٠٠٠
سەرۆک مایکڵ دانیال هیگینز
پێکهێنانی حکوومەت کۆماری فرە حیزبی یەکگرتوو لەگەڵ دوو ئەنجومەنی یاسادانان (ئەنجومەنی پیران، ئەنجومەنی نوێنەران)
زمانی فەرمی ئێرلەندی، ئینگلیزی
ئایینی فەرمی نییە، بەڵام زۆرینەیان کاسۆلیکن
ڕووبەری گشتی ٧٠،٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە
دراو یۆرۆ (€)
دانیشتوانی شار و لادێ شار ٦٢.٧٪، لادێ ٣٧.٣٪
خوێندەواری ١٠٠٪
ڕۆژی نیشتیمانی ١٧/٣
ڕۆژی سەربەخۆیی لە بەریتانیا ٦/١٢/١٩٢١
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٣٥٣+
بەرزترین لوتکە کاراونتووڵ ١،٠٣٩ مەتر
نزمترین خاڵ سلۆبی باکوور -٣ مەتر

جوگرافیای ئێرلەندا 

ئێرلەندا دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی ٥١-٥٥ پلە لە باکوور. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانی وڵاتەکە زەویەکی نزمە بە زنجیرە چیایەکی کەناراوی دەورەی دراوە، بەرزترین چیای کاراونتووڵە هەروەها کەناراوی سلۆبی باکوور نزمترین خاڵی وڵاتەکەیە. ژمارەیەک لە دەریاچەی گەورە بەدرێژایی ڕووبارەکانی ئێرلەندا دەڕۆن، لۆک نەی گەورەترین ڕووبارە کە دەکەوێتە باکووری ئێرلەندا. هەروەها دوورگەکە لەلایەن ڕووباری شانۆن دەبێت بە دوو بەشەوە کە درێژترین ڕووباری وڵاتی ئێرلەندایە و درێژییەکەی ٣٦٠ کیلۆمەترە لە باکووری وڵاتەکەوە بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە. کۆی گشتی ڕووبەری ئێرلەندا ٨٤٫٥٠٠ کیلۆمەتر دووجایە کە ١٤٫۰۰۰ ـی ئێرلەندای باکوورە بە خاکی بەریتانیا دادەنرێت. ژمارەیەکی بێشومار دوورگەی بچووک کەناراوەکانی ئێرلەندایان داگیرکردووە لە هەندێکیان تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم خەڵکیان تێدا نیشتەجێ بووە.

کەشوهەوا 

ئێرلەندا کەشوهەوایەکی زەریایی سارد و شێداری هەیە، بە درێژایی ساڵ هەور و باراناوییە، ڕۆژانە و ساڵانە پلەی گەرما نزمە، بەرزی پلەی گەرمای هاوین و  سەرمای زۆری زستان دەگمەنن. بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرمای ساڵانە ۱۰ پلەی سیلیزییە، پلەی گەرمای مانگانە ٤ پلەی سیلیزییە لە مانگی یەکدا و ١٦ پلەی سیلیزییە لە مانگی تەمووز ـدا، بەرزترین و نزمترین پلەی گەرما لە سەدەی بیستەمدا تۆمارکراون بەرزترین پلەی گەرما ٣٢.٥ پلەی سیلیزی بووە و نزمترین پلەی گەرما -١٨.٨ پلەی سیلیزی بووە. زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە لەسەر زەوییە بەرزەکان و نزیک کەناراوەکان ڕوودەدات، لە کاتێکدا تا بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات بڕۆین باران بارین کەمدەبێتەوە، بە شێوەیەکی گشتی تێکڕای ڕێژەی باران بارینی ساڵانە ١٢٣٠ میلیمەترە و لە ناوچە بەرزەکان کۆی گشتی باران بارینی ساڵانەی ٣٠٠٠ میلیمەترە، وشکترین وەرزەکانی ساڵ بەهار و هاوینن کە تێکڕای باران بارین ٢٦٠ میلیمەترە. بە شێوەیەکی گشتی ساڵانە ١١٠٠ بۆ ١٦٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر لە وڵاتەکە دەدات، ڕۆژانە پێنج بۆ شەش کاتژمێر تیشکی خۆر لە زۆربەی شارەکانی ئێرلەندا دەردەکەوێت، مانگی کانوونی یەکەم به تاریکترین مانگی ساڵ دادەنرێت کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی گشتی یەک کاتژمێر تیشکی خۆر باکووری وڵاتەکە و دوو کاتژمێر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەردەکەوێت. کانوونی دووەم و شوبات ئەو دوو مانگەن کە تێیدا بەفر زۆر دەبارێت بە شێوەیەکی گشتی بەفر بارین لە ئێرلەندا بۆ ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بە زەویەوە دەمێنێتەوە.

مێژووی ئێرلەندا 

ئێرلەندا بە چەندین سەردەمی جیاجیادا تێپەڕیووە. مێژووناسان یەکەم جێگیربوونی مرۆڤی لە ئێرلەندا گەڕاندوەتەوە بۆ ١٠،٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، نزیکەی ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایینی جوتیارەکان گەیشتونەتە ئێرلەندا. هەروەها جەنگاوەرانی سەردەمی ئاسن کە بە سلێتەکان ناسراون لە خاکی ئەورووپاوە هاتن بۆ ئێرلەندا، سلێتەکان کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئێرلەندا هەبوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسانە بەناوبانگەکانی ئێرلەندا لە چیرۆکی جەنگاوەرە سلێتەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە، یەکەم زمانی فەرمی ئێرلەندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە و زمانی ئێرلەندی لە سلێتەکانەوە وەرگیراوە. 

لە دوای گەیشتنی سەینت پاتریکی قەشە و نێردراوە مەسیحییەکانی تر لە سەرەتای سەدەی پێنجەمەوە، مەسیحییەت دەستی بەسەر ئایینی بتپەرستیدا گرت تا ساڵی ٦۰۰ـی زایینی. زانستخوازانی ئێرلەندی مەسیحی لە سەرانسەری ئێرلەندا سەریان هەڵدا، هونەرەکانی دەستنووس، کاری کانزایی و پەیکەرتاشی سەریان هەڵدا، هەروەها کتێبی کیڵس و خشڵ و گەوهەری ڕازاندنەوەیان بەرهەمهێناوە لەگەڵ چەندین بەردی هەڵکۆڵدراو کە هێشتا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەبیندرێت.

لە کۆتاییەکانی سەدەی هەشتەمدا ڤایکینگەکانی ئەسکەندەناڤیا دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئێرلەندا کرد، لە کۆتاییدا سلێتەکانی ئێرلەندا توانیان خۆیان یەکبخەنەوە و لە ساڵی ١٠١٤ بە سەرۆکایەتی پاشا "برایان بۆرو" توانیان لە جەنگێکدا بەسەر ڤایکینگەکاندا سەربکەون، هەرچەندە ڤایکینگەکان لە ئێرلەندا تێکشکان بەڵام جێ دەستیان لە وڵاتەکە دیارە بە دامەزراندنی یەکەم شاری ئێرلەندا کە دەبڵین بوو، هەروەها شاری واتەفۆرد و لیمریک ـیشیان دامەزراند. 

لە نێوان ساڵانی ١٨٤٥ بۆ ١٨٤٩ قاتوقڕییەکی گەورە بە ناوی "برسێتییە گەورەکە" ڕووی لە ئێرلەندا کرد بە ئەندازەیەک گەورەترین کارەسات بوو کە بەتەواوەتی کاری کردە سەر مێژووی ئێرلەندا، قاتوقڕیەکە بەهۆی قارچکەوە ڕووی دا کە بەبێ مەبەست لە ئەمریکای باکوورەوە هێنرایە خاکی ئەورووپا لە هاوینی ساڵی ١٨٤٥ ڕووی لە ئێرلەندا کرد، ئەوەش نائاسایی بوو کە کشتوکاڵی دانەوێڵە سەرنەدەکەوت، هەشت ملیۆن خەڵکی ئێرلەندی نەیاندەزانی ئەم قاتوقڕیە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت ئەم کارەساتەش بووە هۆی مردن و کۆچکردنی ‌ملیۆنان کەس.

جەنگی سەربەخۆیی 

جەنگی سەربەخۆیی ئێرلەندا جەنگێکی پارتیزانی سوپای ئێرلەندا بوو لە دژی بەریتانیا کە لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٩ تا ١١ـی تەمووزی ساڵی ١٩٢١ بەردەوام بوو، یەکێک لە سەرکردە سەرەکییەکانی ئەم جەنگە مایکڵ کۆلینز بوو، لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢١ ڕێکەوتننامەیەک بە ناوی ئەنگلۆ ئێرلەندی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرلەندا و بەریتانیاوە ئیمزاکرا کە کۆتایی بە جەنگی سەربەخۆی ئێرلەندا هێنا، لە کۆتاییدا بە پێی ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەکە سەربەخۆیی بە ئێرلەندا درا. 

هەندێک لە گرنگترین خاڵەکانی ڕێکەوتننامەکە: 

  • کشانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە ئێرلەندا. 
  • دابەشکردنی خاکی ئێرلەندا بۆ دوو بەش و دانانی سنوور بۆ ئێرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندا کە ئێرلەندای باکوور بەشێک دەبێت لە خاکی بەریتانیا. 
  • دەسەڵاتی بەڕێوبردنی کۆماری ئێرلەندا درا بە پاشا و لەلایەن پارێزگاری گشتیەوە نوێنەرایەتی کرا. 
  • بەریتانیا بۆ ئاسایشی خۆی لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەمدا بەردەوام بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەیەکی سنووردار لە بەندەرەکان بە پێی ڕێکەوتننامایەک کە ناسراوە بە "ڕێکەوتننامەی بەندەرەکان" بۆ هێزی دەریایی شاهانە. 
  • دەوڵەتی سەربەخۆی ئێرلەندا بەرپرسیاریەتی بەشێکی گونجاوی قەرزەکانی بەریتانیا لە ئەستۆ دەگرێت.

دەوڵەتی ئێرلەندا لە پاش ڕێکەوتننامەکە سەربەخۆیی لەلایەن بەریتانیاوە وەرگرت، دەوڵەتی ئێرلەندای کۆماری ڕۆژی سەربەخۆیی هەیە هەرچەندە بە فەرمی دانیپێدا نەنراوە ئەویش ٦ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢١. 

جەنگی ناوخۆیی ئێرلەندا 

ئەو ململانێیە بوو دوابەدوای جەنگی سەربەخۆیی جەنگی ناوخۆش لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ئێرلەندا سەری هەڵدا، (لە ٢٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٢ بۆ ٢٤ـی ئایاری ساڵی ١٩٢٣) جەنگی ناوخۆ لە نێوان دوو گروپی دژ بە یەکدا بەرپابوو لە دژی ڕێککەوتن نامەی ئەنگلۆ ئێرلەندی، دەوڵەتی سەربەخۆی ئێرلەندی و دژە ڕێککەوتن نامەکە، دەوڵەتی سەربەخۆی ئێرلەندی براوە بوون بە یارمەتی سوپای بەریتانیا و سودیان لە بڕێکی باش لەو چەکانە وەرگرت کە بۆیان دابینکرابوو.

ئابووریی ئێرلەندا 

ئێرلەندا بە یەکێک لە وڵاتە سەرمایەدارەکان دادەنرێت و ڕیزبەندی پێنجەمی لە نێوان ١٠ وڵاتی سەرمایەداردا گرتووە، ئێرلەندا خاوەن ئابوورییەکی تێکەڵە و یاسا و دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، هەروەها خێراترین وڵاتی گەشەسەندووی ئابووری ساڵی ٢٠٢١ بوو لە یەکێتی ئەورووپا. کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتیاری، پیشەسازی بازرگانی و ڕاوەماسی لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پێکهێنانی داهاتی ئێرلەندان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دوو هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکەی ئێرلەندان. ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمە دروستکراوەکانیان هەناردە دەکەن وەک ئامێرە کارەباییەکان، بەرهەمە کیمیاییەکان، جلوبەرگ و خواردنەوەکان، هاوردەکانیشیان بریتین لە ماددە کیمیاییەکان، نەوت و بەرهەمەکانی و بەرهەمە خۆراکییەکان.

گەشتوگوزار لە ئێرلەندا 

گەشتیاری لە وڵاتی ئێرلەندا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پێکهێنانی داهات، داهاتی ساڵانەی ٤١٦٠ ملیۆن دۆلارە بەمەش داهاتێکی باش بۆ وڵات دەستەبەر دەکات و دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئێرلەندا دەکەن لە وڵاتانی بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەڕەنساوە دێن.


سەرچاوەکان



1495 بینین