ئیسلام ئاباد

له‌لایه‌ن: - سەنا محێدین - به‌روار: 2022-05-09-21:30:00 - کۆدی بابەت: 8580
ئیسلام ئاباد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیسلام ئاباد (بە ئینگلیزی: islamabad, بە عەرەبی: اسلام اباد) پایتەختی وڵاتی پاکستانە و دەکەوێتە دەشتی بوتوهار لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، بەرزی لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٦٠٠ مەتر دەبێت و ڕووبەرەکەی ٩٠٦ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٩٥٥ هەزار کەسە، شارەکە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا وەکو پایتەختی وڵاتی پاکستان هەڵبژێردرا، لەو سەردەمەدا دەستکرا بە نەخشەکێشان و بنیاتنانی و لە ساڵی ١٩٦٧ تەواوکرا و وەکوو پایتەختی فەرمی وڵات ڕاگەیەنرا، ئیسلام ئاباد لە چوار ناوچەی سەرەکی پێکدێت لەڕووی بەڕێوەبردن، سیاسی، بازرگانی و نیشتەجێبوون، ناوچەی بەڕێوەبردن دەکەوێتە باکووری شارەکە و زۆرینەی پێکدێت لە بینای حکوومی و ڕۆشنبیری، هەروەها بینای کۆمەڵەی نیشتیمانی و ماڵی سەرکۆمار، ناوچەی سیاسی دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژهەڵات و هەمووی پێکدێت لە باڵوێزخانەی وڵاتانی بیانی، بەڵام ناوچەی بازرگانی دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و ناوچەی نیشتەجێبوونیش دابەش دەکرێت بەسەر چەند بەشێکدا و ڕووبەری هەر بەشێکی سێ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەموو بەشێکی سەربەخۆییەکی ڕێژەیی هەیە و ناوچەی بازرگانی، تەندروستی، قوتابخانە و مزگەوتی تایبەت بە خۆی ھەیە، زۆربەی خەڵکی ئیسلام ئاباد کاری حکوومی دەکەن و حکوومەتیش بەپێی پلەی کارکردنیان شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین دەکات، بەڵام ئەو کەسانەی کە لە کەرتی حکوومی کار ناکەن زۆربەیان لە شاری روالبەندی نزیک پایتەخت دەژین چونکە لە شاری ئیسلام ئاباد شوێنی نیشتەجێبوونیان بە سەختی دەست دەکەوێت.

ناوەکەی

ناوی ئیسلام ئاباد لە دوو بڕگە پێکهاتووە وشەیەکی عەرەبی (ئیسلام) کە ئاماژەیە بە ئایینی زۆرینە و (ئاباد) کە وشەیەکی فارسییە واتە شوێنێکی ئاوەدان یان شار.

مێژوو

لە سەربەخۆیی پاکستانەوە هەتا ساڵی ١٩٥٨ شاری کراتشی پایتەختی وڵاتی پاکستان بوو، بەڵام چڕبوونەوەی وەبەرھێنان و گەشەکردن لەو ناوچەیەدا نیگەرانی دروستکرد و بڕیاریاندا بە دروستکردنی پایتەختێکی نوێ لە ناوچەیەکی تر، ئەوەش لە ساڵی ١٩٥٨ و لە سەردەمی سەرۆکایەتی سەرۆکی پاکستانی ئەیوب خاندا ئەنجامدرا هەروەها ناوچەی روالبەندی باکووری وڵاتی وەک پایتەختی هەمیشەیی هەڵبژێردرا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شاری روالبەندی ببێتە پایتەختێکی کاتی، کارکردن لە دروستکردنی پایتەختە نوێیەکە لە ساڵی شەستەکان دەستی پێکرد بە گواستنەوەی هەندێک گوند کە زیاتر لە سەدان ساڵ لەو ناوچەیەدا بوون کە ئیسلام ئابادی لێ دروستکرا و خەڵکی گوندەکان ڕەتیان کردەوە کە ناوچەکانیان جێبهێڵن بۆیە بە زەبری هێز گواسترانەوە، پاشان دەستکرا بە جێبەجێکردنی ئەو نەخشەی کە نەخشەکێشی شارەکان (کۆنستانتینوس دۆکسیادیسی یۆنانی) کێشابووی بەشێوەی بەش بەش کە هەر بەشێکی دابەش دەبێت بۆ چوار بەشی لاوەکی کە بە پشتوێنەی سەوزایی و باخچە لەیەک جیاکراونەتەوە، دۆکسیادیس ناوچە سەوزایی و کراوەکانی زیاتر کرد، لە ساڵی ١٩٦٧ پایتەختی وڵات بەشێوەیەکی فەرمی گواسترایەوە لە روالبەندییەوە بۆ ئیسلام ئاباد و شارەکە دابەشکرا بۆ ناوچەی گوندی و شاری، ناوچە شارییەکان لەلایەن ئەنجومەنی بەرەوەپێشبردنی بەرهەمە گوندییەکان بەڕێوەدەبرا لە کاتێکدا دابەش دەکرا بۆ ١٢ بەش بەسەر ئەنجوومەنی یەکگرتوودا و ١٢ لەو ئەنجوومەنانە یەکێتی ئەوروپا و ئەنجوومەنی کورال کە گەورەترین و کۆنترینە لەو یەکێتییە دا.
ئیسلام ئاباد لە سەرەتای دروست بوونییەوە بنیاتنان و گەشەکردنێکی هێواشی بەخۆیەوە بینی هەتا ساڵی هەشتاکان کە حکوومەت بەتەواوی گواسترایەوە بۆ شارەکە، لەو کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی ٢٥٠ هەزار کەس بوو بەڵام لەساڵی حەفتاکاندا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا لە ژمارەی دانیشتواندا و دەستکرا بە دروستکردنی بەشی تازە بۆ شارەکە و لە ٨ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٥ بومەلەرزەیەک لە باکووری پاکستان ڕوویدا کە گاریگەری لەسەر ئیسلام ئابادیش هەبوو، بووە هۆی وێرانکاری و ڕووخانی باڵەخانەکانی مارجالا کە دەکەوێتە ناوچەی ١٠ـی شارەکە، بەڵام توێژینەوەکانی دواتر ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ماددەکانی کە لە دروستکردنی باڵەخانەکاندا بەکارهاتوون لە خوار ئاستی داواکراوەوە بوون.

گرنگترین ئەو شارانەی نزیکن لە ئیسلام ئاباد

ئیسلام ئاباد دەورەدراوە بە کۆمەڵێک لە گرنگترین و سەرەکیترین شارەکانی پاکستان وەکوو کشمیر، خۆشاب، بیشاور و شاری تریش.

دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی شارەکە دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک کەس کە بە زمانی ئوردو و ئینگلیزی قسە دەکەن.

شوێنە گەشتیارییەکانی

لە دیارترین شوێنەکانی ئیسلام ئاباد مزگەوتی فەیسەڵە، کە لە گەورەترین مزگەوتەکانی وڵاتەکەیە، لەسەر ئەرکی پاشای سعودی فەیسەڵی کوڕی بن عەبدولعەزیز دروستکراوە.

لە دیارترین ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکە مۆزەخانەی نیشتیمانی، مۆزەخانەی مێژوویی سروشتی، مۆزەخانەی ئیسلام ئاباد، مۆزەخانەی تاکسێلا و بەرزاییەکانی مری کە ناوچە سەوزاییەکانی تێدایە.


سەرچاوەکان



426 بینین